سبەینێ خۆپیشاندانی سەراسەریە دژی نرخی بەنزین
لەبەرانبەر زیادكردنی نرخی بەنزین بڕیارە سبەینێ‌ خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجامبدرێت.
 
رێكخراوی سكاڵاو چاودێری دوای دیاریكردنی نرخی بەنزین لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بە 900 دینار ئامادەكاریكردووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری بڕیارە سبەینێ‌ لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندان ئەنجامبدرێت.
 
ئەمڕۆ رێكخراوەكە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی كاتی دیاریكراوی خۆپیشاندانەكە رایانگەیاند سبەینێ‌ كاتژمێر پێنج بەڕێوەدەچێت.
 
رێكخراوەكە راشیگەیاند شوێنیان لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان دیاریكردووەو لەشاری سلێمانیش لەبەردەم باخی گشتی ئەنجامدەدرێت.
 
لەو بارەیەوە شڤان زەنگەنە بەرپرسی‌ ڕێكخراوی‌ سكاڵاو چاودێری‌ بەشارپرێسی راگەیاند "كۆمەڵە قەیرانێكی‌ زۆر لەهەرێمی‌ كوردستاندا هەن‌و ماوەیەكی‌ زۆریشە بێدەنگی‌ لێكراوەو هاووڵاتیاینیش هەستیان بەبەرپرسیارییەتی‌ كرد، بەتایبەت بۆ ئەوەی‌ دوێنێ‌ نرخی‌ بەنزین زیادكرا، ئەمە دیسانەوە قەیرانێكی‌ تری‌ لەهەرێم زیادكرد".
 
زەنگەنە وتیشی "هاووڵاتیان بڕیاریانداوە ناڕەزایەتی‌ دەرببڕن ئێمەش وەك ڕێكخراوی‌ سكاڵاو چاودێری‌ ئامادەكاریمان كردووە، كە سبەی‌ لەهەرێمی‌ كوردستان خۆپیشاندانی‌ سەرتاسەری‌ سازبكرێت".
 
بەرپرسی‌ ڕێكخراوی‌ سكاڵاو چاودێری ئاماژەی بەوەشكرد لەم كاتەدا نەئۆپۆزیسیۆن هەیە، نە پەرلەمانیش كارایە تا ئەم پرسانە یەكلابكاتەوەو لایەنە سیاسییەكانیش بێدەنگن، مەبەستیان چارەسەركردنی‌ ئەم قەیرانانە نییە، بۆیە ئێمە ناچارین وەك ڕێكخراوەكانی‌ كۆمەڵی‌ مەدەنی‌ ئەو خۆپیشاندانانە سازبكەین.
شارپرێس
به‌روار:  02/09/2014
462   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   649
کۆی سه‌ردان:   29230439