دکتۆرێکی کوردی سوید سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە
ئارام حه‌مه سه‌عید كاتێك رووی كردبووه قوتابخانه، مامۆستاكان ده‌یانویست بینێرن بۆ خوێندنی پیشه‌یی، وه‌ك فیته‌ری یان پیشه‌یه‌كی دیكه. هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه بوو كه زمانی سوێدی نه‌ده‌زانی و مامۆستاكان پێیانوابوو فێری هیچ نابێت
له‌ده‌ره‌وه‌ی شوقه‌كه‌یان جلشۆرێك هه‌بوو، له‌ته‌نیشتی ئه‌و جلشۆره، زۆربه‌ی كاته‌كان وانه‌كانی قۆناغی دواناوه‌ندی ده‌خوێند. كاتێكیش چووه زانكۆ، ده‌یان جار، ماوه‌ی 45 خوله‌ك زیاتر و له كه‌شێكی ساردی 20 پله‌ی ژێر سفردا، به‌پێ چووه بۆ زانكۆ، له‌به‌رئه‌وه‌ی كرێی پاسی پێنه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و ئێستا مانشێتی رۆژنامه به‌ناوبانگه‌كانی سوێده، دوای ئه‌وه‌ی نامه‌ی دكتۆراكه‌ی به یه‌كێك له باشترین بڕوانامه‌كانی ساڵی 2014 هه‌ڵبژێردرا.
ئارام حه‌مه سه‌عید، یان ئارام گه‌لێڵی، ساڵی 1982 له سلێمانی له‌دایك بووه، باوكی ئه‌و "حه‌مه‌سه‌عید گه‌ڵاڵی" یه‌كێك بووه له ئه‌ندازیاره زیره‌كه‌كان، له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا داوای لێكراوه ببێته وه‌زیری كاره‌بای عێراق، به‌ڵام به‌هۆی تێكه‌ڵیی بنه‌ماڵه‌ی خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی و كۆبوونه‌وه نهێنییه‌كانی شۆڕش له ماڵه‌كه‌یدا، ئه‌و داوایه ره‌تده‌كاته‌وه. باوكی ئارام به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌بای سلێمانی ده‌بێت كاتێك له‌ساڵی 1992 شه‌هید ده‌كرێت. پاشان له‌گه‌ڵ دایكی و ته‌نها خوشك و براكه‌ی له سلێمانی ده‌مێننه‌وه تا ساڵی 1996 به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆوه كوردستان جێ‌دێڵن و ده‌چنه سوێد.
ئارام حه‌مه‌سه‌عید، دوو بكالیۆریۆس و یه‌ك دیپلۆم و دوو ماسته‌ر و دكتۆرایه‌كی به‌ده‌ستهێناوه و ئێستاش خوێندكاری پۆست دكتۆرایه. ئه‌و بابه‌ته‌شی زۆرترین لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كردووه، بواری "بۆهێڵ" جیناته.
جینات به‌شێكه له زانستی بایۆلۆجی، لێكۆڵینه‌وه ده‌كات له‌سه‌ر سیفه‌ته بۆماوه‌ییه‌كان و مانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی و رواڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی و گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی له نه‌وه‌ی كۆنه‌وه بۆ نه‌وه‌ی نوێ، له دایك و باوكه‌وه بۆ منداڵ، هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه ده‌كات له شێوه‌ی دروستبوونی (DNA) كه له‌نێو كرۆمۆسۆمه‌كاندایه.
دروستبوونی هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له جیناته‌كاندا، كاریگه‌ری گه‌وره له‌سه‌ر ته‌ندروستیی مرۆڤ داده‌نێت، ئه‌وه‌ش وایكردووه له‌جیهاندا بایه‌خێكی زۆر به لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و بواره بدرێت، چونكه گۆڕانكارییه‌كی بچووك له‌یه‌كێك له جیناته‌كاندا ده‌بێته هۆی دروستبوونی نه‌خۆشیی كوشنده، دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ش یارمه‌تی مرۆڤ ده‌دات بۆ رزگاركردنی و دۆزینه‌وه‌ی رێگای چاره‌سه‌ر.
