یادی سلێمانی بەو جۆرە دەکرێتەوە؟
سەرکەوت سەوادی
شاری سێلمانی شاری رەنگ و بیرە جیاوازەکانە، شاری رەخنەگران و مرۆڤە ئازا و بوێرەکانە، ئەو شارە چۆکی بە ھەموو دیکتاتۆر و مشەخۆرێک داداوە، ھەرگیز سڵی نەکردووەتەوە لەوەی مەیدان چۆڵبکات بۆ ئەوانەی وەک مشەخۆر کەوتوونەتە وێزەی ئەم شارە، ھەرچی بڵێم بۆ ستایشی ئەم شارە ھەر کەمە، چونکە سلێمانی ئەوە گەورەیە وشەکان ناتوانن گوزارشتی لێبکەن.
ئەوەی من بینیم و خوێندمەوە دەربارەی یادی دامەزراندنی سلێمانی، ھیچیان نەیان توانی تینوێتی من بشکێنن و حەقی پێ بدەن، بۆیە لەمە زیاتر خۆم بۆ نەگیراو پێنوس خۆی کرد بە ھەواڵی پەنجەکان، تا سەر کێلێک بنوسم دەربارەی ئەم شارە خێر لە خۆ نەدیووە.
بە دیدی من یادی دامەزراندنی سلێمانی بەم شێوەی ئێوە دەیکەن و دەڵێن ناکرێتەوە، بەڵکو یادی سلێمانی بەوە دەکرێتەوە کە بوێرانە و بێ موجامەلە وڵامی ئەو دوو پرسیارە بدەنەوە:
چیتان پێشکەش بە پارێزگای سلێمانی کردووە؟ وە چیتان لەم شارە دەستکەوتووە و چیشتان لێ زەوت کردووە؟
کاتێک مرۆڤێکی بە ئاگا و ویژدان زیندوو، وەڵامی ئەم پرسیارانەی سەرەوە بداتەوە ناکرێت چاوی پڕ نەبێت لە فرمێسک و بەدەم ھەنسکی گریانی وەڵام نەداتەوە.
ئەوەی سەردانی سلێمانی کردبێت و چاوەکانی کردبێتەوە دەبینێت، بەڵام چی دەبینێت
دەبینێت ھەموو شوێنە جوانەکانی شار داگیرکراوە، بە پاساوی نائەخلاقی و نالۆژیکی و نا ئەقڵانی، کەمێک رابمێن و ببین کامە گرد و شوێنی گشتیاری ھەیە داگیر نەکرابێ و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بە کار نەھێندرابێ، لە کاتێک شوێنە بەرزەکان بۆ زیندوەکانە، بەڵام مردووەکانی لێ دەنێژرێت، کامە گرد ھەیە زەوت نەکرابێت و باڵەخانەو ڤێلای لێ دروست نەکرابێت بۆ لێکدانی پێکەکان و بیرکردنەوە لە چەوساندنەوەی خەڵکی بەش مەینەتی ئەم شارە و دەورووبەری.
کەمێک وەرنە ئەو دیوو دەروازەی شار و دەبین یەکێک بەناوی پێشنگای سەیارە و یەکێک بەناوی زانکۆی ئەمریکی یەکێک بەناوی باڵەخانەی گەشتیاری و یەکێک بە ناوی مۆڵ و ھوتێل و......ھتتد بەر بوونە وێزەی ئەم شارە. لەوەش خراپتر کامە بەرپرس ھەیە دەست نەختانە ناو ھەموو جومگەکانی حکومەت، کام سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کامە کۆلێژ و کامە سەرۆک بەش ھەیە بەرپرسێک و حیزبێک لە پشتنی نەبێت و لەوێ داینەنابێ!! کامە بەرپرس بە توانای خۆی و لێھاتوویی خۆی و بێ لایەنانە دەستی گەیشتۆتە پۆستێکی حکومی لەم شارەدا؟
پێتان بڵێم یادی سلێمانێ چۆن دەکرێتەوە؟
ئەو بەرپرسانەی پیرۆزبایان لە شاری سلێمانی کرد و بەڵێنی ئاوەدانی و خزمەتی زیاتریان بەو شارە دا، تەنھا ئەوان وازبێنن لە گەندەڵی، و گرەکان، مۆڵەکان، پێشنگاکان، شوێنە گەشتیارەکان، باڵەخانەکان، زانکۆ ئەھلیەکان و ئەو پۆستانەی لە ڕێگەی نایاسایی و بە لۆژیکی ھێز و فێڵ وەرتان گرتوون بیان گێڕنەوە بۆ شوێنی خۆیان.
ئەو جار دەبینن سلێمانی دەبێتە شاری شاران.
بەگەنجی قارونی نادەین خاشاکی کوچەو کۆڵانی ..
بەدڵ ھۆگری ئەم شارەین ناژین بەبێ سلێمانی ..
بهروار: 17/11/2020
760 جار خوێندراوهتهوه
|