یەکێتی یەکەمە لە کەرکوک
پێشبینی دەکرێت یەکێتی یەکەم بێت لەسەر ئاستی هەمو حزبەکانی هەر چوار نەتەوەکە، بەڵام کورسییەکانی کەمبکات.


ئەرکی تەواوی حزبەکان بەهەر سێ نەتەوە سەرەکییەکەی کەرکوک بۆ هەڵبژاردن قورس بوە، چونکە بەهۆی پەرتبونیانەوە لەیەککاتدا شەڕی حزبەکانی نەتەوەى خۆیانء دەرەوەى خۆشیان دەکەن، بۆ بردنەوەى زۆرترین کورسی پارێزگاکە.

کوردو عەرەبء تورکمان سێ نەتەوەى سەرەکی پارێزگاکەن بە 16 لیستء هاوپەیمانێتی لەململانێدان بۆ بەدەستهێنانی 12 کورسیەکەى کەرکوک، لەپاڵ کلدۆئاشورییەکان کە پێکهاتەى چوارەمنء کورسیەکی کۆتایان بۆ دانراوە.

حزبە کوردییەکان شەڕی خاوەندارێتی دەکەن

کورد بە حەوت لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکاتء ململانێیەکی توند لەنێوانیاندایە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی تا وەک هێزی یەکەمی کوردی لەپارێزگاکە دەربکەونء خۆیان وەک خاوەندارێتی شارەکە نیشانبدەن.

هێزی یەکەم لەنێو هەموو نەتەوەکاندا بۆ ئەم هەڵبژاردنە لەنێو حزبە کوردییەکاندا تاڕادەیەکی زۆر بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان یەکلابۆتەوە، بونی حەوت لیستی عەرەبیء حەوت لیستی کوردی ئەو چانسەى پێداوە، چونکە یەکێتی زۆرترین جەماوەری هەیە بە بەراورد بەحزبەکانی تر، بەڵام بەدەستنەهێنانەوەى کورسییەکانی پێشوی یەکێکە لە ئەگەرە بەهێزەکان.

یەکێتی جگە لەوەى لە هەڵبژاردنەکانی 2010دا وەک هێزی یەکەم – لەنێو کوردەکاندا – دەرکەوت بە بردنەوەى پێنج کورسی لەکۆی ئەو شەش کورسییەى بەر هاوپەیمانی کوردستانی کەوت، هاوکات بۆ ئەم هەڵبژاردنە چەکێکی بەهێزی بەدەستەوەیە بۆ روبەڕوبونەوەى رکابەرەکانی.

نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک بەهۆی گۆڕینی سیمای شارەکەو هەندێک خزمەتگوزاری، سەرنجی زۆرێک لەخەڵکی شارەکەى راکێشاوە کە ئێستا سەرۆکایەتی لیستی یەکێتی دەکات، هەرچەندە لایەنەکان باشنەبونی دۆخی ئەمنیء تۆمەتبارکردنی بەناشەفافی لە هەندێک پڕۆژە لەدژی بەکاردەهێنرێتەوە.

لە هەڵبژاردنەکانی 2010دا لە کۆی 557 هەزارو 37 دەنگدەر، لیستی هاوپەیمانی کوردستانی 206 هەزارو 542 دەنگی هێنا ئەوەش کەمتربوو لەڕکابەرەکەى (لیستی عێراقییە) بەپێی دەنگ کە 211 هەزارو 336 بوو، بەڵام هەردوکیان یەکی شەش کوردسییان بەدەستهێنا.

ئەوەش لەکاتێکدابوو کورد لەو پارێزگایە لەئێستا یەکگرتوتر چوە پرۆسەکەوە، چونکە یەکێتیء پارتی وەک دو هێزی سەرەکی هەرێمی کوردستانء کەرکوکیش پێکەوە بەشدارییان کرد.
ئێستا پارتی ململانێیەکی توندی بەرامبەر بە هاوپەیمانەکەى پێشوی (یەکێتی) دەستپێکردوەء تۆمەتی”گەندەڵییء بەفیڕۆدانی” سامانی کەرکوکی خستۆتە پاڵیء دۆسیەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەو تۆمەتانە لەدادگایە.

پارتی لەهەڵبژاردنی 2010دا لەکۆی شەش کورسییەکەى بەر لیستی هاوپەیمانی کەوت یەک کورسی بردەوەو وەک هێزی دوەم لەنەتەوەى کورد دەرکەوت، ئەگەر بەراوردبکرێت بە هەڵبژاردنی رابردو ئەوا کورسییەکەى بۆ ئەم هەڵبژاردنەش مسۆگەرە.

