بارزانی لەیەکەم ڕۆژی جەژندا چووە ناو پێشمەرگەوە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەسەركردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری كەركووک، رایگەیاند، كە گەلی كوردستان گەیشتووەتە قۆناخێكی زۆر باش و سەركەوتنی یەكجارەكیش نزیكە. 

بەپێی راگەیاندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی دووشەممە 28ـی 7ـی 2014 لە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرەكانی رووبەڕووبوونەوە و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی لە سنووری كەركووك بەسەركردەوە.

لە بەشێكی ئەم سەردانە مەیدانییەدا، بارزانی سەردانی یەكێك لە بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی لە ناوچەی دوبز كرد و لە لایەن ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی و سیاسیی باڵای كوردستان، كە پێكهاتبوون لە مستەفای سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە و محەممەدی حاجی مەحموود، بەرپرسی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری كەركووک، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و هەروەها ژمارەیەك بەرپرس و فەرماندە و ئەفسەری سەربازی پێشوازی لێكرا.

لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە، مستەفای سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا، كە "هێزەكانی پێشمەرگە زۆر بە باشی خۆیان رێكخستووە و قارەمانانە ئامادەی بەرگریكردنن لە كوردستان".

دواتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گوتەیەكدا رایگەیاند، كە "بە ئەركی خۆم زانیوە لە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا سەردانتان بكەم و سوپاستان بكەم و لەجیاتی هەموو خەڵكی كوردستان جەژنە پیرۆزەتان لێبكەم".

مەسعود بارزانی باسی رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد و ئاماژەی بەوەدا، كە پێشمەرگە ئێستا مێژوو دروستدەكات و ئاییندەیش بۆ گەلەكەی بونیات دەنێت و ئەوەش "شەرفێكی گەورەیە"، بارزانی رووی قسەکانی لە پێشمەرگە کرد و گوتی، "ئێوە خۆتان فیدا دەكەن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بە ئازادی و سەربەستی بژیێت".
 
بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا سوپاسی ماندووبوون و قارەمانێتی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد، كە ئەو زەحمەت و قارەمانییەتییە وادەكات نەوەكانی داهاتوو بە ئازادی و سەربەستی بژین و رایگەیاند. كە "پێشمەرگە ئامادەیە لەپێناو دۆزێكی رەوادا رووبەڕووی مەرگ ببێتەوە و ئەوە شكست و فەشەلهێنانە بە هەموو هەوڵێك كە پێیوایە كورد بڕوای بەخۆی نییە. ئەركی پێشمەرگە ئەركێكی پیرۆزە و گەلی كوردستانیش گەییشتووەتە قۆناخێكی زۆر باش و سەركەوتنی یەكجارەكیش نزیكە".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، كە حەزی دەكرد سەردانی هەموو سنوورەکە و سەنگەر بە سەنگەری هێزەكانی پێشمەرگەی كردبا و دووپاتی كردەوە، كە بەهەموو توانایەك پاڵپشتی پێشمەرگە دەکەن و ئەوەی لە توانایان بێت بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەیكەن.

هەر لەم بەسەركردنەوەیەدا فەرماندە و بەرپرسە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە، بارزانییان لە دۆخی مەیدانیی بەرەكانی رووبەڕووبوونەوە و بارودۆخ و گوزەرانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری كەركووك ئاگاداركردەوە.
ڕووداو
به‌روار:  29/07/2014
251   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   513
کۆی سه‌ردان:   29259658