"ئەمەریکا بەهێزتر لە جاران پشتیوانی كورد دەکات"

دۆسیەى سوریا، هاوشان لەگەڵ دۆسیەى ئەتۆمیی ئێران یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆسیە بەجێماوەکانى ترەمپ بۆ ئیدارەى نوێى ئەمەریکا، بە شێک لە شیکەرەوانى سیاسى لەوباوەڕەدان، ئیدارەدانى واشنتۆن بۆ دۆسیەى سوریا لە سەردەمى جۆبایدندا گۆڕانکاریی ریشەیی بەخۆوە ببینێت و لەمەشدا باس لە پشتگیرى زیاترى ئەو وڵاتە دەکەن بۆ کوردى سوریا.

دۆناڵد ترەمپ لە ئیدارەدانى دۆسیەى سوریادا نەک تەنها لە نەیارەکانیەوە، بەڵکو لەناو ئیدارەکەشیەوە رەخنەى لێگیرا بەتایبەت لەو پاشەکشە چاوەڕواننەکراوەى لە بەشێک لە باکورى رۆژهەڵاتى سوریا لە بەرژەوەندى تورکیا و لە زیانى کورد لە سوریا ئەنجامیدا.

ناڕونى و هەڵبەزو دابەز و سوپرایزەکانى سیاسەتى ترەمپ لە سوریا وایکرد روسیا و تورکیا زیاتر لە دۆسیەى سوریادا بێنە پێشەوە و جێگا بە ئەمەریکا تەنگ بکەن، بەشێک لە چاودێرانیش پێیانوایە "لە سوریا دەرفەتێکى ئەتۆ بۆ واشنتن نەماوە".

بژاردەى گەڕانەوەى واشنتۆن و پشتگیریی کورد
بە شێک لە شیکەرەوانى سیاسى ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن چاوەڕێ دەکرێت ئیدارەدانى واشنتۆن بۆ دۆسیەى سوریا لە سەردەمى جۆبایدندا گۆڕانکاریی ریشەیی بەخۆوە ببینێت و لەمەشدا باس لە پشتگیرى زیاترى ئەو وڵاتە دەکەن بۆ کوردى سوریا.

لیوا سەمیر فەرەج ، پسپۆڕى ستراتیژیى میسریى، باس لەو گۆڕانکاریانە دەکات کە لەسەردەمى ئیدارەى نوێدا دەبێت روبدەن بەهۆى ئەو گۆڕانکاریە لەپڕانەى دۆناڵد ترەمپ ئەنجامیدا لەوانە کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە باکورى رۆژهەڵات سوریا و پشتکردن لەو هێزە کوردیانەى لە قۆناغى لەناو بردنى داعشدا هاوکارى واشنتنیان کرد.

ناوبراو لە لێدوانێکى تایبەت بۆ کەناڵی سکای نیوز دەڵێت: "لەکاتى خۆیدا زۆرترین رەخنە لەناو خودى ئیدارەکەیەوە ئاراستەى ترەمپ کرا لەسەر بڕیارى کشانەوەى لە باکورى رۆژهەڵاتى سوریا". بۆیە پێىوایە؛ "لەمەودوا ئیدارەى نوێ بەشێوەیەکى دیکە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەى سوریادا دەکات بەتایبەت کە چیدى ویلایەتە یەکگرتوەکان رێگە نادات روسیا دەسەڵات و پێگەى بەهێزتربێت لەسوریا."

پێشیوایە "واشنتن بە شێوەیەکى بەهێزتر دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانیى کردنى کوردى سوریا " و ئاماژە دەکات بەوەى کە؛ لەوانەیە ئەو پشتیوانیە سەربکێشێ بۆ ناردنى هێزى نوێ بۆ ئەو ناوچانەى لە ژێردەسەڵاتى کوردەکاندایە، پاش کشاندنەوەى (2000) سەرباز لە سەردەمى ترەمپدا و رەنگە ئەو پشتیوانیە بەهێزتریش بێت لەجاران.

بژاردەى دیکەى واشنۆتن
لەپاڵ ئەم بۆچونانەدا بۆ گەڕانەوەى ئەمەریکا بەشێوەیەکى بەهێزتر بۆ سوریا بۆچونى پێچەوانەش هەن و ئاماژەى ئەوە ئەکەن "لەوانەیە واشنتن دۆسیەى سوریا لەگەڵ چەند دۆسیەیەکى تر لەگەڵ ئێران و روسیا ئاڵوگۆڕ پێبکات."

