کوژرانی 2 کەس لە نۆرشۆپینگ لە شەڕی دوو بنەماڵەدا
پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو دوو پیاو لە گەڕەکی هاگەبیی باژاری نۆرشۆپینگ بە تەقە کوژران و لانیکەم شەش کەسیش بریندار بوون، پۆلیس چوار کەسی دەردەست کرد. پۆلیس هەروەها ڕایگەیاند کە شوێنی قەتڵەکە لە گۆڕەپانی شەڕ دەچوو.
چەند دەقیقەیەک لە سەعات دەی شەوی ڕابردوو تێپەڕیبوو کە پۆلیس لارمی لەسەر تەقەیەک لە ناوچەکە پێگەیشت. کاتێ پۆلیس خۆی گەیاندە شوێنەکە، شەش پیاوی چاوپێکەوت کە بە توندی بریندارببوون. کەسەکان گەیەنرانە نەخۆشخانە بەڵام دواتر دووانیان مردن. گەلێ خەڵکی گەڕەکەکە شاهیدیان لەسەر قەتڵەکاندا و گوتیان کە هەموو ڕووداوەکە لە شەڕێکی گەورە کەوتەوە.

شاهیدێک بۆ ڕادیۆی ئوێستریۆتلەند دەگێڕێتەوە کە خەڵکێکی زۆر بوون ٣٠ـ ٤٠ کەسێک و بریندارێکی زۆریش لەسەر شەقامەکە کەوتبوون. دواتر چەند ئامبولانس هات و پۆلیسێکی زۆریش.

قسەبێژی پۆلیس فرێدریک کلیمان بە بەرنامەی بەیانانی پێ یەکی گوت شوێنەکە زۆر شلووق بوو. هەندێ پۆلیسیش کە لە شوێنەکە بوون دەڵێن هەرگیز کەشێکی وەهایان نەبینیبوو.

قسەبێژی پۆلیس فرێدریک کلیمان دەڵێ وێدەچێ کە خەڵکێکی یەکجار زۆر تووشی شەڕ و تێهەڵدان لەگەڵ یەکتر بووبوون و چەقۆیان لێکتر دەکێشا. کەسی وامان هەبووە بە گوللـە بریندار بووبێ. دوو کەس کوژران. چەندین کەسمان لەلایە کە برینی زۆر جیددییان لە لەشدایە. شوێنەکە بە کورتی بێژم، لە گۆڕەپانی شەڕ دەچوو.

پۆلیس دەڵێ دوو کەسە کوژراوەکە و بریندارەکانیش هەر لە تەمەنی دەوروبەری چل ساڵیدان. بە پێی ڕاپۆرتی ئوێستریۆتلەند دوو لە برینداران لە ئەسڵدا نیشتەجێی سوێدرتێلیەن. پۆلیس بۆچوونی خۆی لەسەر هۆکاری تەقەکان هەیە بەڵام جارێ نایەوێ باسیان لێوە بکات. بەڵام پۆلیس هیچ پێوەندییەک لە نێوان ئەم تەقەیە و نائارامییەکانی پێشتری نێوان تاقمە تاوانکارییەکاندا نابینێ.

فرێدریک کلیمان قسەبێژی پۆلیس دەڵێ ئەم ڕووداوە جیاوازتر لە ڕووداوەکانی پێشتر بوو. من بەداخەوە ناتوانم زیاتر لەوە باس بکەم و بێژم هۆکارەکانی چین بەڵام ئەوە شەڕی نێوان تاقمە تاوانکارەکان بەو مانایە نەبووە.

لە درێژەی شەودا نائارامییەکان کاتێ برینداران گەیەنرانە نەخۆشخانەی ڤریننەڤی لە نۆرشۆپینگ، هەر وا بەردەوام بوون. قسەبێژی پۆلیس فرێدریک کلیمان دەڵێ بەردەرگای نەخٶشخانەش هەروا نائارام بوو. ئەو نائارامییانە لای سەعات دوازدەی نیوەشەو دەستی پێکرد و تا چەند سەعات دواتریش درێژەیان هەبوو.

قسەبێژی پۆلیس فرێدریک کلیمان درێژە دەدا و دەڵێ، نائارامییەکان گەلێک بوون. خەڵکی وا هەبوون کە بە هۆی جۆراووجۆر ویستبوویان خۆ بگەیێننە ناو نەخۆشخانەکە. بەڵام شەڕ و لێکدانی ڕاستەوخۆ لەبەرامبەر نەخۆشخانەکەدا نەقەوما.

پۆلیس پێیوایە لەمناوەدا برینداری دیکەش هەبوون کە بەهۆکاری جیاواز نەهێنراونەتە نەخۆشخانەوە. هاوپەیوەند لەگەل ئەم ڕووداوە پۆلیس لە سەعات یەکی ئەم دوانیوەڕۆیەدا کۆنفرانسێكی چاپەمەنییی لە باژارای نۆرشۆپینگ پێکدێنێ. 
زایەڵە
به‌روار:  22/04/2014
776   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   181
کۆی سه‌ردان:   29259326