پێویستە ئەو هێرش و هەڵمەتە چەواشاكارییانە بوەستێندرێن كە دەكرێنە سەر یەكێتی
مالمۆکورد
ڕۆژی شەممە 27ی ئەیلولی 2014 بەسەرپەرەشتی هەڤاڵ عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی، بە میوانداریكردنی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و فراكسیۆنەكانی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆك ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە شاری سلێمانی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی كۆبونەوەی ئاسایی مانگانەی خۆی ئەنجامدا.

سەرەتای كۆبونەوەكە لەلایەن هەڤاڵ عادل موراد وە بە دەستپێكی رێزگرتن لە سەروەرانی نیشتیمان دەستی پێكرد ، بە پێی كارنامەی كۆبونەوەكە سەرەتا هەڤاڵ عادل موراد تیشكی خستە سەر دواین گۆرانكاری پێشهاتە سیاسیەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، بەناوی ئەنجومەنی ناوەندیەوە بەخێرهاتنی وەفدی میوانی كرد كە پێكهاتبوون لە هەڤاڵان حاكم قادر حەمە جان و لەتیف شێخ عومەر ئەندامانی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە پارێزگای سلێمانی  و رێباز بیركۆتی ئەندامی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی لە پارێزگای هەولێر و سەرۆك و ئەندامانی فراكسیۆنەكانی یەكێتی لە هەر سێ ئەنجومەنەكە ، میواندریكردنیان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ناوەندی بە گرنگ وەسف كرد و لەوبارەوە هەڤاڵ عادل موراد وتی: هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی پێویست دەكات ئاگاداری سەرجەم ووردەكاریی و ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی سلێمانی و تاك رەوی لە پێكهێنانی حكومەتی خۆ جێی پارێزگای هەولێر و دهۆك بن و راو سەرەنجی خۆمانتان پێ رادەگەیەنین.

هەڤاڵ عادل موراد ئاماژەی بۆ ئەوەكرد بۆ دەربازبوون لە قەیرانی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی هەر سێ پارێزگاكە ، دوو رێگەمان لەبەردەمدایە، یەكەمیان ئەوەیە كە دەبێت بەرێگەی گفتوگۆ و دانوستان سەرجەم كێشەكان چارەسەربكەین كە هەر ئەوەیش زامنی سەركەوتنی هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكان و میللەتەكەمانە ، لایەنی دەوەمیشیان بچرانی پەیوەندیەكانە كە ئێمە وەك یەكێتی هەرگیز خوازیاری ئەوە نین و هەمیشە ئەو رێگەیەمان گرتوەتەبەر كە كێشەكان بەرێگەی گفتوگۆ و لێك تێگەیشتن چارەسەر بكەین .
هەروەها ئاماژەی بۆ سیاسەتی واقیعبینانە و دوربینی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كرد لەو گۆرانكاری و پێشهاتە سیاسیانەی كە هاتونەتە پێشەوە ، لای هەموو خەڵك و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەركەوت كە لەماوەی ساڵانی رابردوو وە بەتایبەتیش 8 مانگی رابردودا كە سیاسەتی كێ سەركەوتنی بەدەست هێناوە؟ هەموو ئەو هۆشیارییانەی كە بەسەركردایەتی سیاسی كوردماندا لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەرێم و بەغدا و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و كاربەدەستانی توركیا و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی و….هیتد، بەڵام بەداخەوە گوێمان لێنەگیرا هەتا كار گەیشتە بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدا و هاتنی گروپی تیرۆریستی داعش و هێرشكردنیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و لێكەوتنەوەی كارەساتی شەنگال، ئێستا ئەو لایەنانە باش لە سیاسەتی واقیعبینانەی یەكێتی تێگەیشتون بەڵام نایانەوێت بە ئاشكرا ئەوە رابگەیەنن ، خۆشبەختانە میللەتەكەمان ووشیارە و دركی بە هەموو شتەكان كردوە ، هەموو خەڵك دەزانێت كێ لە بەری ئەوانە و شەر لەسەر مافە رەواكانیان دەكات ، هەموو هاونیشتیمانیان بەچاوی خۆیان هەڵوێستی یەكێتی دەبینن كە هەر لەسەرەتای هاتنی داعش بۆ ناوچەكە بە مەترسی بۆ سەر ژیان و كەرامەتی هاوڵاتیانییان دانا، بەڵام هەندێك حزب بەپێچەوانەی هەڵوێستی یەكێتی ئەو گروپە دژ بە مرۆڤایەتیەیان بە مەترسی بۆ سەر هەرێم دانەدەنا ، ئەم رووداو پێشهاتانەی ئەم دوایی هەرێم و ناوچەكە بۆ خەڵكی كوردستانی دەرخست كەچ حزبێك بەرگری لە خاك نیشتیمان دەكات و رۆژانە فەرماندە و پێشمەرگەكانی یەكێتی خۆیان بەخت دەكەن لە پێناو پارێزگاریكردن لە خاكی كوردستان .
