دەوڵەتی ئێران شەش گووندی ڕۆژهەڵات چۆڵ دەکات
دەسەڵاتی ئێران وەک یەکێک لە  داگیرکەرانی خاکی کوردستان، بە ساڵانە دژی گەلی کورد و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەریکی پیلانگێڕییە، لە برسی هێشتنەوە و بێکاری تا زیندانی کرد و لەسێدارەدان، بەڵام ئەمجارە پیلانێکی نوێ دەستپێکردووە.

بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دەسەڵاتی ئێران، فەوجی سنووریی سوپای ئێران لە شاری سەردەشت سەربە پارێزگای ئورمیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵی چولکردنی شەش گوندی ئەو سنوورە دەدات.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، ئەو فەوجە سنوورییەی دەسەڵاتی ئێران، فەرمانی چوڵکردنی شەش گوندی ناوچە سنوورییەکانی شاری سەردەشتی دەرکردووە بە پاساوی “جێگرتنیان لە هەرێمی سووری سنوور”، کە بریتین لە گوندەکانی؛ هەرزنێ، ئەشکانی خوارێ، تێت خوارێ، گاکە، بەردان و گوڕەشێرە.

ئەمە دوای ئەوە ئاشکرابوو، کە کەماڵ حسێن پوورنوێنەری دەستنیشانکراوی شاری سەردەشت و پیرانشار لە پەرلەمانی ئێران، لە نامەیەکدا کە بۆ سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران عەلی شەمخانی ئاماژەی بەو بابەتە کردووە.

حسێن پوڕ لە نامەکەیدا نووسیویەتی: خەڵکی گوندەکانی ناوچە سنوورییەکان، هەژارن و بەبێ لەبەرچاو گرتنی دۆخی ژیان و مۆڵەت لێوەرگرتنیان دەکەونە حاڵەتێکی نەخوازراو و تەنگەژەوە بۆیە پێویستە تایبەتمەندییەکانی ئەوان لە بەرچاو بگیردرێ و شوێنی نیشتەجێ بوون و کاریان بۆ دابین بکرێت.

حسێن پوڕ هەروەها لەسەر لێکەوتە ئەمنییەکانی ئەم فەرمانە کە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەرکراوە، هۆشداریی داوە.

هەرچەند دەسەڵاتی ئێران و ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی، دژایەتی خۆیان بە سیاسەتەکانیان دژی کورد سەلماندووە و تا ئێستاش بەدەوامی بەو سیاسەتانە دەدەن، بەڵام ئەم پیلانە نوێیە، بە ئاشکرا چوڵکردنی گوندەکانی ناوچە سنوورییەکانە و دەچێتە چوارچێوەی ‘کۆچبەرکردنی زۆرەملێ’ کە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤدا ئاماژەی پێکراوە و وەک شێوەیەکی ژینۆساید دەناسرێت.

جێگای ئاماژەیە، بەپێی زانیاریی سەرچاوە هەرێمییەکان، لە ماوەی ڕابردوودا، دەسەڵاتی ئێران، ژمارەیەکی زۆر هێز و چەکی ڕەوانەی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.
ڕۆژنیوز
به‌روار:  27/09/2020
473   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   13
کۆی سه‌ردان:   29220668