دەقی وتارەكەی سەرۆكی فەڕەنسا ئیمانیول ماكرۆن
دەقی وتارەكەی سەرۆكی فەڕەنسا/ ئیمانیول ماكرۆن
( سامۆئێل پاتی )رۆژی هەینی بووە رووی کۆمار، بووە رووی ئارەزووی ئێمە بۆ لەنێوبردنی تیرۆریستان و سەرکوتکردنی ئیسلامیستەکان و ژیان وەک کۆمەڵگەیەک لە هاونیشتمانیانی ئازاد لە وڵاتەکەماندا. بووە رووی پێداگیری ئێمە لەسەر زانین، بۆ فێربوون و درێژەپێدانی فێربوون و ئازادیخوازبوون، چونکە ئێمە بەردەوام دەبین ئەی مامۆستا.
ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە ئازادی کە خۆت زۆرت فێرکردن و بەیداخی عەلمانیەت بەرز رادەگرین. واز لە کاریکاتۆر ناهێنین و واز لە وێنە دەستییەکان ناهێنین، ئەگەر ئەوانیدیکەش پاشەکشە بکەن. هەموو ئەو هەلانەی لەسەر شانی کۆمارن بۆ هەموو گەنجانی دەڕەخسێنین بەبێ جیاکاری.
مامۆستا ئێمە بەردەوام دەبین لەگەڵ هەموو مامۆستا و وانەبێژان لە فەرەنسا، بەردەوام دەبین لەسەر گوتنەوەی وانەی مێژوو بە هەموو شانازییەکانییەوە و بەهەمانشێوە بەگشت گۆڕانەکانیشیەوە. وانەکانی ئەدەبیات، میوزیک و هەموو کارەکانی رووح و عەقل دەڵێینەوە. بەهەموو هێزمان حەز لە گفتوگۆ و گەنگەشە و بەڵگەی باوەڕپێکەر و باوەڕهێنان بە رێگەی ژیرانە دەکەین. حەز لە زانست و بابەتە مشتومڕ هەڵگرەکانی دەکەین. هەروەک تۆ، کولتووری لێبووردەیی دەچێنین. هەروەک تۆ بەبێ سنوور هەوڵی تێگەیشتن دەدەین، تاوەکو زیاتر تێدەگەین. هەر ئەوەشبوو کە دەیانویست ئێمەی لێ دووربخەنەوە.
خۆمان فێری کۆمیدیا دەکەین، خۆمان فێری جیاوازی دەکەین. هەمیشە بەبیر خۆمانی دەهێنینەوە کە ئازادییەکانی ئێمە پارێزراو نابن تەنیا لە رێگەی کۆتاییهێنان بە رق و تووندوتیژی نەبێت، تەنیا لە رێگەی رێزگرتنی ئەویدیکە نەبێت.
بەردەوام دەبین ئەی مامۆستا، سەدان لاو کە تۆ پێتگەیاندن بەدرێژایی ژیانیان ئەو بیرکردنەوە رەخنەگرانەیە بەکاردەهێنن کە تۆ فێرت کردن. لەوانەیە ئەوانیش هەندێکیان ببنە مامۆستا و وانەبێژ و ئەوانیش هاونیشتمانییە لاوەکان پێدەگەیێنن. ئەوانیش خۆشەویستی کۆمار دەچێنن. کار لەسەر تێگەیشتنی نەتەوەکەمان دەکەن، کار لەسەر تێگەیشتنی بەهاکان و ئەوروپایەکەمان دەکەن.
بەدرێژایی سەردەمەکان ناوەستین. بەڵێ بەردەوام دەبین لەو تێکۆشانە لەپێناو ئازادی و لەپێناو عەقڵ کە تۆ لەمڕۆوە بووی بە رووەکەی. چونکە ئێمە قەرزداری تۆ و قەرزداری خۆمانین لەوڕووەوە. چونکە ئەی مامۆستا، چراکان هیچ کاتێک لە فەرەنسا ناکوژێنەوە، بژی کۆمار و بژی فەرەنسا .
ڕوداوو
بهروار: 26/10/2020
526 جار خوێندراوهتهوه
|