کچی مەغریبی نۆ کوردیان لە فەیسبووک هەڵخەڵەتاندووە

باندێکی وڵاتی مەغریب کەوتووەتە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە سۆران لە ماوەی سێ هەفتەدا نۆ کەسیان هەڵخەڵەتاندووە کە لەڕێگەی مۆبایلەوە سێکس بکەن، دوای کارەکەیان تەواوی دیمەنەکانیان ریکۆرد کردووە و بۆ رۆژی دوایی باندەکە وێنەی رووتی بۆ ئەو کەسانە دەنێرێتەوە و پێیان دەڵێت، بڕە پارەیەکی دیاریکراو نەدەن دیمەنەکان بۆ فرێندەکانیان دەنێرن.
 
سەودا و بازاڕی ئەو کەسانە لە مەغریب تووشبوونی کەسێکە بەو کارە، دەیانەوێت لەڕێگەی پارەوە کێشەکە چارەسەر بکەن، کەسێک لەگەڵ کچێکی مەغریبی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەڕێگەی مۆبایلەوە سێکسی کردووە و هانای بۆ قەسیم حوسێن هێناوە. کچە داوای لە کەسەکە کردووە لە ماوەی سێ رۆژدا شەش هەزار دۆلاری بۆ نەنێرێت دیمەنی کاتی قسە و گفتوگۆکانی بڵاودەکاتەوە.
 
قەسیم حوسێن، بەڕێوەبەری لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سۆران دەڵێت، ئەو کەسە "هاتەلام و گوتی شتێکم لێ قەوماوە، لەگەڵ کچێکی مەغریبی قسەم کردووە و شتی نەشیاویان کردبوو، رۆژی دواتر کابرایەک ئەو ڤیدیۆیەی بۆ ناردووەتەوە و پێی گوتووە ئەگەر شەست وەرەقەمان بۆ نەنێریت ئەوە وێنەکان بۆ فرێندەکانت دەنێرم، کابراش عەرەبیی نەدەزانی، نەک شەست وەرەقە، شەش دیناریشی نەبوو، گوتی چارەسەریم بۆ نەکەی خۆم دەکوژم".
 
ماوەی مانگێکە باندێکی وڵاتی مەغریب لە سۆران و دەوروبەری لە شەواندا خۆیان دەخزێننە نێو بەکارهێنەرانی فەیسبووک، دوای تووشکردنیان بە سێکس لەڕێگەی مۆبایلەوە، داوای پارە دەکەن لە بەرامبەر پاککردنەوەی دیمەن و گرتەکانی پێکەوەییان لەسەر مۆبایلە زیرەکەکان.
 
تاهیر عوسمان، خاوەن نووسینگەی دراو باس لەوە دەکات "ئەو کەسەی یەکەم کە هات و پرسیبووی کامە نووسینگەی دراو ناردنی پارەیە بۆ وڵاتی مەغریب، پێیان گوتبوو من هەمە لەڕێگەی بانکی یوسترن یونیۆم و مەنیگرام، ئەو باندەی ئەوێ داوای لە کەسەکە کرد کە ژمارەی منی بۆ بنێرێت، گوتم کاکە ئەوە بەرپرسیارێتییە و ناتوانم ژمارەی خۆمی بدەمێ، چۆن دەبێت تۆ دەربازکەم و خۆم تووشبم، گوتی تخوا کارەکەم بۆ بکە خراپم لێ قەوماوە".
 
تەنها لە ماوەی 20 رۆژدا، نۆ کەسی دانیشتووی سۆران دووچاری ناردنی پارە بوون بۆ باندەکە، دوای ناردنی پارەش ترسیان لە دووبارە هەڕەشەی باندەکە ماوە.
 
یەکێک لە قوربانییەکان دەڵێت "کچێک داوای هاوڕێیەتیی لە فەیسبووک لێکردم، منیش وەرمگرت و تووشی کارێکی خراپ بووم و داوای شەست وەرەقەیان کرد، منیش نەمبوو تاوەکو دواجار بە سەد حاڵ و لەڕێگەی نووسینگەیەکی دراوەوە بە 300 دۆلار رازی بوو".
 
ئەو ئافرەتانەی لە ئۆنلاینەکان کاردەکەن، پرۆفایلەکانیان نوێن و زانیاریی کەسییان تێدا نییە.
 
ئەکاری محەممەد، شارەزای بواری ئایتی دەڵێت "ئەو کەسانە پرۆفایلەکانیان ونن و زانیاریی کەسێتییان لەسەر نییە، تەنها ئەوە مەرجی ناسینەوەیانە، بۆیە باشترین رێگە ئەوەیە کەسێک نەناسی هیچکات نهێنیی خۆتی نەخەیتە بەردەست".
 
لە سۆران بەتەنها گەنجان نین کە تووشی ئەو جۆرە سێکسە بوونەتەوە، بەڵکو کەسانی بەتەمەنیش کەوتوونەتە داوی باندە جیاجیاکانەوە.
رووداو - سۆران

به‌روار:  16/10/2020
1692   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   339
کۆی سه‌ردان:   29232498