بەکرێگیراوێکی میت پلانی تیرۆری ئایگوڵ بێریڤان ئەسڵانی لە نەمسا هەبووە

.
رۆژنامەی نیویۆڕك تایمسی ئەمریكی بڵاویكردەوە بەكرێگیراوێكی سەر بەدەزگای هەواڵگری توركیا (میت) لەمیانی لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا لەلایەن پۆلیسی نەمساوە، دانی بەوەداناوە لەلایەن توركیاوە فەرمانی پێكراوە بۆ كوشتنی بێریڤان ئەسڵان،  سیاسەتمەداری كوردی نەمسا و ئەندامی حزبی سەوزی نەمساویی.

رۆژنامەكە راشیگەیاندووە، فەیاز ئۆزتورك، كە رەگەزنامەی ئیتاڵی پێبووە، مانگی ئابی رابردوو خۆی گەیاندۆتەوە یەكێك لە بنكەكانی پۆلیس لەشاری ڤێننای پایتەختی نەمسا و پێی وتوون كە سەر بە دەزگای هەواڵگری توركیایە و فەرمانی پێكراوە بێریڤان ئەسڵان، كە سیاسەتمەدارێكی كوردی نەمسایە بكوژێت، بەڵام رەتیكردۆتەوە ئەو كارە بكات، و داواشیكردووە پۆلیس پارێزگاری لێبكات.

هەر بەگوێرەی ئەو رۆژنامە ئەمریكییە، ئۆزتورك بەپۆلیسی نەمسای راگەیاندووە ماوەیەك دەبێت چاودێری ئەسڵان دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش ژوورێكی لەیەكێك لە هۆتێلەكانی نەمسا گرتووە تاوەكو لەنزیكەوە چاودێری ئەو سیاستەمەتدارە كوردە نەمساوییە بكات. 

هەروەها وتوشیەتی بەزۆر گەواهی ساختەی پێكراوە بۆ تاوانباركردنی فەرمانبەرێكی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە ئەستەنبوڵ بەناوی (مەتین تۆپووز).

مەتین تۆپووز كاری بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەكان لە ئەستەنبوڵ دەكرد، كە لەسەر گەواهییەكی ساختە بۆ ماوەی 8 ساڵ زیندانی دادگایی كراوە بەبیانووی ئەوەی یارمەتی گرووپێكی چەكداری تیرۆرستی داوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە حكومەتی توركیا و سەرۆكەكەی رەجەب تەیب ئەردۆگان چەندە رق ئەستوورن بەرامبەر بەنەیارەكانی و هەوڵی لەناوبردنیانی دەدات.

حكومەتی نەمسا لەمێژە نیگەرانە لەبەرامبەر كاریگەری بەكرێگیراوە نهێنییەكانی توركیا لە نەمسا و ئەم رووداوەی دوایی زەنگی ئاگاداركردنەوەیە.

كارل نیهایمەر، وەزیری ناوخۆی نەمسا رۆژی سێشەممە، بە رۆژنامەی نیویۆڕك تایمسی راگەیاند: ئەم بابەتە زۆر بەگرنگییەوە وەردەگرین. ووتیشی زۆر لەسەر ئەم بابەتە نادوێت، چونكە هێشتا كەیسەكە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە. 

32.jpg

بەهەمان شێوە، داوكاری گشتی لێدوانی لەسەر رووداوەكە نەداوە بەبیانووی ئەوەی كەیسەكە ئەوەندە هەستیارە كە دەبێت بەنهێنی بمێنێتەوە.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە، بەرپرسێكی پلە باڵای حكومەت كە نەیویستووە ناوی بهێنرێت، ووتی: ئەگەر ئەم پلانە بۆ كوشتنی ئەم سیاستەمەدارە كوردە نەمساوییە پشتڕاست بكرێتەوە، ئەوە ئاماژەیەك دەبێت بۆ هەوڵە نوێیەكانی توركیا بۆ دەستوەردان لەنەمسا.

مانگی پێشوو، تیمێكی تایبەتی پۆلیسی نەمسا، گەیشتە ئەو بڕوایەی كە توركیا سیاسەتی گێرەشێوێنی لە نەمسا پیادە دەكات و دەیەوێت ئاژاوە بخاتە ناو خۆپیشاندانەكانی كوردان لە ناوچەی فاڤۆرتین لە ڤێننا.

نیهایمەر وتیشی: سیخوڕی و دەستوەردانەكانی توركیا لەوڵاتی دیموكراتی نەمسادا جێگەی نابێتەوە، وتیشی: نزیكەی 270 هەزار هاووڵاتی توركیا لە نەمسا هەیە و نزیكەی 1/3 یان كوردن.

ئۆزتوركی 50 ساڵ لە 15ی تشرینی یەكەم خۆیدا بەدەستەوە و بە پۆلیسی راگەیاندووە كە بۆ دەزگایەكی هەواڵگری توركیا كاری كردووە بەناوی (میت)، كە لەمدواییەدا پێی راگەیانراوە ئایگوڵ بێریڤان ئەسڵان پەرلەمانتارێكی پێشووی حزبی سەوزە و بەڕەچەڵەك كوردە و رەخنەگرێكی ئەردۆگانە.

بێریڤان ئەسڵان، بەسیفەتی ئەوەی سیاستەمەتدارێكی كوردی نەمسایە، كارەكانی لەسەر كەمایەتییەكانی نەمسا بووە، پێشتر تۆڕێكی سیخووڕی هەواڵگری توركیای لە ژمارەیەك لە هەرێمەكانی نەمسا ئاشكرا كردبوو، لەوانە هەرێمی ڤێننا، دەركەوت كە ئەو تۆڕە سیخووڕییە راسپێردراون تاوەكو كاری ئاژاوە و دووبەرەكی لەنێوان هاووڵاتیانی تورك و كوردا دروست بكەن.

PUKmedia رۆژنامەی نیویۆڕك تایمز

به‌روار:  16/10/2020
547   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1011
کۆی سه‌ردان:   29235944