شێرکۆ بێکەس بۆ ئۆجەلان ✌

ئێرە سلێمانییە و
 ئەوە چەند ڕۆژە لە چاوانی سلێمانییدا
 تەمومژی خەمێکی گەورە خەمێکی سورباوی
 بەگمۆ و باڵای گۆیژە و گڵەزەردە و 
بەر پەنجەرەی ژیانمان و
ئاسمانی سەر ماڵانمان و
گەلیەکانی هەناومانی داگرتووە.
ئێره سلێمانییە و
ئەوە چەند ڕۆژە 
لەدەربەند باسەڕەکەی گیانی ئەم شارەدا.
کەڵە پشۆکانی ئازار وتۆڵە
پێکەوە ئەگەشێنەوە.
لەم شارەدا هەموو کەسێ و
لە سرووشتا هەموو شتێ
مەراقێکی چاوەڕوانی ڕەنگ پەڕیووە.
چاومان لێیه پیرەمەگروون
شاخی دیرۆک
شاخی نەمر
ئەویش چەمۆڵەی بەردینی پڕ نەفرەت
لەدنیای سۆزانی دەنێ و
هەردوو دەستی 
بەگەرداوی سیمای پڕ درۆزنەی 
شارستانی و پەیکەرەکەی ئەمریکا و
دەمامکی سەر ڕووخساری گشت ئەوروپا
هەڵبڕیووە.
هەموو دڵێک لەم شارەدا
وەک سێوی 
سەرلقی بەر تەرزە و باڕێزە دەلەرزێ
هەموو دڵێک لەم شارەدا
دڵۆپ دڵۆپ
خوێناوێکی بەناسۆری
ئەم تەنیایی و بێکەسەی میلەتێکی لێ ئەتکێ.
ئێرە سلێمانیە و
درەختەکان لە ماڵەکان زوویرترن.
شەقامەکان 
لە دایکانی شەهیدان و بێوەژنی مێرد کوژراو
دڵتەنگترن.
گوڵەکانیش
لەمناڵان غەمگینترن.
ئەم خەمە
خەمی غەدرێکە هەموو دنیای پیلان
له کوردیان کرد.
ئەم خەمە
خەمێکی سەراپاگیری نەتەوەییە.
کسپەی برینی کوردستانیە.
هەوری سوورە و
هەموو نیشتمانی داپۆشیوە.
ئەمە خەم نیە بۆ نائومێدی و دۆش دامان.
بەڵکو حەسرەتێکی هەڵگیرساوی بەلرفەیە.
کە گیانی ملیۆنان کوانوویەتی و
دەروونی وورد و درشتمان جێگەیەتی.
خۆشەویستی کوڕی شاخ و
کوڕی مێژووی ڕاپەڕینی وەک ئۆجەلان
چاوگیەتی.
ئێرە سلێمانییە و شاخی شێخەو
شاری قوودسیە و شاری بێکەسەو
شاری شەهاب.
شاری ووشە و
شاری وەرزەکانی ئەوین.
لەم ساتەدا سلێمانی و
چاوەکانی سلێمانی
وان لە چاوەکانی گەریلاو 
ئاییندەش وا لەناو دەستی ئەواندایە.
لەم ساتەدا ڕۆحی شاریش
سروودێکه و لە زیندانی دوورگەیەکی مەڕ مەڕەدایە.
لەنێوان ڕووبەڕووبونەوی ئۆجەلانی سەرکردە و
ئازار و ئەشکەنجە و مەرگیشدا.
ئەڵێم:
سرووشتی سونبولێکی مەزنی نەتەوە
ئەبێ لە سرووشتی ئەستێرەدا بێ.
لەبەرزیدا بژی و 
لەبەرزیدا بمرێ.
وورەی سنبوولی ئازادی
ئەبێ لە وورەی کێودا بێ.
ڕۆحی سنبوولی ڕاپەڕین
ئەبێ لە ڕۆحی خەڵقا بێ
لێره
لە تاریکستانی سەردەمێکا
لەدۆزەخەکەی ئەشکەنجەدانی جەستەدا و
لەژێرزەمینی بەعسدا
جەلادەکان گێڕابوویانەوە:
ئاسن ووتبووی بەڵێ و
بەڵام گۆشتی شەهاب ووتبووی نەء.
بەرد ووتبووی بەڵێ و 
بەڵام ئێسکی ئەنوەر ووتبووی نەء.
دار ووتبووی بەڵێ و 
بەڵام خوێنی جەعفەر‌ ووتبووی نەء.
