فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی تر دەدردەچێت


پەیوەست بەبۆچونەکانیان و دوای ئەوەی ناویان هێنراوە لەدۆسیەی سزادانی دەستگیرکراوەکانی بادینان، دادگای هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دیفاع هەرکی رۆژنامەنوس، قەیدار حسێن هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لەئاکرێ و ژمارەیەک رۆژنامەنوس و چالاکوانی دیکەی دەرکردوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە دیفاع هەرکی، رۆژنامەنوس و چالاکوان لەپارێزگای دهۆک بە خەندان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ ئاگادارکراونەتەوە دوای ئەوەی لەدۆسیەی سزادانی دەستگیرکراوەکانی بادینان ناویان هێنراوە، لەلایەن دادگای هەولێرەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دیفاع هەرکی رۆژنامەنوس و قەیدار حسێن، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لەئاکرێ و ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنوسی دیکەش دەرچوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو چالاکوانانە تۆمەتی "كاری سیخوڕی و تێكدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان"یان دراوەتە پاڵ و لەئێستادا هه‌مویان هاتون بۆ شاری سلێمانی.
دوێنێش سەرچاوەیەکی بەرپرس لەبزوتنەوەی گۆڕان بە خەندان-ی رایگەیاند، سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر پەیوەست بەبۆچونەکانی لەبارەی سزادانی دەستگیرکراوەکانی بادینان، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ  ئەیهان سەعید ئەندامی ژوری پەیوەندییە سیاسییەکانی گۆڕان و ژمارەیەک چالاکوانی دیکەی دەرکرد.
رۆژی 16ی ئەم مانگە دادگای تاوانه‌كانی دوی هه‌ولێر بڕیاریدا به‌شه‌ش ساڵ زیندانیكردن بۆ پێنج چالاکوان و رۆژنامەنوسی سنوری بادینان بەتۆمەتی (کۆکردنەوەی زانیاری قەدەغەکراو، کارکردن بۆ گروپی چەکداری و پێدانی زانیاری بە لایەنی دەرەکی، بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی کوردستان).
بڕیارەکەی دادگای هەولێر بەگوێرەی مادەی 21ی سزادانی عێراقی بوە کەتایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی هەرێم و کارکردنی بۆ لایەنی دەرەکی، بڕیارەکەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ناڕەزایی لێکەوتوەتەوە و داوا دەکەن دادگای پێداچونەوەی هەرێم بەبڕیارەکەدا بچێتەوە و سزاکە هەڵبوەشێنێتەوە.
خەندان-


به‌روار:  24/02/2021
611   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   297
کۆی سه‌ردان:   29253485