کورته‌يه‌ک ده‌رباره‌ی هۆزانڤان و بيرمه‌ندی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری کورد، حاجی قادری کۆيی:
                
ناوی ته‌واوی حاجی قادری کۆيی: قادر مه‌لا ئه‌حمه‌د مه‌لا ساڵح مه‌لا ئه‌حمه‌دی گه‌وره‌ی کۆييه‌. حاجی قادر له‌ ساڵی 1817 دا له‌ گوندی (گۆڕقه‌ره‌ج) له‌ ده‌ڤه‌ری کۆيه‌ له‌دايک بووه‌. له‌ منداڵييه‌وه‌ باوکی مردووه‌ و دايکی له‌ ته‌مه‌نی 7 ساڵيدا بۆ خوێندن ناردوويه‌ بۆلای مه‌لا ئه‌حمه‌دی خاڵۆزای، پاش دووساڵ دايکيشی کۆچی دوايی ده‌کات و خاڵۆزاکه‌ی ئه‌رکی به‌خێوکردنی حاجی ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ. وه‌ک ده‌ڵێن، زۆربه‌ی بليمه‌ت و مرۆڤه‌ زيره‌ک و هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی مێژوو، به‌ بێ باوک و دايکی و له‌ هه‌ژاری و ئاواره‌ييدا گه‌وره‌ بوون، حاجی قادريش ئه‌م هه‌ڵکه‌وته‌ی ژيانيه‌ی و دوورکه‌وتنه‌وه‌يی‌ و ژيانی ته‌نهايی و بێ داک و باوکی هه‌ژاری و ئاواره‌يی، ئه‌و حاجی قادره‌ بليمه‌ت و هه‌ڵکه‌وتووه‌ی لێدروستکردووه‌‌. حاجی زۆر تامه‌زرۆی خوێندن و خوێنده‌واری و گه‌شت و گه‌ران و شوێنبينين بووه‌، هه‌ر به‌م هيوا و ئاواته‌وه‌ لە ھاوینی ١٨٥٣ لەگەڵ مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادە بۆ خوێندنی فه‌قێيه‌تی روو ده‌که‌نه‌ گوندی شێخ وەتمان. پاشان بۆ درێژەپێدانی خوێندن و خوێنده‌واری، حاجی قادر تاک و ته‌نها روو لە شارەکانی سەردەشت و سابڵاخ و شنۆ دەکات و لە ساڵی ١٨٦٢ بڕوانامه‌ی مه‌لای خاوه‌ن دوانزه‌ زانست (ئيجازه‌ی دوازدە عیلم) وەردەگرێ و دەگەڕێتەوە بۆ کۆیە. له‌ڕاستيدا حاجی قادری کۆيي، حه‌جی نه‌کردووه‌ و ئه‌م نازناوه‌ی له‌وه‌وه‌ پێدراوه‌ که‌ له‌ مانگی گه‌شتکردنی حاجييه‌کاندا له‌دايک بووه‌ و ئه‌و نازناوی حاجييه‌يان به‌سه‌ردا دابڕييوه‌. حاجی قادر له‌ ژيانيدا ساڵانێکی له‌ ئه‌سه‌مبوڵی پايته‌ختی خه‌لافه‌تی عوسمانيدا ژياوه‌. ئاشکرايه‌ که‌ ئه‌و جياوازيی کۆمه‌ڵگه‌ و ژيانه‌ی ئه‌سته‌مبوڵ کاريگه‌ريی له‌سه‌ر بيرکردنه‌وه‌ی حاجی هه‌بووه‌ و ئه‌و بيرکردنه‌وه‌ و هه‌ست و تێگه‌يشتنانه‌ی خۆی به‌هۆی نه‌بوونی گۆڤار و رۆژنامه‌ی کوردييه‌وه‌، به‌ هۆنراوه‌ ده‌ڕبيوه‌ و به‌ هۆنراوه‌کانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ريی خۆی ده‌ربڕيوه‌ و بووه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی سرووش بۆ گه‌ڵێک لهه هۆزانڤان و نووسه‌رانی دوای خۆی. ئاجی قادر، دوای بابا تاهيری هه‌مه‌دانی و ئه‌حمه‌دی خانی، به‌ باوکی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری و نيشتمانيی کورد و کوردستان داده‌نرێت. ئه‌مه‌ش له‌ زۆربه‌ی هۆنراوه‌کانيدا ره‌نگيان داوه‌ته‌وه‌ و به‌ هۆنراوه‌کانی هه‌ست و بيروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ريی خۆی ده‌ربڕيوه‌ و هانی نه‌وه‌کانی