عادڵ موکەڕەم لەرێگای خواردنی وردە شووشە هەوڵی خۆکوشتنی دا
هەنگاو: عادڵ موکەڕەم بەندکراوی سیاسی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و ڕۆژی یەکشەممە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، لە ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە لە ڕێگای خواردنی وردە شووشە هەوڵی خۆکوشتنی داوە و باری تەندروستی ناجێگیرە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٨ی شەوی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (١٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠)، عادڵ موکەڕەم بەندکراوی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ئورمیە کە دوای ئەوەی هەوڵی خۆسووتاندنی دابوو بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گوازرابوویەوە، لەڕێگای خواردنی وردە شووشە هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیە، عادڵ موکەڕەم شەوی ڕابردوو لە بێهداری بەندیخانە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بووە، بەڵام کاتژمێر ٢ی نیمەڕۆی ئەمڕۆ ٢٩ی ڕەزبەر بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی بە مەبەستی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە.
 

عادڵ موکەڕەم ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەر (١٨ی ئۆکتۆبر) لە هۆڵی بەندیخانەی ئورمیە و لە پێش چاوی جێگری بەرپرسی بەندخانە و دادوەری چاوەدێر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو و بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی پزیشکی پێ بکرێت، بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوویەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسیە ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ١٠ مانگ ڕاگیرانی لە بەندیخانە بە بێ ئەوەی چارەنووسی یەکلایی بکرێتەوە، لێوەکانی دوورییەتەوە و مانی لە خواردن گرتبوو کە دوای ٣ ڕۆژ و بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە لەسەر جێبەجێ کردنی داواکارییەانی، مانگرتنەکەی خۆی شکاندبوو.


عادڵ موکەڕەم تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی ئورمیە، کۆتایی مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردو لە سنووری شاری خۆی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری خۆی لەژێر لێپرسینەوە بووە و دواتر بۆ بەندیخانەی ئەو خۆی و  دواجار بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە.
 

دانیشتنی دادگای عادڵ موکەڕەم مانگێک پێش ئێستا لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بەڕێوەچوو و تۆمەتی ”ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی و چوونە دەرەوەی نایاسایی لە وڵات“ خراوەتە پاڵ ناوبراو.
 

جێگای ئاماژەیە کە عادڵ موکەڕەم پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و سەرەتای هاوینی ٢٧١٩ (٢٠١٩) چووەتە وڵاتی تورکیا و داوای پەنابەری کردبوو.
به‌روار:  21/10/2020
441   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   167
کۆی سه‌ردان:   29227106