ئەو بۆچونانەن لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراون کە ئیدارەى پێشو دەرفەتێکى جوڵەى ئەوتۆى بۆ ئیدارە نوێ نەهێشتۆتەوە لە دۆسیەى سوریادا، چونکە ئەو دۆسیەیەى بۆ روسیا بەجێهێشتوە.

تاریق فەهمى مامۆستاى زانستە سیاسەکان لە زانکۆى قاهیرە، بە سکاى نیوزعەرەبى وتوە: واشنتۆن لە چوارچێوەى ئاڵۆگۆڕێکى نێودەوڵەتى دۆسیەى سوریاى بۆ روسیا جێهێشتوە.

ناوبراو پێیوایە دو بژاردە لە بەردەم بایدندا هەیە: یەکەمیان دوبارە تێهەڵچونەوەى راستەوخۆیە، بەدوریشى دەزانێت بایدن ئەم بژاردەیە هەڵبژێرێت، بەوپێیەى تێچوەکەى زۆرە و تەنها بە قەسە ناکرێت، بژاردەى دوەمیش وەک ئەو دەڵێت "بەکارهێنانى دۆسیەى سوریایە وەک کارتى دانوستانێکى نێودەوڵەتى".

لەمبارەیەوە رونى دەکاتەوە "ئەگەر واشنتن و ئێران بگەنە رێککەوتن لە دۆسیە ئەتۆمیەکەى ئێراندا ئەوا ئەمە لێکەوتەى لەسەر دۆسیەى سوریاش دەبێت، هەرچەندە مەرج نیە لەم کاتەدا دۆسیەى ئەتۆمیى ئێران کارى لە پێشینەى کارەکانى ئیدارى جۆ بایدن بێت" .

بەڵام سیاسی و نوسەرى سورى ریاز نەعسان ئاغا پێیوایە "جۆبایدن یەکلا کردنەوەى دۆسیەى ئەتۆمى ئێرانى پێ گرنگ دەبێت و دەیکاتە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانى"

سەبارەت بە بژاردەکانى واشنتنۆینش لە سوریا، ریاز ئاغا دەڵێت "رەنگە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا بەردەوامى بەسیاسەتەکانى ئێستاى بدات لە سوریا و گۆڕانکاریەکى ئەوتۆ نەکات و سوربێت لەسەر سزاکانى (قەیسەر) لەدژى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد"
دەشڵێت "لەبەرئەوەى جۆ بایدن کەسایەتیەکى سیاسى هاوسەنگە و بانگەشەى ئاشتى دەکات، بۆیە هەوڵ دەدات بەشێوەیەکى ئاشتیانە و بەهاوسەنگیى مامەڵە بکات".

لەساڵى (2011) و لەچوارچێوەى شۆڕشەکانى بەهارى عەرەبى و سەرکوتکردنى خۆپیشاندانى ئاشتیانەى خەڵکى سوریا لەلایەن رژێمى بەشار ئەسەدەوە، شەڕى چەکداریى لەو وڵاتە دروستبوەو حکومەتى دیمەشق کۆنترۆڵى بەسەر زۆربەى ناوچەکانى وڵاتدا نەماوە، بە ملیۆنان سوریى، ماڵ و حاڵیان بەرەو تورکیا و ئەوروپا و هەرێمى کوردستان بەجێهێشتووە و بەسەدان هەزار کوژراو و بریندارو گیراویش هەن، هەڵوێستى واشنتن پاش ئەو روداوانە ئەوەیە کە رژێمى بەشار ئەسەد شەرعیەتى نەماوەو دەبێت بڕوات، بەڵام روسیا و ئێران پشتگیرى لەمانەوەى دەکەن.

لەناوچە کوردیەکانى سوریاش خۆبەڕێوەبەرى و هێزى سەربازى دروستکراوە و وڵاتانى زلهێز مامەڵەى فەرمیی لەگەڵ دەکەن، بەڵام هاوکات لەگەڵ دەستوەردانى وڵاتانى دراوسێ، تائێستا دۆسیەى سوریا چارەسەر نەکراوە و بوە بە دۆسیەیەکى نێودەوڵەتى سیاسیی و مرۆیی و ئەوەى زیانمەندى یەکەمە خەڵکى سیڤیلە.
سبەى

به‌روار:  25/01/2021
521   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   771
کۆی سه‌ردان:   29230946