کوردی داوه‌ بۆ خۆشه‌ويستيی و نه‌ته‌وه‌ و نيشتمان و گرنگی و بايه‌خدان به‌ زمان و فه‌رهه‌نگ و رۆشنبيريی کوردی. له‌ هۆنراوه‌کانيدا جه‌ختی له‌سه‌ر ته‌بايی و يه‌کێتيی نه‌ته‌وه‌يی کورد کردووه‌ و ئاواتی ژيانی ئازاديی و پێشکه‌وتن و يه‌کێتيی کورد و يه‌کگرتنه‌وه‌ و يه‌کپارچه‌يی و سه‌ربه‌خۆيی کوردستان بووه‌.                                                                                              
دووا وشه‌ ده‌بێت بڵێين: له‌سه‌ر ژيان و به‌رهه‌مه‌کانی حاجی قادری کۆيی، جه‌ندين په‌ڕتووک و ناميلکه‌ و وتار و لێکۆڵينه‌وه‌‌ی جۆراوجۆر نووسراون‌، به‌ڵام له‌ ئێستا و له‌ داهاتووشدا، هه‌رچه‌ندێک له‌سه‌ر ژيان و به‌رهه‌م و هۆنراوه‌ و بيروباوه‌ڕه‌کانی حاجیى نه‌مر بنووسرێت، هێشتا هه‌ر که‌مه‌ و پێويسته‌ و شايسته‌يه‌تی.                                                                                                                
- هه‌زاران سڵاوی رێز و خۆشه‌ويستی بۆ گيانی پاکی هۆزانجانی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ر و نيشتمانپه‌روه‌ری کورد، حاجی قادری کۆيى، ره‌وانيان شاد و ئاسووده‌ بێت.                                                           
- هه‌زاران تجه‌ گوڵينی رێز و ئه‌مه‌ک بۆسه‌ر گڵکۆی پيرۆزيان.                                                       
به‌ختياری شه‌مه‌يی
ئه‌مسته‌ردام، 
22.07.2014



هه‌ر کورده
هه‌ر کورده‌ له‌ به‌ينی کوللی ميلله‌ت
بێ به‌هره‌ له‌ خوێند و کيتابه‌ت
بێگانه‌ به ته‌رجه‌مه‌ی زوبانی
ئه‌سراری کتێبی خه‌ڵقی زانی
يه‌کسه‌ر عوله‌ما درشت و وردی
ناخوێننه‌وه‌ دوو حه‌رفی کوردی
ئۆستادی خه‌تن له‌ ئه‌م سيانه 1
وه‌ک دی له زبانی خۆی نه‌زانه‌
مومکين نيه‌ ده‌ربچێ له‌ چنگی
حه‌تتا ڕه‌قه‌م و خه‌تی فه‌ڕه‌نگی
ساحێب کوتوب و په‌يامه هه‌ر که‌س
ئێمه‌ نه‌بێ بووينه‌ قه‌ومی چه‌رکه‌س 2
کاکه‌ ئێمه موئمينين نه‌ ڕووسين 3
بۆچ کفره‌ زوبانمان بنووسين
ميلله‌تی بێ کتێب و بێ نووسين
غه‌يری کوردان نيه‌ له‌ ڕووی زه‌مين 4
سێ قه‌بيله‌ حه‌قير و بێ ڕومستن
کورد و ڕۆم و يه‌هوودی گومڕاهن 5
ڕۆم و جوو چاکه‌ ئيتيفاقيان هه‌يه
کورده‌ بێ غيره‌تی و نيفاقی هه‌يه
‌جينگه‌نه‌ی ئێره‌ باوجوودی که‌رن
هه‌روه‌کوو دۆمی ئێمه‌ ده‌ربه‌ده‌رن
لێوه‌ عاقڵترن به‌ سه‌د مه‌نسه‌ب
کوڕی خۆيان ده‌نێرنه‌ مه‌كته‌ب
ئێسته‌کێ ئاميرانی کوردستان 6
هه‌ر له‌ بۆتانه‌وه‌ هه‌تا بابان
هه‌تيوانی مه‌کتبه‌ن يه‌کسه‌ر
کورده‌کان بار ده‌که‌ن وه‌کوو ماکه‌ر
وا دياره‌ هه‌تاکوو دنيا بێ
کورده‌کان حاڵييان ده‌بێ و بێ
جوو چ قه‌دری هه‌يه‌ له نێو کوردان
غه‌يری لێدان و جوێن و تێهه‌لدان
حاڵه‌تی ژێر ده‌ستی هه‌ر وايه
‌نۆکه‌ری چاکی کاری بۆ نايه
-----------------------------------------------------------------------
