لەسەر زمانی كوردی، دادگای ئەوروپا سزای توركیا ی دا

بەھۆی ئەوەی لەماوەی زیندانیدا رێگەیان پێنەدراوە بەزمانی كوردی بەتەلەفۆن لەگەڵ خێزانەكانیان قسە بكەن، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سزای قەرەبووی بەسەر توركیایدا سەپاند.

دوای دانیشتن بۆ ھەڵسەنگاندنی سكاڵای هەریەك لە زیندانییەكان نوسرەت كایا، ئەحمەد گێرێز، مەحمەد شیرین بۆزچەلی، مەسعود یوت سەڤەر، مەحمەد نوری ئۆزەن. كە لە ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٦ پێشكەش بە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایان كردبوو، بەپێی مادەی ھەشتی مافی مرۆڤی ئەوروپا، توركیا بە پێشێلكردنی مافی خێزان و كەسی زیندانی تاوانباركرا، كە رێگریان لێكراوە بەزمانی كوردی لە پەیوەندیە تەلەفۆنییەكاندا قسەبكەن.

بەپێی بڕیارەكە، دەبێ توركیا بە بڕی ٥٠٠ یۆرۆ قەرەبووی زیندانییەكان بكاتەوە و خەرجیی دادگاییەكە بدا، تەنیا یەكێك لە زیندانییەكان، نوسرەت كایا، بەھۆی ئەوەی داوای قەرەبووی لە توركیا نەكردووە، بریاری قەرەبووكردنەوەی بۆ دەرنەچوو.

ئیشیل كەرەكاش، دادوەرێكی تورك شرۆڤەی بۆ بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا كرد و رایگەیاند، بەپێی مادەی ٨ی گرێبەستی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، توركیا یاسای پێشێل نەكردووە.

ھەریەك لە نوسرەت كایا، ئەحمەد گێرێز، مەحمەد شیرین بۆزچەلی، مەسعود یوت سەفڤەر، مەحمەد نوری ئۆزەن. سكاڵای پێشێلكردنی مافەكانیان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەكەوە لە توركیا پێشكەش بە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا كردبوو.
نها
به‌روار:  23/04/2014
713   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   426
کۆی سه‌ردان:   29248830