مردنێک لە غەریبی 😪
ڕۆژی 2024.2.6
ئیمڕۆ لەژێر بارانێکی زۆر و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کوردی مالمۆ و هەندەران ، تەرمی " تارا خانی کچی کاک ئیسمایل کاکە دۆست و فەیمە خان" بەخاک سپێردرا.
ئەم خاتوونە جوانەی مالمۆ " تەمەنی 22 ساڵ" و چەند مانگێکی کەم دەبوو بە ئەندازیار.
خوا شاهیدە کە باوکی وێنەکەی بۆ ناردم " بە دەم پۆستکردنی پرسەکەیەوە دەستمان کرد بە گریان" کە هەرگیز نەشم بینیوە.
بەشداری کردنی خەڵک لە پرسەکان و بە تایبەت پرسەی " تارا خانم و ئەو گەنجانەی لە سەرەتای تەمەنەوە " مەرگ دەیانکاتە ناو گۆڕەوە، جگە لە ئەرکە ئاینی و کۆمەڵایەتیەکەی، سەبووری و هاوخەمی " ئاگر و ناڵەی " دەڕوونی دایک و باوکی خانەوادەی مردووەکانن.
کەچی بەداخەوە هەن ، بە بیانووی جۆراوجۆر نایانەوێت بڕوا بەمە بکەن.
پرسە لە هەندەران زۆر پێوست و گرنگترە وەک لە کوردستان بەزۆر هۆکار کە هەموو دەیزانین.
مالمۆکورد
ئیمڕۆ ئەم بابەتەمان هاتەوە یاد:
مردنێک لە غەریبی
دوێنێ کوڕە تاقانەکەی هاوڕێی ئازیزم کاک ئەنوەر لە نەخۆشخانەی شاری بۆن ئەڵمانیا کۆچی کرد .
منیش بە ئەرکی خۆم زانی بگەمە لایان و بەشێک لە خەمەکەیان بگرمە ئەستۆ ..
بۆیە دووای ۹ کاتژمێر ڕۆیشتن بە شەمەندەفەر گەیشتینە لایان لە نەخۆشخانە ، بینیم دایک و باوک بەدیار جگەرگۆشەکەیانەوە دۆش داماون و خەم و کڵۆلی هێزی لێ بڕیون ..
هەر زوو کاکی کارمەندەکە ئەهاتە ژوورە ئەیوت: تکایە زوو بیشۆن !
بەحساب خاولی و شامپۆ و ئاوی گەرمی ئامادەکردبوو بۆ ئەو مەبەستە ..
شکور ئەوان دووان بوون من و خێزانیشم بووین بە ٤ کەس ناوی خوامان لێهێناو دەستمان کرد بە شۆردنی.
چەند جارێک بە خاولیەکە ووشکم ئەکردەوە بەڵام فرمێسکی بێ کەسی دایک و باوکی دەموچاوی مناڵەکەیان تەڕ دەکردەوە ،
زۆر دەترسام مناڵەکە لە باوەشیان بکەوێتەخوارەوە چونکە هێزی ئەژنۆیان نەمابوو کەسی تر نەبوو وەکو دایک باوک خوشک و برا بێ هاوکاریان بکا خۆتان دەزانن غەریبی مردنەکەشی زۆر قورسە !
بەهەرحاڵ خوا هێزی پێ بەخشین و کارەکەمان تەواو کرد .
دواتر پرسیم ؟ گۆڕ ئامادەکراوە ؟؟
ئەنوەر ووتی :
نەخێر سەیری هاوسەریم کرد دەستی کرد بە گریان ووتی داوامان لە حکومەت کردووە گۆڕەکە ئەمادەبکا ئەویش بە دڵنیایی ۳ ڕۆژ بۆ ٤ ڕۆژی پێدەچێ !!
ئێستا ئێمە لە لایانین تاوەکو لەسەر ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئەخرێتە گۆڕەوە ..
لە کۆتایی ئەڵێم هاوڕێ و خزم و دۆستان و ئازیزان باوەڕتان بێ ئەم لایەنە کۆمەڵایەتیەی لەناو گەلی کورد هەیە لەکاتی ناشتنی مردوو زۆر زۆر پیرۆزە ئەوەتا من و خێزانم نەگەشتینایەتە لایان دوێنێ و ئەمڕۆ دایک و باوکێکی جەرگ سووتاو کەس نەبوو فرمێسکی چاوەکانیان بۆ بسڕێ و هەر بەتەنیا بوون وە ( هەر بەتەنیاییش دەمێننەوە)
چونکە ئێرە نیشتیمانی ئەوان نیە ! .........
سەربەست ساڵەیی
بۆن - ئەڵمانیا
2019.7.19
بهروار: 07/02/2024
354 جار خوێندراوهتهوه
|