یەكێتی بەنیازە بە دوو كاندید بچێتە بەغدا


یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەنیازە بە دوو كاندیدى سەرۆكاتیی كۆمار بچێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەوەی لەوێ بە دەنگدان یەكێكیان هەڵببژێردرێت كە ئەوانیش بەرهەم ساڵح، سەركردەی دیاری ئەو حیزبە و فوئاد مەعسوم،  ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتین.

ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی تەمموز، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوو كۆبوونەوەی بۆ دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار ئەنجامداون كە بەپێی رێككەوتنی نێوان لایەنەكان پشكی كوردە و لەنێو لایەنە كوردییەكانیش بۆ یەكێتی داندراوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو وەریگرتوون، لە كۆبوونەوەكاندا زۆرینەی ئەندامان لەگەڵ ئەوەبوون بەرهەم ساڵح-يش كاندیدی یەكێتی بێت بۆ ئەو پۆستە. 

هەرچەندە بەشێكی كەمی ئەندامان دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە، بەڵام دواتر بڕیاردراوە هەریەكە لە بەرهەم ساڵح و فوئاد مەعسوم كاندیدی پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار بن و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێكیان بە دەنگدان هەڵببژێردرێت. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی رووداو پارتی دیموكراتی كوردستان نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و یەكێتی ئاگاداركردووەتەوە كە دوو كاندیدی دەبێتە هۆی بڵاوبوونی دەنگەكانی كورد.

وەك رووداو زانیویەتی، لە ئەنجامی راوێژی مەسعود بارزانی لەگەڵ سەركردەی حیزبەكانی دیكەدا هەموویان پێيان باشبووە بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆككۆمارى عێراق، تەنانەت نەوشیروان موستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان گوتوویەتی: "بەرهەم لە هەموویان كەفوئترە". هەریەكە لە محەممەد فەرەج و عەلی باپیریش پشتیوانیان بۆ بەرهەم ساڵح دەربڕیوە.

هەرچەندە پێشتر رووداو بڵاویكردەوە كە یەكێتی فوئاد مەعسومی كاندیدكردووە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بڕیارەكە گۆڕدراوە.

هاوكات مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە میدیاكانی حیزبەكەی راگەیاندووە، "دوای دوو رۆژ گفتوگۆكردن لەسەر كاندیدكردنی پاڵێوراوانی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق سەرئەنجام بڕیاردرا هەردوو بەڕێزان د.بەرهەم و د.فوئاد مەعسوم كاندیدی یەكێتی بن بۆ ئەو پۆستە". بەپێی لێدوانەكەی مەلا بەختیار، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و  سەرۆكی پەرلەمان لەو بڕیارە ئاگاداركراونەتەوە.
ڕووداو
به‌روار:  21/07/2014
616   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   798
کۆی سه‌ردان:   29262755