لە سوید هەوڵی دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەدرێت
هاکن سڤینەلیگ پەرلەمانتاری پارتی چەپی سوید و وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی پارتەکە ڕایگەیاند، دوای داخستنی دۆسیەی کوشتنی ئۆلف پاڵمێ سەرۆک وەزیرانی پێشووتری سوید، بابەتی دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەکەنە بابەتی گفتوگۆ و دەیخەنە رۆژەڤی سوید و یەکێتی ئەوروپاوە.

سڤینەلیگ، بۆ ئاژانسی فورات قسەیکردووە و تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی لە چوارچێوەی لێپرسینەوە لە کوشتنی پالمەدا، ئەو کەسانەی بە کوشتنی ناوبراو تاوانبار کران، چەندین جار دەستگیر کران، بەرپرسانی دەوڵەت بە دوای زانیاریی هەڵەدا چوون و پەکەکەیان وەکو تاوانبار پیشان دەدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە هەڵەیەکی زەقی سیستمی یاسا و پۆلیسی سوید بوو.

سڤینەلیگ لە بارەی داواکاریەکان بۆ ئەوەی دەبێت دەوڵەت داوای لێبوردن لە کۆمەڵە و رێکخراوە کوردیەکان بکات و ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت، وتی: ئەمە داواکاریەکی ڕاست و لەجێی خۆیەتی، چەندین خانەوادەی کورد ڕووبەڕووی فشاری دەوڵەتی سوید بوونەوە، لە لایەن پۆلیس و دامودەزگاکانی سویدەوە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کرا، هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکانیان، مافی پەنابەریی هەندێکیان لێسەندرایەوە، ئەمانە هەموویان لەسەر بنەمای تاوانبارکردنێکی بێبنەما ئەنجام دران، تاوانبارکردنی پەکەکە لە سوید هێرشێک بوو بۆ سەر کورد.

پارتی چەپ لە کۆنگرەکەی ساڵی ٢٠١٦ـیدا بۆ ئەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت، ئەرکێکی تایبەتی بە سەرکردایەتیی پارتەکەی سپارد، سڤینەلیگ لەو بارەیەوە وتی: لە گونجاوترین کاتدا، بابەتی دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر، دەکەنە بابەتی گەرمی گفتوگۆ لە پەرلەمانی سوید.

ئاماژەشی بەوەدا، کە دەوڵەتی تورک بوونی پەکەکە لە ناوی لیستی تیرۆردا، بۆ سیاسەتە ئیمپریالیستەکانی وەکو ڕاسپاردەیەک دەبینیت، هاوکات بۆ ئەوەی فشار لەسەر دەرەوە دروست بکات، بەکاری دێنیت، دەبێت کۆتایی بەمە بهێنریت، بۆیە پێویستە بابەتی دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر بکەینە رۆژەڤ و بابەتی گەرمی ڕۆژ، ئێمە بێگومان بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەین، هاوکات ئەم بابەتە دەکەینە بابەتی گفتوگۆکانی پەرلەمانی ئەوروپاش.
ڕۆژنیوز
 
به‌روار:  17/09/2020
401   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   772
کۆی سه‌ردان:   29230907