خێزانێکی 5 کەسی کورد لە ڕێگای بەریتانیا خنکان
خێزانێکی پێنج کەسی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دایک، باوک و سێ منداڵ پێکهاتبوون, لە کەناڵی مانش لە رێگەی چوون بۆ بەریتانیا بەلەمەکەیان نوقم بوو و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا.

ئەو خێزانە کوردە لەگەڵ 22 کۆچبەری دیکە شەوی رابردوو بە بەلەمێک ویستوویانە لە بەندەری کالێی فەرەنسا و لەڕێی کەناڵی مانشەوە بگەنە بەریتانیا.

رەسوڵ ئێراننەژاد، تەمەن 35 ساڵان سەرۆک خێزان، شیوا محەممەد پەناهی، تەمەن 25 ساڵ، ئانیتا تەمەن 9 ساڵ، ئارمین تەمەن 6 ساڵ و ئارتین تەمەن 15 مانگ خنکاون، ئەوان خەڵکی گوندی گوڵینێی سەر بە شاری سەردەشت بوون، بەڵام جێگری سەرۆکی شارەوانی دەنکیری فەرەنسا رایگەیاندووە، دایک و باوک و دوو منداڵ خنکاون.

خەلیل ئێراننەژاد، برا گەورەی رەسوڵ، کە دوو رۆژ پێش ئەم رووداوە قسەی لەگەڵ براکەی کردووە، بە (رووداو)ی گوت: ئەوان دووەمجاریانبوو هەوڵیاندەدا بگەنە بەریتانیا، دوو جار ویستبوویان بە شەمەندەفەر بچن، بەڵام دەرنەچووبوون".

خەلیل دەڵێت ئەوان پێشتر زۆر لە براکەی پاڕابوونەوە لەڕێی دەریاوە کۆچ نەکات، بەڵام بە قسەی نەکردبوون. بەگوتەی خەلیل، رەسوڵ و هاوژین و منداڵەکانی لە تورکیاشەوە بۆ ئیتاڵیا هەر بە بەلەم چووبوون و خۆی باسی ناخۆشی رێگاکەی کردبوو. گوتبووی: رێگاکە شەپۆلی زۆری دەدا و زۆر ئەستەم بووە، ئەگەر زانیبام ئەم رێگایە بەمجۆرە مەترسیدار و ناخۆشە قەت نەمدەگرتەبەر.

رەسوڵ و بنەماڵەکەی سەرەتای هاوین لە سەردەشتەوە بە رێگەی قاچاخ لە سنووری ماکۆدا ئاودیوی باکوور کوردستان و تورکیا بوون، دواتر بە قاچاخ ویستوویانە بچنە یۆنا، بەڵام لەسەر سنووریی یۆنان گیراون و ئاودیوی تورکیا کراونەتەوە. جاری دووەم بە بەلەم رۆیشتوون و گەیشتوونەتە ئیتاڵیا و لەوێشەوە چوونەتە فەرەنسا، نزیکەی مانگێک بوو لەو وڵاتە بوون.

بەگوتەی خەلیل ئێراننەژاد، رەسوڵی برای سەرەتای ویستوویەتی لە ئەڵمانیا یان سویسرا بمێنێتەوە، دەڵێت: "بەڵام نازانم چۆن بوو، کە بڕیارەکەی گۆڕی".

رەسوڵ لە رێگەی قاچاخچییەکی سەردەشتەوە گەیشتبووە فەرەنسا، کەسوکارەکەی قسەیان لەگەڵ قاچاخچییەکەدا کردووە، ئەویش گوتوویەتی: من ئاگام لێنەبووە، رەسوڵ لە فەرەنسا قاچاخچی گۆڕیوە.

هارڤ تۆرنمێنت، جێگری سەرۆکی شارەوانیی دەنکیرکی فەرەنسا دەڵێت: "بەتێگەیشتنی من، ئەوان 5 میل لە کەناراوەکە دووربوون، بەڵام نازانم ئەو بەلەمەیان بۆ وەرگەڕاوە کە بەلەمەکە خۆی هی راوەماسی بووە و هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدا نەبووە".

ناتالی ئیلپەک، پەرلەمانتاری بەریتانیا، ئەو رووداوەی بە کارەسات ناوبردووە و دەڵێت: "قاچاخچییەکان هیچ بەهایەک بۆ گیانی ئینسان دانانێن".

رەسوڵ لە سەردەشت کرێکاری کردووە، تاوەکوو پۆلی چواری سەرەتایی خوێندووە. عەلی کە برای رەسوڵە دەڵێت: یەکەم مانگی بەهاری ئەمساڵ جارێکی دیکەش بەخۆی بنەماڵەوە هەوڵی رۆیشتن بۆ ئەوروپای داوە، بەڵام لە سنووری پارێزگای ورمێ دەرباز نەبوون".

عەلی دەڵێت: هەر لەبەر ئەوەی کە ئەو رێگا مەترسیدارەی گرتەبەر من نەمدەدواند، بەڵام رەسوڵ دەیگوت لێرە ژیانم زۆر سەختە و بەڕێوەناچێت.

بە گوتەی خەلیل، براکەی 800 ملیۆن تمەنی لەم رێگایەدا خەرجکرد و هەمووشی لە باوک، برا، خەزوور و خزمی دیکەی قەرز کردبوو.

هەر لەو بەلەمەدا 3 کەسی دیکەی خەڵکی سەردەشتی تێدا بووە، باوکێک و دوو کوڕ، ئەوانیش تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن و هیچ هەواڵێکیان نییە.

سبستیان پیڤ، داواکاریی دەنکیرک لە بارەی رووداوەکە دەڵێت: "لێکۆڵینەوە لەلایەن پاسەوانی سنوور دەستیپێکردووە، ئەوان لەمجۆرە کارانە شارەزایان باشترە بەو پێیەی سەرپەرشتی هاتنی خەڵک و مانەوەی کۆچبەران لە فەرەنسا دەکەن".

داواکاریی دەنکیرک گومانی لە رووداوەکە هەیە و دەڵێت: "لەوانەیە ئەم جۆرە رووداوانە بچنە قاڵبی تاوانی نێو خێزان و خۆئازاردانی ناویستانە."
ڕووداو
به‌روار:  28/10/2020
811   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   466
کۆی سه‌ردان:   29232739