دادگایەکى عێراق فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دۆناڵد ترەمپ دەرکرد
دادگاى لێکۆڵینەوەى رەسافە بە تۆمەتی کوشتی ئەبومەهدی موهەندیس فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکى ئەمەریکا دەرکرد.

ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق بڵاویکردەوە، کە دادگاى لێکۆڵینەوەى رەسافە بە تۆمەتى تێوەگلان لە کوشتنى ئەبومەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى و هاوڕێکانی فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا دەرکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دواى راسپاردنى ئەو دادگایە و وەرگرتنى وتە لەکەسوکارى قوربانیانى رووداوەکە و تەواوبوونى رێکارەکانى لێکۆڵینەوەى سەرەتایى بەپێى ماددەى ٤٠٦ى یاسای سزادانى عێراقى فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ترەمپ دەرکراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، رێکارەکانى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش بەردەوام دەبێت بۆ دۆزینەوەى کەسانی دیکەش، کە بەشداریان لەو تاوانەدا کردووە جا ئەگەر هاوڵاتى عێراقی بێت یاخود بیانی.

رۆژی ٣ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لە هێرشێكی فرۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمریكادا، هەریەک لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كرانە ئامانج و كوژران.
ئێن ئاڕتی
به‌روار:  07/01/2021
466   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   663
کۆی سه‌ردان:   29255050