عادل موراد وتیشی :پێویستە یەكریزی و یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزین ، هەموو حزبەكان گرەو لەسەر تێكچون و ناتەبایی ناو یەكێتی دەكەن ، ئەگەر خوانەخواستە یەكێتی ناو یەكێتی تێكبچێ بەرنامەی ئەو حزبانە سەر دەگرێ ، با ئەو فرسەتە نەدەین بە دەستیانەوە ، راستە لە ناو یەكێتی راو بۆچونی جیاواز هەیە كە ئەوە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتیەوە هەبوە و جیای دەكاتەوە لە حزبەكانیتر كە چەندێك بڕوای بە رادەی ئازادی و ئازادی رادەربرین و دیموكراسی هەیە بەڵام نابێت كار بگاتە ئەوەی زیان بە یەكێتی بگەیەنێت.
هەڤاڵ عادل موراد لە بەشێكیتری قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەو هەڵمەتە چەواشەكاریانە كرد كە لە دەزگاكانی راگەیاندنەوە لەلایەن هەندێك لایەن و بە مەبەستەوە دەیكەنە سەر یەكێتی كە هەموو لایەك باش دەزانێت بۆ شاردنەوەی ئەو سیاسیەتە هەڵە و كوشندانەیە كە خۆیان بەرامبەر میللەتەكەمان ئەنجامیان داوە ، بەپێویستیشی زانی كە ئەو هەڵمەتانە رابگرێن و لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە وەڵامی سەرجەم ئەو تۆمەتانە بدرێنەوە كە ئاراستەی ئەندامان و سیاسیەتی گشتی حزبەكە دەكرێن ، وتیشی” هەموو لایەك دەزانێت سیاسەتی هەڵەی چ حزبێك بوو كە بودجەی هەرێم برا ، ئێستایش كە وەزیری دارایی كە پشكی كوردە بۆ ناچێتە بەغدا و قوتی خەڵك بگەرێنێتەوە ، ئێمە وەك یەكێتی هەستیاری دۆخی هەرێم و یەكریزی كورد زۆر لەبەرچاو دەگرین بەڵام كار بگاتە ئەوەی موزایەدە بەسەر یەكێتیەوە بكرێت و سیاسەتە هەڵەكانی حزبێك بە یەكێتی بشارێتەوە لە هیچ حزب و كەسێك قبوڵ ناكەین “.
هەڤاڵ عادل موراد دوپاتیشیكردەوە كە پاڵپشت و هاوكاری ئەندامانی یەكێتین لە ئەنجومەنی پارێزگاكان كە كەسانی گەنج و بەتوانا و لێهاتوو چونەتە ئەو شوێنانە بۆ داكۆكیكردن لە مافی هاوڵاتیان و یەكێتیەكان كە هەوڵبدەن بۆ بەدیهێنانی ئەو بەڵێنانەی كە بە جەماوەركەتان داوە و سەری ئێوە و یەكێتیەكەتان پێ بەرزتر كردەوە ، تەنها ئەندامان و كادیرانی یەكێتی مافی ئەوەیان هەیە باسی سەركەوتنەكانی یەكێتی بكەن لە هەڵبژاردنەكاندا ، وتیشی: بەو هیوایەین كە پۆستی پارێزگاری سلێمانی و سەرجەم پۆستەكانیتر لەو كۆبونەوەی كە بریاردراوە دوای جەژن ئەنجامبدرێت یەكلابكرێتەوە و لەوە زیاتر درێژنەكرێتەوە ، راستە كە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە سلێمانی ماوەیەكی پێچوە بەڵام لەبەرچاوگرتن و بەشداریكردنی سەرجەم حزبەكان لەو حكومەتە خۆ جێییە یەكێكە لەو پرەنسپانەی یەكێتی هەوڵی بۆ داوە و كە هەر لایەنە و بە پێی قورسایی خۆی بەشداری پێبكرێت، بارودۆخ و ئەجوای سیاسی سلێمانی لە پارێزگاكانیتر جیاوازە دەبێت ئەو بالانسە دیموكراسی و ئازادییەی كە لە سلێمانی هەیە رابگرین و بەرەوپێشتریشی بەرین، رونیشیكردەوە “یەكێتی پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە پۆستی پارێزگار هەر چوار ساڵەكە بۆ یەكێتی بێت بۆئەوەی بتوانین خزمەتی زیاتری هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی بكەین، هەروەها ئەو پۆستە لەگەڵ خەبات و تێكۆشانی یەكێتیدا دێتەوە نەوەك لایەنێكیتر.