‌1- مه‌به‌ستی له‌م سيانه‌، زمانه‌کانی عاره‌بی و فارسی و تورکيه.                                                ‌
2-چه‌رکه‌س: نه‌ته‌وه‌يێکی قه‌فقاس نشينه‌، به‌ڵام له‌ دوايی دا زۆربه‌يان به‌ناو تورکيا و سوريه و ئۆردن بڵاو بوونه‌وه‌ و که‌وتنه‌ژيانێکی ده‌ربه‌ده‌ری.                                                                               
3- ئه‌م نويه‌ دێڕه‌ شيعره له‌ هه‌ر سه‌رچاوه‌يێکدا به‌ جۆرێک هاتووه‌. له‌ ده‌قی م.ر.س دا به‌مجۆرهه هاتووه‌:                                                                                                                          
((ئێمه که‌ موئمينين نه‌ ڕووسين)) له‌ ده‌قی ع.س يشدا نووسراوه‌ (( ئێمه موئمينين نه‌ ڕووسين)). ئێمه نه‌پێی ده‌قی ت.ر نووسيمانه‌وه‌. موحه‌مه‌دی مه‌لا که‌ريم.                                                           
4- مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د وای بۆ ده‌چێ که‌ له‌م دێڕه‌وه‌ به‌حرێ هه‌ڵبه‌سته‌که‌ ده‌گۆڕێ و ده‌بێ به‌ هه‌ڵبه‌ستێکی نوێ. به‌ڵام وه‌ک سه‌رنجمان دا له‌ هه‌موو سه‌رچاوه‌ چاپ کراو و ده‌ستنووسه‌کاندا هه‌ر به‌مجۆره‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌ هاتووه‌، بۆيه‌ وه‌کوو خۆيمان هێشته‌وه‌.                                        
5- ئه‌م به‌يته‌ له‌ تێکسته‌که‌ی گۆڤاری ڕۆژی کورد ( رۆژ کرد،ژماره‌2) دا هه‌يه‌، نووسيمانه‌وه‌. به‌ڵام ڕسته‌ی ناو دوو که‌وانه‌که‌مان بۆ ساغ نه‌کرايه‌وه‌. وه‌ک خۆی نووسيمانه‌وه‌. وشه‌ی((ڕۆم))ی به‌يتی پاشه‌وه‌‌شمان له‌م تێکسته‌ وه‌رگرت. له‌ ده‌سنووسه‌ ئه‌سله‌که‌دا((قه‌ومی))بوو، لام وايه‌ وشه‌ی((ڕۆم)) له‌م به‌يته‌ و له‌ به‌يتی پاشه‌وه‌شدا هه ڕاستيدا ((دۆم)) بێ. چونکه‌ هيچ به‌ڵگه‌يه‌ک نييه‌ بۆ به‌راورد کردنی ڕۆم که‌ واته‌ عوسمانی به‌ کورد و به‌ جووی ئه‌و سه‌رده‌مه‌. په‌ندێکی پێشينانی کورديش هه‌یه‌ دۆم و جووی له‌گه‌ڵ فه‌قێ پێکه‌وه‌ تيا کۆ کراوه‌ته‌وه‌، ئه‌ڵێ ((جوو له‌ ترسا، فه‌قێ له‌ برسا، دۆم بۆ په‌ڕۆ، ئه‌م سيانه‌ خۆش ئه‌ڕۆ))، واته‌: به‌ په‌له‌ ڕێ ئه‌که‌ن. موحه‌مه‌دی مه‌لا که‌ريم.                                   
6- له‌ ده‌قی ت.ڕ دا ((ئێسته‌کێ کورده‌کانی کوردستان)) هاتووه‌.                                                 
ديوانی حاجی قادری کۆيی                                                                                                 
لێکۆڵينه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ی: سه‌ردار حه‌ميد ميران، که‌ريم مسته‌فا شاره‌زا.
پێداچوونه‌وه‌ی: مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د.
ل 219-220.

به‌روار:  23/07/2014
1274   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   374
کۆی سه‌ردان:   29254260