گرفتێکی یەکێتیء تاڕادەیەکیش پارتی لەکەرکوک بەرزبونەوەى دەنگی نەیارە کوردەکانیانە بۆیە پێشبینی گۆڕانکاری دەکرێت لەژمارەى کورسییەکان.
لەنێوان دوو هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی عێراق (2005 بۆ 2010) ئەو کوردانەى دژی یەکێتیء پارتی دەنگیان بەلایەنی تری کوردیدا بۆ 61 هەزار دەنگ بەرزبۆوە، هەروەها پەیڕەوکردنی سیستمی سانت لیگۆ بۆ هەژمارکردنى دەنگەکان لەبەرژەوەندی هێزە بچوکەکاندایە کە دەتوانن بەزۆرترین دەنگی ماوە کورسی ببەن، ئەوەش هۆکارێکی تری کەمبونەوەى ژمارەى کورسییەکانی یەکێتییە.
لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لەساڵی 2005 یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان تەنیا لایەنی کوردی بوو لەو پارێزگایە نەچوە نێو هاوپەیمانی کوردستانء شەش هەزار دەنگی بەدەستهێنا.
بۆ هەڵبژاردنی 2010 دەنگەکانی ئەو حزبە – جارێکی تر بەتەنیا بەشداریی کرد- بۆ نزیکەى 24 هەزار بەرزبۆوە، هاوکات بزوتنەوەى گۆڕانیش کە دروشمی نەهێشتنی گەندەڵییء بەڵێنی چاکسازی بەرزکردبۆوە 37 هەزار دەنگی هێنا، کۆمەڵی ئیسلامیش شەش هەزار دەنگ، واتە 67 هەزار دەنگدەر دەنگیان بە یەکێتیء پارتی نەداوە.
ئەگەر شەش هەزار دەنگەکەى یەکگرتوو لەساڵی 2005 دەربکەین، واتە 61 دەنگدەری رکابەرەکانی یەکێتیء پارتی لەساڵی 2010 زیادی کردوە، ئەوەش لەبەرژەوەندی یەکێتیء پارتی بەتایبەت یەکێتیدا نییە.

لەحاڵەتی هێنانەوەى دەنگەکانی 2010دا گۆڕان ئەگەری بەدەستهێنانى کورسی هەیە، ئەگەرنا یەکگرتوی ئیسلامی ئەو کورسییە دەبات ئەوەش بەپشتبەستن بەهەڵکشانی دەنگەکانی لە 2005 تا 2010 کە جیاوازییەکەى 18 هەزار دەنگە.

پەرتبونی کورد زەرەرە، چونکە هەموو لایەنەکان ناتوان کورسی بهێنن، بۆیە دەنگەکانیان دەفەوتێت، بەڵام ئەوەى خزمەتی بەکورد کردوە پەرتەوازەیی نەتەوە رکابەرەکانیەتی (عەرەبء تورکمان).
ئەگەر گریمانەى ئەوەش بکرێت کورد شەش کورسییەکەى بەدەستدەهێنێتەوە، ئەوا بەپێی بەراوردی دەنگی 2005و 2010 یەکێتی وەک هێزی یەکەم دەمینێتەوە بەڵام بەکورسی کەمترەوە.

عەرەب “ئۆپۆزسیۆنء دەسەڵات” لەململانێدان

پێکهاتەى عەرەب بە حەوت لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەنء هاوشێوەى کورد شەڕی خۆیانء دەرەوەى خۆشیان لەگۆڕەپانی هەڵبژارندا یەکلایی دەکەنەوە، بەپێچەوانەى هەڵبژاردنی رابردو کە زۆرینەیان لەنێو لیستی عێراقیەدا بەشداریان کرد بەسەرۆکایەتی ئەیاد عەلاویی.

بەشێک لە لیستە عەرەبییەکان بۆ ئەم هەڵبژاردنە وەکو ئۆپۆزسیۆنی حکومەت مامەڵە دەکەنء ئەو لایەنە عەرەبییانەى تر تۆمەتبار دەکەن کە بەشدارییان لەپەرلەمانء حکومەتدا هەیە.
هاوپەیمانێتی عەرەبەکانی کەرکوک، کە لە سێ قەوارە پێکهاتوەو عەبدولڕەحمان مونشد عاسی سەرۆکایەتی دەکات یەکێکە لەو هاوپەیمانێتییانەى کە وەکو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەکەن.

عاسی کە هاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبییە- بۆیەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەکات، هیچ نوێنەرێکیان لەپەرلەمانی عیراقء پشکی لەحکومەتء ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا نییە.
ئەنجومەنەی مونشد کە پێکهێنەری سەرەکی هاوپەیمانێتی عەرەبەکانی کەرکوکە لە ژمارەیەک سەرۆک هۆزو عەشیرەت کە دیارترینیان عەشیرەتی عوبەیدییە پاڵپشتی دەکەن، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکانی قەزای حەویجەو ناحیەکانی ریازو زاب کە زۆرینەی دانیشتوانەکەى عەرەبن.

هاوکات بەرەى رزگاریخوازی عەرەبی، کە عومەر جبوری سەرۆکایەتی دەکات لەسێ قەوارە پێکهاتوە، شانبەشانی هاوپەیمانێتی عەرەبەکانی کەرکوک گرەو لەسەر دەنگی نەتەوەى عەرەب دەکەن.
ئەگەر لای دەنگدەری عەرەب دژایەتیکردنی نەتەوەى کورد یەکێک بێت لەپێوەرەکانی دەنگدان ئەوە دەبێت ئەو دوو هاوپەیمانێتییە زۆرینە دەنگی عەرەبە ناسیۆنالیستەکان بەدەستبهێننء هەردولاش ئەگەری بەدەستهێنانی کورسییان هەیە.

