سەرۆکی مۆلۆسیا بە پێنج سەربازەوە هەڕەشە لە ئەمریکا و ئەڵمانیا دەکات
کێڤن بۆف سەرۆکی مۆلۆسیایە، ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ هاوڕێیەکیدا ئەو دەوڵەتەیان لەناو ویلایەتی نیڤادا لە ئەمریکا دامەزراند، کە نە ئەمریکا و هیچ وڵاتێکی تر بە فەرمی دانیان پیادانەناوە، سەرەتا هاوڕێکەی ببووە سەرۆک، بەڵام (کێڤن بۆف) لێی هەڵگەڕایەوە و خۆی لەبری ئەو بووە سەرۆک.

مۆلۆسیا بە بچوکترین دەوڵەت لە جیهاندا ناودەبرێت، رووبەرەکەی تەنیا شەش دۆنمە، ژمارەی دانیشتوانیشی لە ٤٠ کەس تێپەڕناکات، ئەم دەوڵەتە خاوەنی حکومەت و مارشی نیشتیمانی و ئاڵای تایبەت بە خۆیەتی، لەگەڵ دراوێک بەناوی (فۆلۆرا)، هاوکات بەفەرمانی کێڤن بۆف "کۆکیز" کراوەتە خواردنی نیشتیمانی و رێگەش نادات هیچ کەسێک پیاز و سپێناغ و ماسی قەرموت و جگەرە بخوات.

هەڵگرتنی چەک و کیسی پلاستیکی و ژەنینی میوزکیشی لە گەرماو قەدەغەکردووە، گەلی مۆلۆسیا بژێویی ژیانیان لەسەر ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیانە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، وەک سابوون و پوولی پۆستە.

کێڤن بۆفی سەرۆک هەمیشە پۆشاکێکی سەربازیی لەبەردەکات و  چاویلکەیەکی گەورەی رەنگ رەشیش لە چاوەکانی دەکات، تا چواردەوری خۆی لێی بترسن و بەقسەی بکەن.

مۆلۆسیا باجیش بە حکومەتی واشنتۆن دەدات و سەرۆکەکەشی دەخوازێت لە بەرانبەردا یارمەتی دارایی بدرێن، تا رێگەکان و خانووەکانی پێ نۆژەنبکەنەوە.

لەم دەوڵەتە بچووکەدا نوسینگەیەکی پۆستە و بانکێکی بچوک و ناوەندێکی توێژینەوەی ئاسمانیی هەیە، کە کێڤن بۆف شانازییان پێوەدەکات و چوونە ناوەوەی مۆلۆسیاش پێویستی بە ڤیزا هەیە کە خودی کێڤن بۆف مۆر لەسەر پاسپۆرتەکان دەکات.

ئەگەرچیش سوپای مۆلۆسیا تەنیا لە پێنج سەرباز پێکهاتووە، بەڵام بەردەوام کێڤن بۆف هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات بە بەرپاکردنی جەنگ، بەو پێیەی رەتیدەکاتەوە دانبنێت بە دەوڵەتەکەیدا، هەروەها بەبێ بوونی هۆکارێکی روون هەڕەشەش لە ئەڵمانیا دەکات.
ئێن ئاڕتی
به‌روار:  22/09/2020
496   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   827
کۆی سه‌ردان:   29234846