ئارام دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دایك و خوشك و براكه‌ی ده‌گه‌نه سوێد، رووده‌كاته قوتابخانه بۆ خوێندن، ده‌یویست له به‌شی زانستی بخوێنێت، به‌ڵام مامۆستاكان ده‌یانویست بینێرن بۆ خوێندنی پیشه‌یی، وه‌ك فیته‌ری یان پیشه‌یه‌كی دیكه. هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه بوو كه زمانی سوێدی نه‌ده‌زانی و مامۆستاكان بۆچوونیان وابووه فێری هیچ نابێت، چونكه خوێندنی به‌شی زانستی له سوێد زۆر قورسه و ته‌نها خوێندكاره زۆر زیره‌كه‌كان رووی تێده‌كه‌ن.
ئارام گوتی "من زمانی ئینگلیزی و سوێدیم نه‌ده‌زانی، تاقیكردنه‌وه‌ی ماتماتیكیشم نه‌كردبوو، ئه‌وه‌ش ئیشی منی گرانتر كردبوو، به‌ڵام یه‌خه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌م به‌رنه‌ده‌داو ده‌مگوت من هه‌ر له‌به‌شی زانستی ده‌خوێنم".
به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه ناوی "ئاكێ دالكڤیست" بوو، ئارام بانگ ده‌كاته ژووره‌كه‌ی خۆی و پێیده‌ڵێت"ده‌زانی تۆ زۆر سه‌رسه‌ختی؟". دوای ئه‌وه ده‌رفه‌تێكی یه‌ك مانگی پێده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت له تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و مانگه‌دا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت یان نا.. ئاكێ دالكڤیست پێیگوتبوو" ئه‌گه‌ر له‌هه‌موو وانه‌كاندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوویت، له‌م به‌شه‌و له‌م قوتابخانه‌یه جێگات نابێته‌وه".
ئارام، له‌نێو شوقه‌یه‌كی قه‌ره‌باڵغ به كه‌سوكار و گه‌رم به ده‌نگوباسه‌كانی كوردستان و سه‌خت به ژیانی پڕ له كه‌موكورتیی په‌ناهنده‌ییدا شوێن خه‌ونه‌كه‌ی خۆی ده‌كه‌وێت. هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ش وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌ك هه‌میشه له‌پێش چاوی ده‌بێت كه ته‌نها یه‌ك مانگ ده‌رفه‌تی داوه‌تێ.
ئارام ده‌یگوت ئه‌و مانگه رۆژ و شه‌وم نایه سه‌ر یه‌ك، دواجار توانیم سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنم و جێگه‌ی خۆم له‌و قوتابخانه‌یه بكه‌مه‌وه. ئه‌و منداڵترین خوێندكاری نێو قوتابخانه‌كه بوو، به‌ڵام توانی به نمره‌یه‌كی زۆر باشه‌وه ئاماده‌یی ته‌واو بكات و ئۆفه‌ری خوێندنی له كۆلێژی پزیشكی له شاری "له‌نده‌ن" له به‌ریتانیا بۆ هاته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه‌ی سوێدی نه‌بوو، نه‌یتوانی بچێته ئه‌و وڵاته.
ئارام ده‌ڵێت "كاتێك داوای ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقیم كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئیشوكاری خوێندنی پێ به‌ڕێوه‌به‌رم، مانگی ئاداری 2003 بوو، ئه‌وكات هاوپه‌یمانه‌كان شه‌ڕی عێراقیان راگه‌یاند و سه‌فاره‌تی عێراق له سوێد داخرا، به‌و هۆیه‌شه‌وه به‌ڵگه‌نامه فه‌رمییه‌كانم ده‌ستنه‌كه‌وت و كاتی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی خوێندن بۆ زانكۆكانی سوێد ته‌واو بوو، ته‌نها له به‌شی جینات جێگه مابوو، منیش به‌ناچاری رووم كرده ئه‌و به‌شه و گوتم تا ئیشوكاره‌كانی خۆم ته‌واو ده‌كه‌م له‌م به‌شه ده‌خوێنم و پاشان رووده‌كه‌مه له‌نده‌ن بۆ خوێندنی پزیشكی.
به‌ڵام كاتێك تێكه‌ڵی زانسته‌كه و وانه رۆژانه‌ییه‌كان و ئه‌و زانسته فراوانه بووم، به‌ته‌واوی خۆشه‌ویست بوو لام و خوێندنی پزیشكیم له خه‌یاڵی خۆم ده‌ركرد". گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌سوكاری بۆ كوردستان له‌دوای ساڵی 2003، ئارامی ناچاركرد له‌سه‌ر پێیه‌كانی خۆی راوه‌ستێت و به‌و بڕه پاره كه‌مه‌ی له زانكۆ وه‌ریده‌گرت، ژیان به‌رێته‌سه‌ر، ئه‌وه‌ش وایكردبوو ده‌یان جار له‌به‌ر بێ پاره‌یی به‌پێ بچێته زانكۆ.
