كونسوڵی گشتی ئەمریكا لەسەر کچەکەی کەلار هاتە دەنگ
كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێم سەبارەت بە كوشتنی ژنێك لەكەلار لەلایەن براكانییەوە، رایگەیاند، ئەم جۆرە كوشتنانە هیچ شتێك لەخۆناگرن جگە لە شەرمەزاری.

ئاوێنە: دوێنێ یەكشەممە پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە لە كەلار، سێ برا خوشكێكی خۆیان لە ماڵەكەیدا هەڵواسیوەو خنكاندویانە. سێ براكەی ژنە كوژراوەكەو كەسێكی دیكەش لە پەیوەند بە روداوەكەوە دەستگیركراون و دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە.

 ڕۆژی دوشەممە، رۆب واڵەر، كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێم سەبارەت بەو روداوە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"من زۆر دڵتەنگ بوم بە خوێندنەوەی ھەواڵی کوشتنی تۆقێنەری ژنێک لە کەلار. ئێمە دەبێت بڵێین نەخێر بۆ توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری."

وتوشیەتی"ئەم جۆرە کوشتنانە ھیچ شتێک لەخۆناگرێت جگە لە شەرمەزاری."

رۆب واڵەر جەختیشی كردۆتەوە كە "نابێت کاری لەم جۆرە قبوڵکراو بێت لە ھەرێمی کوردستان کە شانازی دەکات بە ناوبانگییەکەی بۆ ھەمەڕەنگی و لێبوردەیی."
ئاوێنە





به‌روار:  24/11/2020
1099   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   995
کۆی سه‌ردان:   29236039