قەسیدەی نیشتمان
قەسیدەی نیشتمان
نامۆبوونی من ئەو ڕۆژە دەستی پێنەکرد کە سەفەرم کرد، بەڵکو ئەو ڕۆژە دەستی پێکرد کە « قەسیدەی نیشتمان»ـم نوسی، لەگەڵ قەسیدەی نیشتماندا دوا چەتری گەورە و ئەفسانەیی لە ژیانی مندا کۆتاییهات کە نیشتمانە. لە نێوان چەمکی نیشتمان لای شاعیر و چەمکی نیشتمان لای سیاسیدا جیاوازییەکی ئێجگار گەورە هەیە، شیعری کوردی بەر لە ساڵانی نەوەد هەمان وێنەی سیاسییانەی بۆ نیشتمان دووپات دەکردەوە.

لە شیعری پێشووتردا نیشتمان ئەو هەوار و مێرگ و کانییەیە کە تینوێتی مرۆڤ دەشکێنێت و خاڵی کۆتایی دەخاتە بەردەم غوربەتی مرۆڤ، بەڵام بۆ من وانەبوو، غوربەتی ڕاستەقینەی من لە نیشتمانەوە دەستی پێکرد. لای ئەوان نیشتمان کۆتایی غوربەت بوو، بۆ من نیشتمان لانکەی غوربەت بوو. ئەوە سەرەتای بڕیاری تەنهایی بوو، ئەوە خۆشبەختییەکی گەورەیە مرۆڤ لە نیشتماندا ئەو ئامێزە گەرمە ببینێتەوە، من قەت لە ژیانمدا هەستم بەو ئامێزە گەرمە نەکردووە، هەموو ئەوانە زۆر خۆشبەختن دایکی نیشتمانیان هەیە، کە ئامێزی گەرمی نیشتمانیان هەیە، کە هەستییان بەو سۆزە کردووە.

نیشتمان لای شاعیرانی پێشتر لانکەی شێران بوو، من هەموو ژیانم بەخیلیم بە شاعیرانی وەک پیرەمێرد و گۆران و بێکەس و قانع و شاعیرانی ساڵانی حەفتا بردووە، وێنەی نیشتمان لای ئەوان نیشتمانێکی موبارەکە، بەڵام من لەگەڵ هەرەسی ساڵی حەفتاوپێنجدا چاوم کردەوە، نیشتمان لای من لانکەی شێران نەبوو، بەڵکو پیاوێکی بریندار و بەزیو بوو، شوێنێک بوو پڕ لە ترس، پڕ لە خۆفرۆشتن و درۆکردن، پڕ لە پیاو و ژنی دڵڕەق، پڕ لە کوشتن و کینە.

لە قەسیدەی نیشتماندا هەموو ئەو شتانەم نوسی کە وەک گەنجێک هەستم پێدەکرد، بە کورتی من نیشتمانم بە شێوازی تایبەتی خۆم خۆشویست، شەرمیشم نەکردووە لە زۆر کاتدا بڵێم شایستەی ئەو خۆشەویستییە نییە.

"بەختیار عەلی"
بە سەرسامی لەناو وێرانەدا
به‌روار:  24/04/2024
129   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   440
کۆی سه‌ردان:   29300793