قوبرس په‌نابه‌رانی کورد دیپۆرت ده‌کاته‌وه
ده‌وڵه‌تی قوبرس که ئه‌ندامێکی یه‌کێتی ئه‌وروپایه سه‌باره‌ت به په‌نابه‌رانی کورد که له تورکیا سزای زیندانی هه‌تاهه‌تاییان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه و داوای مافی په‌نابه‌ریان له‌و ده‌وڵه‌تی کردوه، بڕیارێک ده‌رده‌کات و په‌نابه‌رانی کورد دیپۆرت ده‌کاته‌وه. ده‌وڵه‌تی قوبرس دوو هه‌فته پێش ئێستا په‌نابه‌رێکی کورد بۆ تورکیا دیپۆرت کرده‌وه و له تورکیاش ده‌ستگیر و ره‌وانه‌ی زیندان کرا .
بڵند ئاڵپ رۆژی 15 ی شوبات به هۆی به‌شداری له رێپێوانێکدا ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کرێت و له نه‌ورۆزی ساڵی 1999 ره‌وانه‌ی زیندان ده‌کرێت. ناوبراو له زیندان رووبه‌روی ئه‌شکه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌رونی ده‌بێته‌وه و ماوه‌ی شه‌ش ساڵ و حه‌وت مانگ له زینداندا راده‌گیرێت و له ساڵی 2005 ئازاد ده‌کرێت. بڵند ئاڵپ له دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا له دژی ده‌وڵه‌تی تورک سکاڵا تۆماڕ ده‌کات و به هۆی راگرتی درێژخایه‌ن له زیندان و دادگایی نه‌کردنی، ده‌وڵه‌تی تورک مه‌حکوم ده‌کرێت. لقی 9 ی دادگای سزای قورسی ئه‌سته‌نبوڵ که به‌رپرسی دۆسیه‌که‌ی ئاڵپ بوو، ناوبراوی به '' ئه‌ندامبوون له ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازی گه‌لی کورد و هه‌وڵدان له دژی ده‌وڵه‌ت له رێپێوان'' سزای هه‌تاهه‌تایی زیندانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت. له چوار هه‌مان دۆسیه‌دا چوار که‌سی دیکه‌ش به تۆمه‌تی ئه‌ندام بوونیان له ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازی کورد سزای زیندانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا .
ئاڵپ و چوار که‌سه‌که‌ی دیکه تانه له بڕیاره‌که‌ی دادگا ده‌که‌ن، به‌ڵام سزاکه‌یان له مانگی شوباتی 2010 پشت‌راست کرایه‌وه. ئاڵپ له دوای بڕیاره‌که له مانگی ئاداری ساڵی 2010 بۆ وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌ری داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی قوبرس به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، به‌ڵام داواکارییه‌که‌ی له ساڵی 2012 ره‌تکرایه‌وه. ئاڵپ ئه‌و کرده‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی قوبرسی به کرده‌وه‌یه‌کی نایاسایی و له دژی یاسای په‌نابه‌رێتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان به ناو کرد .
تانه‌کانی ئاڵپ پێداچونه‌وه‌یان بۆ نه‌کرا و دادگا له رۆژی 8 ی ته‌مموز رایگه‌یاندوه که ده‌بێت بڵند ئاڵپ له ماوه‌ی (75) رۆژدا، قوبرس جێ بهێڵێت.
ئاڵپ راشیگه‌یاند که ده‌وڵه‌تی قوبرس به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی خۆی هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات و سته‌م له رێژه‌یه‌کی زۆر له په‌نابه‌ران ده‌کات .
جێگای ئاماژه‌یه که پێشتریش زیندانییه‌کی سیاسی کورد به ناوی ''مسته‌فا کارالوک'' له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی قوبرسه‌وه دیپۆرت کرابوو .
فورات
به‌روار: 27/07/2014
256 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|