ترەمپ سەربازێکی خەڵات کرد کە ٧٥ عێراقی لە داعش رزگارکردبوو
سەرۆکی ئەمریکا مەدالیای ڕێزلێنانی بەو ئەفسەرەی وڵاتەکەی بەخشی کە لە ساڵی ٢٠١٥دا، توانی لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازیدا ٧٥ هاوڵاتی عێراقی لەدەست داعش لە حەویجە رزگاربکات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵیادی ڕووداوەکانی ١١ی سێپتێمبەردا، مەدالیای ڕێزلێنانی بەخشیە تۆماس باین، ئەفسەر لە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا بەهۆی ئەوەی بەشداریکردووە لە رزگارکردنی ٧٥ کەس کە لە حەویجە لای داعش دەستبەسەربوون و هەر لەو ئۆپراسیۆنەشدا، لەگەڵ تیمەکەیدا، توانیویانە ٢٥ چەکداری داعش بکوژن.

لە چوارچێوەی مەراسیمەکەدا، دۆناڵد ترەمپ ئەو ئەفسەرەی بە "ئازاترین" کەس لە جیهاندا وەسفکرد و وتیشی کە "باشترین" سوپای جیهانیان هەیە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، ئەو ئۆپراسیۆنەی ساڵی ٢٠١٥ی هێزەکانی ئەمریکا بە هاوبەشی بووە لەگەڵ هێزێکی تایبەتی کوردی و رووداوەکەش لەلایەن هێزە کوردییەکەوە بە ڤیدیۆ تۆمارکراوە.

باین تەمەنی ٣٦ ساڵە و لە ساڵی ٢٠٠٢ پەیوەندیکردووە بە سوپای پیادەی ئەمریکییەوە و خولەکانی تەواوکردووە لە بنکەی سەربازی هێزی ئاسمانی لە ویلایەتی جۆرجیا و ساڵی ٢٠٠٣ مەشقە سەربازییەکانی تەواوکردووە.

بە پێی تەلەفیزیۆنی ئی بی سی ئەمریکیش، رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥، کاتێک تۆماس باین بەشداریکردووە لە هیرشێکی ئاسمانی سوپای ئەمریکا کە هێزەکانی دەلتا بەهاوکاری هێزێکی تایبەتی کوردی ئەنجامی داوە لە شارۆچکەی حەویجەی باشوری کەرکوک. هێرشە ئاسمانییەکە بنکەیەکی داعشی کردبووە ئامانج کە ٧٥ هاوڵاتی عێراقی تێدا دەستبەسەربوون و داعش بڕیاری دابوو لەسێدارەیان بدات.
ئێن ئاڕتی
به‌روار:  14/09/2020
458   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   459
کۆی سه‌ردان:   29261214