ئارام ده‌ڵێت "دوای پێنج ساڵ خوێندنی زانكۆ، توانیم پێنج بڕوانامه به‌ده‌ستبهێنم. له‌و ماوه‌یه‌دا له‌یه‌ك كاتدا له دوو بواردا ده‌مخوێند، واته 200% و ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك بڕوانامه به‌ده‌ستبهێنم كه بۆ دواڕۆژی خۆم زۆر گرنگن و هه‌ندێك بواری دیكه‌ی ئه‌و خوێندنه ته‌نها هیوایه‌تی خۆم بوو. پاشان ده‌ستم كرد به لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی.
له‌و كاته‌ی سه‌رگه‌رمی خوێندنی دكتۆرا بووم، توانیم پێنج بابه‌ت و دۆزینه‌وه‌ی زانستی بنووسم و بڵاو بكه‌مه‌وه، ئه‌وه له‌كاتێكدایه له سوێد له‌سه‌ر خوێندكاری دكتۆرا واجبه ته‌نها دوو دۆزینه‌وه‌ی زانستی هه‌بێت و له‌هه‌ندێك وڵاتی ئه‌وروپا ئه‌و دوانه‌ش هه‌ر پێویست ناكات".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "دۆزینه‌وه زانستییه‌كانی من له‌سه‌ر شێرپه‌نجه‌ی سی، پرۆستات و خوێن بوون و دوو شتی سه‌ره‌كیم پێشانداوه، ده‌رمانێك هه‌یه مرۆڤ ده‌پارێزێت له شێرپه‌نجه، ئه‌و خۆپاراستنه‌ش له‌رێگای جیناته‌كانه‌وه‌یه، كۆمه‌ڵێك جینات و پرۆتین هه‌یه كه ئێمه پێشانمانداوه رۆڵی گرنگیان هه‌یه له خۆپاراستن له شێرپه‌نجه".
ده‌شڵێت "ئێمه دۆزیمانه‌وه كه كۆمه‌ڵێك پرۆتین و جینات هه‌یه له خانه‌كانی مرۆڤدا په‌یوه‌ندییان هه‌یه به‌یه‌كه‌وه، ئه‌و پرۆتین و جیناتانه به‌شه‌كانی له شه‌ودا له یه‌ك ئاستدان و باڵانس هه‌یه له‌نێوانیاندا، كاتێك ئه‌و باڵانسه تێكده‌چێت، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه به‌دڵنیایی تووشی شێرپه‌نجه ده‌بێت..
ئه‌و خانه سه‌ره‌تانیانه‌ی له له‌شدا بڵاوده‌بنه‌وه، كێشه‌ی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌یان هه‌یه، بۆ ئه‌و دۆزینه‌وه زانستییه خانه‌ی سه‌ره‌تانی سی، پرۆستات، په‌نكریاس و خوێنم به‌كارهێناون. جگه له خانه‌ی ته‌ندروستی مرۆڤ، خانه‌ی ئاژه‌ڵه‌كانی وه‌ك مشك و جرجیشم به‌كار‌هێناوه".
ئارام ده‌ڵێت ئێستا بۆ پۆست دكتۆرا (Post-Doctoral Study) ده‌خوێنێ له سوێد و له زانكۆی هارڤارد له ئه‌مریكا ئۆفه‌ری پۆست دكتۆرای بۆ هاتووه‌ته‌وه له‌رێگای گرووپێكه‌وه كه پێكه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی‌یان ئه‌نجامداوه. دوای ئه‌وه‌ی خوێندنه‌كه‌ی سوێدی ته‌واوكرد، ده‌چێته زانكۆی هارڤارد بۆ لێكۆڵینه‌وه له شێرپه‌نجه و له‌وێ ده‌مێنێته‌وه.
دوای ته‌واوكردنی نامه‌ی دكتۆراكه‌ی، به‌ناوبانگترین رۆژنامه‌ی سوێد "(Dagens Nyheter) چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئارام بڵاوده‌كاته‌وه وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ركه‌وتووی سوێد له بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیدا، هه‌ڵبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی نامه‌ی دكتۆراكه‌ی به یه‌كێك له باشترین بڕوانامه‌كانی ساڵی 2014 دانراوه.
رووداو
به‌روار: 26/08/2014
1281 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|