خۆپیشاندەرانی کورد تیرۆریست و هه‌رچی و په‌رچی و رێگرن

ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا، داوای‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌ سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی پارتی گه‌لانی دیموكراتی ده‌كات و كوردانی خۆپیشانده‌ریش له‌ باكوری‌ كوردستان به‌ "تیرۆریست و هه‌رچی و په‌رچی و رێگر" ناوده‌بات.
به‌هۆی‌ پشتیوانی توركیا له‌ چه‌كدارانی داعش له‌ په‌لاماره‌كانیان بۆ سه‌ر كۆبانی، كوردانی باكوری‌ كوردستان له‌ چه‌ندین شاری‌ توركیاو باكور ده‌ستیانكرد به‌ خۆپیشاندان.
ئه‌مڕۆ ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له‌ وته‌یه‌كیدا كه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی‌ چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك له‌ ویلایه‌تی ئه‌ماسیای‌ توركیا پێشكه‌شیكردوه‌، وتویه‌تی: حكومه‌ت رێگه‌ به‌ رێگر و تیرۆریستان و هه‌رچی و په‌رچیه‌كان نادات ده‌ستبگرن به‌سه‌ر هیچ كۆڵان و گوندو شارێكی توركیا.
ئه‌وه‌شی وتوه‌: ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌ كه‌مال كلیچدار ئۆغڵو، سه‌رۆكی پارتی گه‌لی‌ كۆماری‌ و سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش، سه‌رۆكی پارتی گه‌لانی دیموكراتی بكرێت له‌گه‌ڵ شوێنكه‌وته‌كانیان، چونكه‌ ئه‌وانه‌ سیاسه‌تی پشتی‌ ده‌مامك ده‌كه‌ن و پاڵ به‌ تێكده‌رانه‌وه‌ ده‌نێن بڕژێنه‌ شه‌قامه‌كان.
وه‌ك ئاماژه‌ به‌ پارتی ئاشتی و دیموكراتی (به‌ده‌په‌)ی‌ پێشو كه‌ ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی بو، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا وتویه‌تی: ده‌مامكی ئه‌وانه‌ كه‌وت كه‌ حیزبه‌كه‌یان ناونا پارتی ئاشتی‌ و دیموكراتی، ئێستاش خه‌ڵك بۆ توندوتیژی‌ بانگ ده‌كه‌ن.
قسه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌لایه‌ن پۆليس و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ زیاتر له‌ 35 هاوڵاتی كورد شه‌هیدكراون و سه‌ده‌های‌ تر برینداركراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی زیاتر له‌ هه‌زار كه‌س.
سبەی
به‌روار:  19/10/2014
668   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   937
کۆی سه‌ردان:   29264250