دانیمارك هێزی سەربازيی رەوانەی كوردستان كرد
پەرلەمانی دانیمارک بڕیاریدا بێتەڕیزی ئەو وڵاتانەی كۆمەك و پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن لە شەڕی دژ بە چەكدارانی داعش و دەستیكرد بە رەوانەكردنی سەرباز و چەك و تەقەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان .
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بەخەندانی راگەیاند، "پەرلەمانی دانیمارک بە تێکرای دەنگ بڕیاریدا هاوکاری سەربازیی رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات".
بەوتەی دلاوەر ئاژگەیی، "ئەمڕۆ پێنجشەممە ( 29 ئابی 2014) فرۆکەیەکی سەربازیی لە جۆری C-130 لە بنکەی ئاسمانی سەربازی شاری ئالبۆرگ بەرەو هەرێمی کوردستان بەرێکەوت بۆ گەیاندنی پشتیوانی سەربازی بە هێزەكانی پێشمەرگە".
ئەوەشی خستەڕوو، "فڕۆکەکە وێڕای هەڵگرتنی یارمەتی سەربازیی لە چەک و تەقەمەنی، 55 سەربازی دانمارکیشی تێدایە بەمەبەستی هاوكاریی كردنی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".
دلاوەر ئاژگەیی، ئاوەشی راگەیاند، "بڕیارە هەر ١٤ رۆژ جارێک، فرۆکەیەکی لەم جۆرە لە دانیمارکەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێكەوێت".
پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و چەندین وڵاتی دیكەی دنیا پشتیوانی خۆیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دەربڕی لەشەڕی دژ بە چەكدارەكانی داعش و لەو پێناوەدا كۆمەك و پشتیوانی سەربازییان گەیاندۆتە پێشمەرگە و سوپای عیراق بۆ گرتنەوەی ئەو شوێنانەی پێشتر داعش داگیریی كردبوون.
خەندان
بهروار: 29/08/2014
728 جار خوێندراوهتهوه
|