لە شەڕی کۆبانێ 440 چەکداری ئیسلامیمان کوشت


پۆڵات جان، سەرۆکی سەنتەری زانیاری یەکینەکانی پاراستنی گەل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێ، گرووپە ئیسلامییەکان لە چەندین بەرەوە هێرش دەکەنە سەر رۆژئاوای کوردستان، بەڵام هێزەکانی  پاراستنی گەل توانیویانە بەرپەرچی ئەو هێرشانە بدەنەوەو بە سەدەها چەکداری ئەو گرووپانە بکوژن.

رووداو: دوایین بارودۆخ و گۆڕانکاری شەڕەکەتان لەگەڵ گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا، بە تایبەت لە دەوروبەری کۆبانێ و شارۆچکەکانی دیکە چییە؟

 ئەم گرووپانە لە  لازقیە، ئیدلیب، حەلەب، دێر ئەزور و رەقەوە هاتبوون 
پۆڵات جان:  مافیاکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا، مەبەستیان داگیرکردنی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی ناوچەی کۆبانێیە. ئەوان دەیانویست ناوچەی کۆبانێ بخەنەسەر دەوڵەتە ئیسلامییەکەیان،  بۆیە بە پشتگیری رژێمی ئەسەد هێرشێکی بەرفراوانیان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باشوورەوە دەستپێکرد و تورکیاش چاوپۆشی لێکردن. بەڵام هێرشە بەرفراوانەکەیان تێکشکا، 440 کەسیان لێ کوژرا و ئەوانی دیکەش گەڕانەوە بۆ مۆڵگەکانیان.

ئەوان نەگەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکەیان کە جیاکردنەوەی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی کۆبانێ بوو لە جەزیرە و عەفرین، بەمەبەستی گۆشەگیرکردنی کۆبانێ و رێگرتن لە گەیشتنی هێز و یارمەتی بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ناوچەکانی دیکەوە. 

هێزەکانمان لە جەزیرە چەندین سەرکردەی دەوڵەتی ئیسلامی هەرێمی حەسەکەیان کوشت کە لە نێویاندا ئە‌بو ماریا، ئەبو یوسف، ئەبو مەعاز ئەنساری و ئەبو فاروق تورکی بوون.

رووداو: گوتت کە یەکینەکانی پاراستنی گەل 440 چەکداری دەوڵەتی ئیسلامییان کوشتووە. هەندێک دەڵێن ئەو ژمارەیە زیادەڕەوی تێداکراوە. ئایا لە راستیدا ئەوەندە چەکداری دەوڵەتی ئیسلامیتان کوشتووە؟

  مەبەستیان داگیرکردنی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی ناوچەی کۆبانێیە 
پۆڵات جان: پرەنسیپی ئێمە ئەوەیە کە زیادەڕەوی نەکەین و زانیاری هەڵە نەدەین. کاتێک هەڤاڵێکمان شەهید دەبێت بە ئاشکرا رایدەگەیەنین. ژمارەی شەهیدەکانمان و وێنەکانیان بۆ جەماوەر بڵاودەکەینەوە. بەڵام بڕیارمانداوە کە وێنەی لاشەی کوژراوانی دوژمن بڵاونەکەینەوە. بەڵام، ئەگەر هەر کەناڵێکی میدیاو رۆژنامەیەک بیەوێ ئەو وێنانە ببینێت، ئەوا ئێمە وێنەکانیان نیشان دەدەین.

دەمەوێت ئەوەتان بیربخەمەوە کە ئەم گرووپانە لە  لازقیە، ئیدلیب، حەلەب، دێر ئەزور و رەقەوە هاتبوون بۆ ناوچەی کۆبانێ. خەڵکی چەند وڵاتێکی جیاواز بوون وەک چیچان، تورکیا، ئازربایجان، لیبیا، تونس، قەتەر و سعودیە. بۆیە ئەو ژمارە کوژراوە کە 440 کەس بوو زیادەڕەوی نییە و تەواوە .

رووداو: گوتت داعش بە یارمەتی رژێمی ئەسەد هاتبوون بۆ شەڕکردن لە دژی ئێوە. هەروەها دەڵێن کە چیدی تورکیا پشتگیری لە گرووپە تووندڕەوەکان ناکات وەک ئەوەی لە ڕابردوودا دەیکرد. تێڕوانینی تۆ چییە لەسەر ئەو دوو خاڵە؟

پۆڵات جان: چەندین یەکەی سوپای سووریای ئازاد لەلایەن گرووپی دەوڵەتی ئیسلامییەوە تێکشکێنرا. ئێستا، چەندین چەکداری سوپای سووریای ئازاد  پەنایان هێناوە بۆ ناوچە کوردییەکان. لە زۆر لە بەرەکاندا، یەکینەکانی گەل و سوپای سوریای ئازاد شانبەشانی یەکدی لە دژی گرووپە تووندڕەوەکان دەجەنگن. لە بەرژەوەندی رژێم نییە کورد بەهێز بێت و ناوچەی رۆژئاوا بە  ئارامی بمێنێتەوە. زیاد لەوەش رژێم دەیەوێ گرووپەکانی سەر بە سوپای سووریای ئازاد و کورد  بە گژی یەکتر بدات. چەند زانیارییەکی هەواڵگری دروستمان لەم بارەیەوە لایە.

