یەکێتی هەڵپەڕکێی شادی بۆ شنگال کرد
دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی حیزبەکەی دەڵێت،" ئەو رۆژەی خەڵكی كوردستان شینیان بۆ شنگال دەكرد، یەكێتی هەڵپەڕكێی شادیی بۆ پاشەكشەی پارتی دەكرد"، هەروەها دەڵێت،" بەیاننامەیەك بە وەڵامدانەوەی دەزگای راگەیاندن و بەو شێوەیە خۆدەربازكردنە لە بەرپرسیارێتی هەرێمی كوردستان".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی هەڵوێستەکانی یەکێتی بە هۆکاری ئاڵۆزبوونی پەیوەندی نێوان ئەو دوو حیزبە دادەنێت و دەڵێت،" راشكاوانە دەڵێم لەو رۆژەوەی كەوا خەڵكی كوردستان شینیان بۆ كارەساتی شنگال دەكرد، یەكێتی هەڵپەڕكێی شادیی بۆ پاشەكشەی پارتی بەست، یەكێتی شاییان بۆ شكستی پارتی دەگێڕا وەكو ئەوەی تەنیا پارتی بەرپرسیاربێت لەم دۆخە و بە زیاتریشەوە، ئەوەیش بە روونی لەسەر زاری نەك كادرێك و دەزگایەكی راگەیاندنی سێبەر، بەڵكو لەسەر زاری بەرپرسەكانیان زۆر بە روونی هەستیپێكرا كە بەرپرسی مەڵبەندیان دەڵێت ئیتر خەڵكی لەم ناوچەیە بڕوا و متمانەیان بە پارتی نەماوە، وەكو ئەوەی كە دەستكەوتێكی زۆر گەورەی دەست كەوتبێت."

دڵشاد شەهاب رەخنە لە بەیاننامەکەی یەکێتی دەگرێت سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لەسەر زاری بەرپرسانی عێراقییەوە، کە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیان گەڕاندبووەوە بۆ پێشنیازی دوو ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ مالیکی، شەهاب دەڵێت،" ئەگەرچی حوكمدان لەسەر ئەم مەسەلەیە زووە و من ناتوانم بڵێم ئەم بابەتە راستە، هاوکات ناشتوانم رەتیبكەمەوە، بەڵام دەڵێم ئەگەر یەكێتی لەبری ئەوەی بەو هەڵچوونەوە ئەم بەیاننامەیە بڵاوبكاتەوە، دەبووایە رێگەیەكی دروستی دیكە بگرێتەبەر، ئەگەر بەڕاست متمانەیان بەوە هەبێت كەوا هەموو بەرپرسەكانی یەكێتی لەم پرسە دوورن، دەبووایە پەنا بۆ دادگا ببەن."

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی هەروەها دەڵێت،" دەبووایە یەکێتی پەنا بۆ دادگا ببەن و داوای سەرچاوەی رەسمی لە رێگەی دادگاوە لەو دەزگا راگەیاندنە بكەن خۆ ئەگەر دەزگای راگەیاندن ئەمەی سەلماند كە ئەو سەرچاوانە دروستن و بەڵگەی پێویستی لە بەردەستدابوو، بەڕای من دەبێت خەڵكی كوردستان لەم مەسەلەیە بێدەنگ نەبن و هەموویان لەو مافەی خۆیان بپێچنەوە، لەوەی كە كەسانێك بووبنە هۆكاری ئەو ئەزیەت و مەینەتییەی ئێستا خەڵكی كوردستان پێیدا تێپەڕدەبن، ئەگەر پێچەوانەكەیشی بوو، ئەوا مافی خۆیەتی یەكێتی ئەوكات هەر چۆنێكی بووێت داوای یاسایی خۆی پێشكەش بكات، چونكە بەپێی یاسا ئەوانیش مافی خۆیانە".

سەبارەت بەوەی کە لە بەیاننامەکەی یەکێتیدا هاتووە، "روون و ئاشكرایە كە كێ هۆکاری شكستی سیاسەتی داراییی هەرێمی كوردستانە" دڵشاد شەهاب دەڵێت،"لە دوای رێككەوتنی ستراتیژییەوە هەتا ئێستا پارتی و یەكێتی بە 50 بە 50 ئیدارەی ئەم وڵاتەیان كردووە، یەكێتی لە ماوەی رابردوودا سەرۆكی حكوومەتی هەبووە، ئەو ماوەیەی كە ئەوان بە شكست باسی دەكەن، جێگری سەرۆكی حكومەتیان لەلا بووە، سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی پەرلەمانیان هەبووە و هەشت ساڵی دووبارەیش بە دوای یەكدا لە ماوەی دوو كابینەدا وەزیری دارایی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە".
ڕووداو
به‌روار:  26/09/2014
923   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   444
کۆی سه‌ردان:   29248141