بۆ شنگاڵ .. هونەر تۆفیق
دووربینەکەت بگرە بەدەستەوە و سەیرم کە :
سەیرم کە ئەزبەنی ، لەپشت شوشەی دووربینەکەتەوە ،
چاو ببرە چاوی ئەو منداڵانەی ، لەهەر تەکبیرێکدا
یەکێکیانم لێ هەڵدەوەرێ .. ئەزبەنی .
سەیری کوشتنم کە ، چۆن گەردنم لە شەنگال جیادەکەنەوە و
لەهەر بانگێکدا سەرێکم دەپەڕێ .. ئەزبەنی .
سەیری کچێنیم کە ، چۆن وردوخاش ئەبێ و
چۆن تاوسە تەنیاکانی بێوەیم ئەسوتێ ئەزبەنی .
دووربینەکەت بگرە بەدەستەوە و بمژمێرەوە ....
لە پاشکۆی ئەو سوپا بەزیوەدا بمژمێرە وە کە جێیانهێشتم ئەزبەنی !
لەشریخەی ئەو شمشێرانەدا بمژمێرەوە کە منت بۆ جێهشتن ئەزبەنی !
لەکۆتایی ئەو ئاوەدا بمژمێرەوە کە قومێکیت بۆ جێنەهێشتم ئەزبەنی !
لە ژێر ئەو دارانەدا بمژمێرەوە کە تۆ سێبەرەکانیت لەگەڵ خۆتا برد ،
بستێ بەزەیت بۆ جێنەهێشتم ئەزبەنی !
دووربینەکەت بگرە بەدەستەوە و سەیرم کە ئەزبەنی
سەیرم کە ، لەگەڵ جێهێشتنەکەی تۆدا ، منیش چیم لێ جێدەمێنێت ئەزبەنی ؟؟
لەم بیابانی مەرگەدا ، سەیری من و باوەشی چیای شەنگال کە ئەزبەنی
ببینە نێوان ئێمە و دووربینەکەت چەندە دوورە... دوور.... ئەزبەنی .
پەیجی نووسەر
بهروار: 17/08/2014
2445 جار خوێندراوهتهوه
|