ماوەی چەند مانگێکە‌ هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی فیشەکێکیان لە دژی هێزەکانی رژێمی ئەسەد نەتەقاندووە. لەگەڵ ئەوشدا فڕۆکە جەنگییەکانی رژێم بۆمبارانی هاووڵاتیانی مەدەنی ناوچەکانی حەلەب و ئیدلیب وحومس دەکات، بەڵام هێرش ناکاتە سەر پێگەو بنکەکانی دەوڵەتی ئیسلامی. 

  رژێم دەیەوێ گرووپەکانی سەر بە سوپای سووریای ئازاد و کورد  بە گژی یەکتر بدات 
سەبارەت بە تورکیاش ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی دەیکات خزمەتکردنە بە تورکیا. لە بەرژەوەندی ئەنقەرەدا نییە کە کوردی دراوسێیان پێشکەون و حکومەتی خۆیان دابمەزرێنن و کاروبارەکانی خۆیان بەڕێوەبەرن.  بەردەوام ئەدایەکی نێگەتیڤ لە دژمان بەکاردەهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێکجار سەربازە تورکەکان  بنکەکانیان لەسەر سنوور جێدەهێڵن تا چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بە ناوچەکانیاندا تێپەڕن و هێرش بکەنە سەر گوندە کوردییەکان. بۆ ئەمەش بەڵگەمان هەیە. 

رووداو: ئێستا، لەسەر سنووری نێوان رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان هەندێ خەندەق هەڵکەنراون، هەروەها چەند خۆپیشاندانێک لە دژی هەڵکەندنی ئەو خەندەقانە سازکراوە. بەڵام بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بڵاویان کردەوە مەبەست لەو خەندەقەکان ڕێگرتنە لە پەڕینەوەی تیرۆرستان بۆ ناو هەرێمی کوردستان. بۆچوونی تۆ چییە لەوبارەیەوە؟ 

پۆڵات جان: ئەو خەندەقانە شەرمەزارین! پاش ئیمزاکردنی رێکەوتنامەی سایکس بیکۆ و دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار پارچە، هیچ خەندەقێک لە نێوان ئەو پارچانەی کوردستان هەڵنەکەنرا. لەنێوان دەوڵەتی سووریا و تورکیا هیچ خەندەقێک هەڵنەکەنرا،  لە بری ئەوە‌ سنووری نێوانیان مینڕێژ وتەلبەند کرد. کاتێک رژێمی عێراق و سووریا لە لوتکەی ناکۆکییەکانیاندا بوون هیچ خەندقێکیان هەڵنەکەند، تەنیا بەخۆڵ سنوورەکانی نێوانیان بەرزکردەوە.

بەیاننامەکەی پارتی بەهیچ جۆرێک جێی قەناعەتکردن نییە. لە دیوی سنوورەکانی رۆژئاوای کوردستان هێزەکانی پاراستنی گەل هەن و پارێزگاری لە سنوورەکان دەکەن. تا ئێستا هیچ کەسێک تیرۆرستێکی نەبینیوە لە دێرکەوە بپەڕێتەوە بۆ ناو زاخۆ! ئەو تیرۆرستانەی ئەوان باسی دەکەن هەرێمە سوونییە عەرەبەکان بەکاردەهێنن بۆ پەڕینەوە لە سنوورەکان.

رووداو: ئێوە لە بەیاننامەیەکدا داوای پشتگیریتان کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ، کەس بە دەنگتانەوە هات؟

 ئەو خەندەقانە شەرمەزارین! 
پۆڵات جان: زۆر لە پارتە کوردییەکانی باکووری کوردستان و بەبڵاوکردنەوەی بەیاننامە پشتگیرییان کردین، بەڵام ‌یارمەتی راستەوخۆیان نەداین. زۆر لە گەنجانی باکوور، باشوور و رۆژهەڵات گەیشتنە رۆژئاوا و ئێستا لە ریزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل دان.

رووداو: ئەی پارتە سیاسییەکان؟

پۆڵات جان: پارتی یەکگرتووی دیموکراتی کوردی سووریا کە ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردە بەهانای بانگەوازەکەمانەوە هات و پشتگیرییان لێکردین. بانگەوازەکەی موحێدین شێخ ئالی سەرۆکی پارتەکە زۆر مانادار بوو کاتێک داوای لە ئەندامانی پارتەکەی کرد پشتگیری لە یەکینەکانی گەل بکەن و پارێزگاری لە کۆبانێ بکەن. هەروەها جەمال شێخ باقی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد بەدەم بانگەوازەکەمانەوە هات.
ڕووداو
به‌روار:  24/04/2014
909   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   814
کۆی سه‌ردان:   29234487