هەڵوێستە توندەکانی مونشد عاسی دژ بەگەلی کوردو هێزی پێشمەرگەو ئاسایش لەناوچەکەو وڵامدانەوەى لایەنە کوردیەکانیش ناوبراوی کردوە بەکەسێکی دیار، بەجۆرێک خۆی دەڵێت “کورد بەدوژمن وێنام دەکەن”.

ئەوەش لەکاتێکدایە عومەر جبورى دژ بە کورد لە کەرکوک هەڵوێستەکانی توندە، ئەوانەش کاریگەرییان لەسەر هۆزو عەشیرەتەکانی ناوچەکە هەیە کە تائێستاش لەگەڵ کورد گرفتی خاوەندارێتی زەوی کشتوکاڵیان هەیە.

چەکێکی تری ئەو دوو هاوپەیمانێتییە دژایەتیکردنی توندی حکومەتەکەى نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوەش بەهۆی روداوەکەى حەویجەوە کە ناڕەزایی گەورەى لای عەرەبی کەرکوک دروستکرد.

ئەمڕۆ 23/4/2013 ساڵێکی رێک بەسەر ئەو روداوەدا تێپەڕدەبێت کاتێک بەفەرمانی مالیکی هێزی سوات پەلاماری گۆڕەپانی مانگرتوانیاندا لە قەزای حەویجەو 50 کەسی لێکوشتنء 110ی تر برینداربون، کە ئەوکات لەدەربڕینی ناڕەزایەتیدابون دژ بەحکومەتی عیراق، ئەوەش رەنگە دەنگی ئەو دوو هاوپەیمانێتییە زیاد بکات.

بەڵام ئیئتیلافی عەرەبییە کە ساڵح موتلەگ سەرۆکایەتی دەکاتء کەسی یەکەمی لیستەکەش لە کەرکوک محەمەد تەمیم وەزیری پەروەردەیە رکابەرێکی سەختی هەردوو (بەرەى رزگاریخوازی عەرەبیء عەرەبەکانی کەرکوکە).
ئەو ئیتیلافە ئومێدی زۆری بەدەنگی ئەو عەرەبانەیە کە بەهۆی وەزیری پەروەردەو ساڵح موتلەگ جێگری سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە سودمەندبونء لەدامەرزاوەکانی حکومەتدا دامەزرێنراون، جگە لەوەى خودی محەمەد تەمیم خەڵکی حەویجەیە کە گەورەترین قەزای کەرکوکەو بۆ لیستە عەرەبەکان یەکلاییکرەوەیە.

بەڵام خاڵی لاوازی ئیئتیلافی عەرەبییە ئەوەیە کە ساڵح موتلەگء محەمەد تەمیم نزیکبون لەمالیکییەوە، ئەوەش خواستی زۆرێک لەعەرەبەکانء خەڵکی حەویجە نییە.
هاوپەیمانێتی عێراق لەکەرکوک بەسەرۆکایەتی عەبدولسەلام جبوریی کە کەسایەتی جیاواز لەخۆدەگرێت. هاوشانی بەرەى عێراقی عەرەبی بەسەرۆکایەتی ئەحمەد جبوری پێشبینی بەدەستهێنانی کورسییان لێناکرێت مەگەر بە زۆرترین دەنگی ماوە.

تورکمان دو بەرەى تێکەڵ بەهێزە گەورەکان

تورکمان بەدو هاوپەیمانێتی دژ بەیەک بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات، کە خۆیان لەگەڵ هێزە گەورەکان لەسەر ئاستی عێراق هەڵواسیوە، لەنمونەى دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی مالیکیء ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیء رەوتی سەدر.

بەرەی تورکمانی لە کەرکوک – حەسەن تۆران سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سەرۆکایەتی دەکات – گەورەترین هاوپەیمانێتی تورکمانەکانە، کە لە 9 حزبی تورکمانی پێکدێت لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراق – بەسەرۆکایەتی عەمار حەکیم-‌و رەوتی سەدر کە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتی دەکات.
ئەم بەرە فراوانە مسۆگەرکردنی کورسیەکی لێدەکرێت، کە زۆرێک لەتورکمانە شیعییء سونەکان پشتیوانی لێدەکەن.

بەڵام (بەرەی تورکمانی ئازاد) تۆرهان موفتی وەزیری دەوڵەت سەرۆکایەتی دەکات، بەسێبەرى مالیکی دادەنرێتء کاندیدی لەو لیستەدا هەیە، بەڵام چاوەڕوانناکرێن دەنگی پێویست بهێنن بۆ مسۆگەرکردنی کورسییەک بەوەى خودی لیستەکەى مالیکی لە هەڵبژاردنی رابردو هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێناو تۆرهان موفتیش کە لەسەر حسابی تورکمانەکان بوە وەزیر دواتر لەبەرەى تورکمانی جیابۆە.
هاوڵاتی
به‌روار:  24/04/2014
1234   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   842
کۆی سه‌ردان:   29252531