نوێنه‌رایه‌تی حیزبه‌ كوردستانییه‌كان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات

مالمۆکورد

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 20 / 10 / 2014 نوێنه‌رایه‌تی حیزبه‌ كوردستانییه‌كان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانی كردو، سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان و چه‌ند پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی گفتوگۆیانكرد.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، شاندێكی نوێنه‌رایه‌تی حیزبه‌ كوردستانییه‌كان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان كه‌ نوێنه‌رایه‌تی 43 حیزب و لایه‌نی هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان ده‌كات،‌ پێكهاتبوو له‌ به‌ڕێزان ( غه‌فوور مه‌خمووری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK ، رۆمیۆ هه‌كاری سكرتێری حزبی دیموكراتی بێت نه‌هرێن، خدر روسی سكرتێری بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی گه‌لی كوردستان، یاسین كۆبانی نوێنه‌ری پارتی یه‌كێتی دیموكراتی PYD ، ئیبراهیم زێوه‌یی نوێنه‌ری حزبی دیموكراتی كوردستان، شیلان ئه‌مین ئۆغلو نوێنه‌ری پارتی ئاشتی و دیموكراتی BDP ، دڵشاد چاوشلی سكرتێری پارتی دیموكراتی توركمانی كوردستان، د. عه‌بدوڵڵا وه‌رتی نوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان، حسه‌ن مسته‌فا نوێنه‌ری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان )، سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان _یان كردو، به‌گه‌رمی له‌لایه‌ن به‌ڕێز د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازییان لێكرا، لەسەرەتای دانیشتنەکەدا، غەفوور مەخمووری بە نوێنەرایەتی شاندی میوان، سوپاسی پەرلەمانی کوردستانی کرد، کە لە مەسەلەی (کۆبانێ) نەتەوەییانە و نیشتمانییانە مامەڵەیان کردووە، هیوای خواست لەمەسەلە نەتەوەییەکانی دیكه‌ی میللەتەکەماندا، ئەم تەبایی و گیانی یەک تیمییە لە پەرلەماندا ببینن و، وتی: ( دەستخۆشی لە پەرلەمانی كوردستان دەكه‌ین بۆ ئەو بڕیارەی داویانە سەبارەت بەفەرمی مامەڵەكردن لەگەڵ خواستی خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان, كە ئەوە یەكێك بووە لە داخوازییەكانی ئێمەی لایەنە سیاسییەكان كە لە كۆبوونەوەی خۆماندا لە 29 / 9 / 2014 داوامان كردبوو هەرسێ‌ سەرۆكایەتی كوردستان مامەڵەی فەرمی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان بكەن, هیوادارین به‌دواداچوون هه‌بێت بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە.)، مه‌خمووری ئه‌وه‌شی وت: ( ئێستا كاتی یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگییه‌و كاتی دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ ناكۆكی و ململانێ حزبییه‌كانی، ئێمە لەپێناو یەكریِزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان لە كارو خەباتی خۆماندا بەردەوام دەبین و داوا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و هەموو لایەك دەكەین هاوكارو پشتیوانمان بن بۆ هێنانەدی یەكێتی و یەكدەنگی گه‌لی كوردستان, لەو پێناوەشدا داوا دەكەین هاوكارمان بن بۆئه‌وه‌ی بەزووترین كات كۆنگرەی نەتەوەیی وەكو چەترێكی هاوبەش بۆ هەموو لایەنەكان ببەسترێت.).
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمان، دوای بەخێرهاتنكردنی شاندی میوان، دەستخۆشی لەم هەوڵە کرد، کە نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکانی پارچەکانی کوردستان لە کۆمیتەیەکی وادا کۆبوونەتەوە، لەبارەی بڕیارەکەی پەرلەمانی کوردستانیش بۆ کۆبانێ، سەرۆکی پەرلەمان وتی: ( ئەوە ئەرکێکی نەتەوەییە، کۆبانێ بۆ ئێمە گرنگە، پێویستە هەموومان پشتگیریی شەڕڤانانی خۆرئاوا بکەین بۆ سەرکەوتیان بەسەر تیرۆرستاندا، له‌به‌رئه‌وه‌ی شەڕڤانان لە پاراستنی کۆبانێ سەری هەموو کوردییان بەرزکردووە.)، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وتی: ( ئێستا کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان پێویستی بەکرانەوەو گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتری هەیە، کاتی ئەوەیە جیاوازییە حیزبییەکانمان وەلا بنێین و تەنها خەمی ئازادی و دیموکراسی کۆمان بکاتەوە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردووشدا کاتێ کۆبانێ کەوتە بەر هەڕەشەی داگیرکاری تیرۆرستان، ئەو تەباییەمان لەلایەن سەرجەم هاوڵاتییانی کوردەوە لە هەموو پارچەکانی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە هەندەرانەوە بینی، بۆیە ئێستا کاتی یەکبوونی نەتەوەیی و نیشتمانییە.).
دواتر نوێنه‌رانی باكوور و رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و پێكهاته‌كانی كوردستان كه‌ ئه‌ندامی شانده‌كه‌ بوون سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند پرسێك روانینی خۆیان خسته‌ڕوو، هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا چه‌ند پرس و مژارێكی دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی باسیان لێوه‌ كرا.

به‌روار:  21/10/2014
933   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   941
کۆی سه‌ردان:   29235449