لەسەر کورد وەزیری دەرەوەی سوید و تورکیا دەبێتە دەمەقاڵەیان
(سبەی):
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید داوا لە تورکیا دەکات له ئازەربیجان و سوریا بكشێته‌وه و پێشێلكارییه‌كانی به‌رامبه‌ر مافی هاوڵاتییانی كورد راگرێت، لەبەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: وڵاتەکەی جیاكاری له نێوان هیچ گروپێكی كوردیدا ناكات و هه‌مویان تیرۆرستن.
ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنقەرە، مه‌ولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئان لیندی، وزیری ده‌ره‌وه‌ی سوید کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیری دەرەوەی سوید هێرشی توندی كرده سه‌ر توركیا و پارتی داد و گه‌شه‌پێدانـی به هه‌ڵگیرساندنی ململانێ له سوریا لیبیا و قه‌ره‌باغ تۆمه‌تباركرد، سەرباری تۆمه‌تباركردنی تورکیا به به‌رده‌وامیدان به پێشێلكردنی سه‌روه‌ری وڵاتانی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست.
وەزیری دەرەوەی سوید هێزەکانی تورکیای بە داگیرکەر پێناسەکرد و داوای كرد ئەو وڵاتە هێزه‌كانی لە سوریا بكشێنێته‌وه.
هەروەها ئه‌نقه‌ره‌ی به به‌رپرس له دابه‌شكردنی خاكی سوریا و چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد له سوریا تۆمه‌تبار كرد، وتیشی: زیادبونی پێشێلكارییه‌كان و هه‌ڵمه‌تی ره‌شبگیری به‌رنامه بۆ داڕێژراو له دژی گه‌لی كورد له ناوخۆی توركیاش به هه‌مو شێوه‌یه‌ك ره‌ت دەکەینەوە".
لەبەرامبەر ئەو وتانەدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا وتەکانی هاوتا سودییەکەی رەتکردەوە و تی:"ئێوه چ سیفه‌تێكتان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی داوامان لێ بكه‌ن له سوریا بكشێینه‌وه، ئێوه ناتوانن داواكارییه‌كی له‌م جۆره لێمان بكه‌ن"، هەروەها چاوشئۆغلۆ، سویدی به پشتیوانیكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) تۆمه‌تبار كرد.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا وتی: "ئایا سوریا ئیداره‌ی سوید یان یه‌كێتی ئه‌وروپای كردوه‌ته بریكاری خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی داوامان لێ بكه‌ن له خاكه‌كه‌ی بكشێینه‌وه؟".
لەبارەی ناوچەی قەرەباغەوە، چاوشئۆغلۆ وتی:" حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وه‌ستاندنی جه‌نگ له قه‌ره‌باغ ناداته‌وه".
سه‌باره‌ت به‌و پێشێلكاریانه‌ش كه به‌رامبه‌ر مافی كورد له دیاربه‌كر و سوریا و عێراقیش ده‌كرێت و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید ئاماژه‌ی پێ‌کرد، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگەیاند: توركیا جیاكاری له نێوان هیچ گروپێكی كوردیدا ناكات، چ له ناوه‌وه یاخود له‌ده‌ره‌وه و وتی: "سەرجەمیان تیرۆرستن و پشتگیری له په‌كه‌كه ده‌كه‌ن".
به‌روار: 13/10/2020
1722 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|