ئیتر بوون 
بەمێژووی چەندین نەوەمان.
لەزیندانەکەی ئەم سنبوولە گەورەیەشدا
ئێمە هەموو دڵنیاین
لەبەردەم بەربەرییەکانی تورکا 
بەحری مەڕمەڕە ئەڵێ بەڵێ و
بەڵام ئۆجەلان دەڵێ نەء.
ئەو بەند کرا
بەڵام وەختێ ڕووبارێ بەند دەکرێ.
ڕووبارەکانی تر لە جووڵە و ڕۆشتن ناکەون و
سەرچاوە هەر هاژەیەتی.
کە لووتکەی شاخێک ئەگیرێ
سەد لووتکەی تر سەر هەڵدەبڕن.
درەختێکمان پێوەند دەکەن
لە گشت لاوە دارستان و بێشەڵانمان ڕائەپەڕن.
کەهەڵۆیەک زنجیر دەکەن
سەدان هەڵۆمان باڵ دەگرن.
ئەوان ئۆجەلانیان فڕاند
بەڵام هەرگیز بەربەرییەکان بۆیان ناکرێ
لەناو گیانی ملیۆنانا
خۆشەویستی ئۆجەلان و عەشقی خاک و 
کوردایەتی و تیشکی ئازادی بفڕێنن.
چۆن ئەتوانن شاخ بفڕێنن.
مانگی شەهیدان بفڕێنن.
شار بفڕێنن.
خۆر بفڕێنن.
سروودەکانمان بفڕێنن.
چۆن ئەتوانن سروودەکانمان
چۆن ئەتوانن سلێمانی و دیاربەکر بەنج بکەن و 
چۆن ئەتوانن ئاگری نەورۆز پێوەند بکەن و
بەچی چاوی ڕەشەبامان ئەبەستنەوە؟
چۆن زریان و شەپۆلەکان کۆت ئەکەن و ؟
چۆن ئەتوانن زەریاچەی وان بگوێزنەوە؟
بەچی کەلەپچەی باوەڕ وهەقمان ئەکەن؟
بەتۆڕی چنراوی جیهان
هەموو جیهان
ئۆجەلانمان دەستگیرکرا.
بەڵام ئاخر
ئەو شۆڕشەی وا لەناو ناخا دەستگیر ناکرێ.
سبەینێمان دەستگیر ناکرێ
ئەم زمانە دەستگیر ناکرێ.
پرشنگی ڕۆح دەستگیر ناکرێ.
باڵی لاوک وحەیرانمان دەستگیر ناکرێ.
زاو وزێی کورد دەستگیر ناکرێ.
ئەم مێژووە بێهۆش ناکرێ و
کەلەبچەش ناکرێتە دەستی بڕوا و هەتاو.
ئێرە سلێمانیە و 
سلێمانی یەک هاوارە لەناو گەرووی ئازادیدا
بۆ ئازادی ئۆجەلان و
سلێمانی 
هەمان خوێنی دڵی جگەرخوێنی لێ ئەتکێ و
وەک بێشکچی هەمان عیشق ئەدا بەخۆیدا و
لەگەڵ هەمان خەونا ئەژی.
ئێره سلێمانییە و
منیش شاعیرێکی ئێوەم
شاعیری گوڵ و قوربانی.
لەگەڵتانم لەم شەوەدا و
لەناوتانا ئەنگووستی شێعرم هەڵ ئەکەم.
ئەگەر هیچیشم پێ نەکرێ.
خۆ من خەوونی پەپوولەیەک
لەبەر شەوقی پەنجەکانما ئەهێنمە دی.
من ئێستاکە
چاوەکانی دیاربەکر وان لە چاوما.
من خۆم ناگریم
ئەوە ئەوە لەناوما بە کوڵ ئەگری.
لەگەڵتانم
من ئێستاکە واهەست ئەکەم.
لەشەوگاری بێ کۆتایی ئۆجەلانا
لەسەر چرپای ئەشکەنجەکەی
بووم بەو گڵۆڵە لۆکەیەی
تەنها
بۆ ساتێ سپیم و
لەپڕێکا ئازاری سوور ڕەنگم ئەکا و 
دام ئەپۆشێ
گووڵی ژاڵەی تاق وتەنیای 
برینەکەی

سەیری ڤیدیۆکە بکە



به‌روار:  14/02/2021
1800   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   412
کۆی سه‌ردان:   29228017