نەوشیروان مستەفا لە دیدی شێرکۆ بێکەسەوە
نەوشیروان مستەفا لە دیدی شێرکۆ بێکەسەوەوە
دەڕۆژ جارێک سەردانێکی کاک نەوشیروانم ئەکرد و تا ئێوارە لای ئەمامەوە. من دانیشتنم لەگەڵ کاک نەوشیرواندا پێخۆش بوو.

تا ئەمڕۆ بیست و سێ ساڵ زیاترە ئەیناسم و من بەمجۆرە ئەو پیاوە هەڵئەسەنگێنم.. ڕووناکبیرە و لەبواری مێژوو نووسین وتاری سیاسیدا ورد و دەستڕەنگینە، شارەزای ئەدەبی کلاسیکی و شێعری کوردییە، عەقڵێکی فراوان و چالاکی پێوەیە، بە کورتی و پوختی مەبەست ئەدا بەدەستەوە، درک بە هەندێ شت ئەکا، دوایی تۆ ئەڵێی ئەی من بۆ درکم پێنەکرد.
مەسەلە گرانەکان بە زمانێکی ئاسان ئەنووسێت. وەختێ قسە ئەکات بە تەواوی ئەزانێ چی ئەڵێ و بۆچی.
بیری تیژە و شارەزای جوگرافیای کوردستان و گوند بە گوند و شاخ بە شاخ و کانی بە کانی یەکانی ئەم ووڵاتەیە. بە تایبەتی ئەو شوێنانەی کە خۆی پیا ڕۆشتووە یان دیونی و تیایاندا ژیاوە. ناوی سەدان گوڵ و ڕووەک و درەخت ئەزانێ، زۆر قسە ناکات، قسە لەڕووە.
بەرامبەرەکەی هەر کەسێ بێت ئەگەر هەڵەی کردبێ ئەیخاتە قولی مشتیەوە!
هەرگیز بەتەنگ ماڵی دنیاوە نەبووە و خۆپەرست و خۆ وویست نەبووە. لە شاخیش و لە شاریش
هەر سادە ژیاوە. ڕۆژنامەوانە، لە بواری ڕاگەیاندندا یەکێکە لە پسپۆڕەکان. تەنانەت لە دانانی پلانی شەڕی پارتیزانی و عەسکەریدا ورد و شارەزایە. لەگەڵ ناخۆشی و ڕۆژگاری سەختدا هەناسە درێژە، عاتیفی و سۆزدار نییە.
ئەگەر یەکێک زۆر تێکەڵاوی نەبێ بە باشی نایناسێ. لە پۆشینی جل و بەرگ و خواردندا ئاسایی و کەمخۆرە و بە هەموو شتێ ڕازییە. مەگەر هەر ئەو بەقەد من جگەرە بکێشێ. چوار پێنج زمان ئەزانێ. لەوەختی سەرهەڵدانەوەی موقاوەمەتدا و بۆ ئەوەی بە زووترین کات بگاتەوە کوردستان ، دەستبەرداری نووسینی نامەی دکتۆراکەی کە پێم وایە دووسێ مانگێکی مابوو تەواوی بکات.
کۆمەڵێ نووسینی هەبوو لە بارەی ئەدەب و شێعری کوردی و هەڵسەنگاندنەوە ئەگەر لە کاتی خۆیدا بڵاویبکردنایەتەوە، نرخی مێژوویی و ئەدەبی خۆیان ئەبوو.
خەمو مەراق و دەردە دڵی تایبەتی خۆی کەم ئەدرکێنێ و لە ناوەوەیدا پەنگ ئەخۆنەوە
ئیتر نازانێ کەی بەربەست ئەشکێنێ و لافاو دروست ئەبێ.
گاڵتەی خۆی هەیە، بەڵام لەگەڵ هاوڕێ نزیکەکانیدا، ئەگینا وەکی تر وشک و برنگە. ساڵێک نەتبینێ لێت ناپرسێتەوە.
لە تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتیدا گەرم و گوڕ نیە، مەگەر یەکێک بیجوڵێنێ و پێی بڵێ ئەوە فڵان نەخۆشە و بابچین بۆلای، یان ئەوە پرسەی فڵانەو و بابچین بۆ پرسەکەی یان بابڕۆین بۆ دەرو دەشتە و پیاسەیەک بکەین. هەندێجاریش لەسەر شتێ کە خۆی بڕوای پێیەتی ئەکەوێ بەقیندا و نایەتە خوارێ. ئەگەر یەکێکی خۆش بوێ لە لای خەڵکی تر باسی ئەکات و لەبەردەمی خۆیدا هیچ ناڵێ. دیارە ئەمە خاسیەتێکی جوانە.
دەتەلەفۆنی بۆ بکە، ئەو جارێک تەلەفۆنت بۆ ناکاتەوە. سەد سەردانی بکە، ئەوجارێک سەردانت ناکاتەوە.
کەچی سەیر ئەوەیە تۆ هەرئەچیتەوە بۆ لای، چونکە وەک سەرەنجام کاک نەوشیروان نابینرێ ناتوانی دەستبەرداری بیت.
لەسەر شێعری تازە زۆر جار لەگەڵ کاک نەوشیرواندا لێمان بووە بە مشتومڕ و هەندێجاریش بەدەمەقاڵێی توند. ئەو تا ئێستایش چێژ لە شێعری کوردی وەرئەگرێ و نەهاتووە بەملاوە.
نووسین به ئاوی خۆڵەمێش.
ژیاننامە و بیرەوەری شێرکۆ بێکەس
ل 367/368
به‌روار:  18/05/2020
8724   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   264
کۆی سه‌ردان:   29221065