پاشان هەڤاڵ حاكم قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی و ئەندامی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە سلێمانی وێرای دوپاتكردنەوەی رۆڵی گرنگی ئەنجومەنی ناوەندی لە هەموو بوارەكاندا كۆبونەوەكەشی بەگرنگ وەسف كرد، هەروەها دەرئەنجامی سەرجەم كۆبونەوەكانیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران و لیستی هەردوو لایەنە ئیسلامیەكە و پارتی و هاوپەیمانی و مەسیحیەكان كرد.

وتیشی : ئێمە و گۆران هەردولامان تائێستا نەگەیشتوینەتە رێكەوتنی كۆتایی هەردولاشمان پێداگری لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەكەین ، بەپێی یاسا پۆستی پارێزگار لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پەنجا زائید یەك یەكلا دەكرێتەوە ، پارتی و گۆران رێكەوتنیان كردوە كە لە هەولێر چەند پۆستێك دراوە بە گۆران هەروەها پارتی هەر سێ دەنگەكەی بۆ كاندیدی گۆران دەبێ بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی و چاوەرێی ئەوە دەكەن پۆست لە سلێمانی وەربگرن ، هەرچی لایەنە ئیسلامیەكانە كە زیاتر لە 4 ساڵ لەبەریەك بون لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران ئۆپۆزسیۆن بون تائێستا خۆیان یەكلانەكردوەتەوە ، هەرچەندە هەڵوێستی یەكگرتوی ئیسلامی لە ئێمەوە نزیكە بەوهیوایەن كۆمەڵی ئیسلامیش بەوشێوەیە بێت ، هەرچی حزبی سۆسیالیست و شیوعی و زەحمەتكێشان و مەسیحیەكانە پێیان راگەیاندوین كە دەنگمان بۆ ئێوەیە بەو هیوایەین كە لە كۆبنەوەی لوتكەی حزبەكاندا پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار و سەرجەم پۆستەكانی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی یەكلا بكرێنەوە.
پاشان هەریەكە لە لەتیف شێخ عومەر ئەندامی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە سلێمانی و رێباز بیركۆتی ئەندامی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی لە هەولێر و سەرۆك و ئەندامانی فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك سەرجەم ووردەكاری و هەنگاو بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی ئیدارە خۆجێیەكانیان خستەروو .
دواتر دەرگای گفتوگۆ بەرووی ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی كرایەوە و زۆر بەراشكاوانە راو سەرنجی خۆیان لەبارەی گۆرانكاری و پێشهاتە سیاسیەكان دەربڕی و پێشنیار و راسپاردەی خۆیان ئاراستەی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و فراكسیۆنەكانی سەوز كرد.
لە كۆتای كۆبونەوەكەدا نامەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی ناوەندی خوێندرایەوە و ئاراستەی مەكتەبی سیاسی كرا ، هەروەها بەلاغی كۆبونەوەكەیش خوێندرایەوە و دوای گۆرینی هەندێك لە بڕگە و دەستەواژەكانی، بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكرا.
به‌روار:  28/09/2014
1091   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   384
کۆی سه‌ردان:   29218909