داوای ئاشکراکردنی راستییەکانی کارەساتی شەنگال دەکات
مالمۆکورد
ڕۆژی٣١ ی ئابی ٢٠١٤ ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەمیوانداری بەشێک لە فەرماندەی سەرپەرشتیاری میحوەرەکانی شەڕ کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، کە تایبەت بوو بە پێشمەرگەو
 بەرەکانی شەڕ.

پاش خوێندنەوەی راپۆرتێکی تایبەتی هەمەلایەنە لەسەر رەوشی پێشمەرگەو بەرەکانی شەڕو گوێگرتن لە راوبۆچوونی فەرماندەکان و گفتوگۆی راشکاوانە، ئەنجومەنی ناوەندی لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەلاغێکی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەلاغی پەسەندکراوی کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ک) لە ٣١ ی ئابی ٢٠١٤

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان

پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ئەندام و دۆست و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
هەر لەیەکەم رۆژی پەلاماری تیرۆریستەکانی داعش بۆ سەر شاری موسڵ و داگیرکردنی و دواتر داگیرکردنی پارێزگای سەلاحەدین و ئەنبار و بەشێک لە پارێزگای دیالە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپەیامێکی راشکاوانەدا سیاسەتی راست و دووربین و واقیع بینانەی یەکێتی لەسەر مەترسییەکانی داعش بۆ سەر کۆمەڵانی خەڵک و خاکی کوردستان و سەرجەم مرۆڤایەتی راگەیاند.
بەڵام لەلایەن هەندێک هێزی سیاسییەوە نەک هەر پێشوازی لەو هەڵوێستە راست و دروستەی یەکێتیی نەکرا، بەڵکو یەکێتیی بەوە تۆمەتبار کرا گوایە ئەمە شەڕی مەزهەبی شیعەو سونەیەو یەکێتیی دەیەوێت کورد لەو شەڕەدا تێوەبگلێنێت، کە نەک پەیوەندی بە کوردەوە نیە بەڵکو دەبێت کورد ئەو شەڕە بە دەرفەت بزانێت و خۆی بۆ قۆناغێکی دیکە ئامادە بکات.
تیرۆریستەکانی داعشیش لەرێی پەیامێکی چەواشەکارییەوە بەهەمان شێوە سەرنجی شەقامی کوردی بۆ ئەو ئاقارە راکێشا کە ئەوان شەڕی کورد ناکەن و تەنها دەیانەوێت کورسی حوکم لەبەغداد بەدەست بهێنن، سەرنجام سودیان لەو دەرفەتە بینی تا خۆیان بەباشی رێکبخەن و چەک و کەرەستەی سەربازی و مرۆیی و داهاتێکی زۆر فەراهەم بکەن و بەشێوازێکی دڕندانە پەلاماری خەڵک و خاکی کوردستان بدەن و کارەساتێکی گەورەی لێبکەوێتەوە بەتایبەتی لە دەڤەری شەنگال.
ئێمە وەک ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەدا پاش راڤەکردن و هەڵسەنگاندنی رووداوەکانی بەرەکانی شەڕ کە لەهەندێک میحوەر کەمتەرخەمی و لەهەندێک میحوەری دیکەش داستانی خۆڕاگری و قارەمانی وێنا دەکەین، ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:
١- داوا لەپەرلەمانی کوردستان دەکەین پەلەبکرێت لە ئاشکراکردنی راستییەکانی کارەساتی شەنگال و بەتوندی سزادانی ئەوانەی کەمتەرخەم بوون بەرامبەر بەو دۆخە ناهەموارو نا چاوەڕوانکراوە.
٢- ئەنجومەنی ناوەندی ئیدانەی سەرجەم تاوانەکانی داعش دەکات کە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و عیراق بەگشتی و بەتایبەتیش بەرامبەر بەخوشک و برا ئیزیدی و کاکەیی و شەبەک و مەسیحییەکانمان.
٣- داوادەکەین هەموو هەوڵەکان بخرێنە گەڕ لەسەر ئاستی ناوخۆی و دەرەکی، بۆ رزگارکردنی ئەو سەدان کچ و ژنەی لەشەنگال و دەوروبەری لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەشێوەیەکی نامرۆڤانە رفێندراون و بازرگانیان پێوەدەکرێت و هەروەها بەجینۆساید ناساندنی ئەو کارەساتە نامرۆڤانەیە.
٤- هەرچەندە رۆژانە لەرێی میدیاو سەرچاوە فەرمییەکانەوە ئەمریکاو بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپا رایدەگەیەنن کە کاروانی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ پێشمەرگەی کوردستان دەگەیەننە هەولێری پایتەخت و چاوەڕوانی ئەوەش دەکرا ئەو چەکانە بەپەلە بگاتە دەستی پێشمەرگە لەو میحوەرانەی کە رۆژانە شەڕێکی سەخت و بەردەوام روودەدات، بەتایبەتی لە میحوەری (کەرکوک، دوزخورماتوو، سەعدیە، قەرەتەپە، جەلەولا)، بەڵام تائێستا بەپێی لێدوانی فەرماندەو سەرپەرشتیارانی ئەو میحوەرانە ئەو چەکانە لەو سنورانە دابەش نەکراوە، ئەمە لەکاتێکدا کە لە سەرەتاوە وەزارەتی پێشمەرگە بەبەردەوامی رایگەیاند ئەو چەکانە لەرێی وەزارەتی پێشمەرگەوە بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموو هێزی پێشمەرگەدا دابەشدەکرێت، کەچی لەم دواییەدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
٥- ئێمە وەکو ئەنجومەنی ناوەندی داواکارین لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کە مووچەو گوزەرانی پێشمەرگەو پێداویستییەکانیان باشتر بکەن، وەک پاداشتکردنیشیان پلەکانیان بەرزبکرێتەوە.
٦- سوپاسی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو دەوڵەتانە دەکەین کە پشتیوانمان بوون و هاوکاری جۆراوجۆری هەرێمی کوردستان دەکەن، داواکاریشین لەو دەوڵەتانەی خۆیان بە دۆستی کورد دەزانن و تائێستاش دوودڵن کەبێنە سەر رێبازی وڵاتانی پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان، بڕیاربدەن و بەکردەوە دۆستایەتی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان بسەلمێنن.
٧- دەستخۆشی لەهێزی پێشمەرگەی کوردستان و دژەتیرۆرو هێزەکانی ناوخۆو ئاسایش و خۆبەخشەکان دەکەین لەسەرجەم بەرەکانی شەڕ کە ئازایانەو قارەماننانە لەهەڵمەتەکانی بەرگری و هێرشدا پارێزەری سەرسەختی خاک و خەلکی کوردستانن، هەروەک سوپاسی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین بۆ هاوکاری و پشتیوانیان لە ئاوارەکان و پێشمەرگەی کوردستان.
لەهەمان کاتدا سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدە قارەمانەکان دادەنەوێنین کە بەگیانی پاکیان کاروانی خەباتی کوردایەتیان ئاودا.
نەمری و سەربەزی بۆ شەهیدانی کوردو کوردستان…
بژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان…
ئەنجومەنی ناوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٣١ ی ئابی ٢٠١٤
به‌روار:  02/09/2014
641   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   687
کۆی سه‌ردان:   29260055