یەكێتی دەرگای بۆ كادران‌و ئەندامانی پارتی کردەوە
وتەبێژی لیستەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنەكان رایگەیاند لەمەودوا دەرگای یەكێتی بۆ وەرگرتنی ئەندامانی پارتی واڵادەكەین.
 
جوان ئیحسان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە هاوكات وتەبێژی هەڵمەتی هەڵبژاردنی حیزبەكەیەتی بۆ هەڵبژاردنەكان لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ هەفتەنامەی چاودێری سەر بەحیزبەكەی رایگەیاندووە "لەماوەی رابردوودا ژمارەیەكی زۆری كادرو ئەندامی پارتی ویستویانە بێنە ناو یەكێتییەوە، بەڵام بەهۆی رێكەوتنی ستراتیژییەوە وەرنەگیراون، بۆیە لەمەودا یەكێتی دەرگا بەڕووی ئەندام‌و كادرانی پارتیدا واڵادەكات".
 
ئەوەشی رایگەیاندووە هیچ لایەنێكی‌ سیاسی‌ لەهەرێمی كوردستاندا هێندەی‌ یەكێتی‌ بەهێزو كاریگەر نییە تاوەكو بتوانێت‌ پەراوێزی بخات، یەكێتیش خۆی‌ بڕیاردەدات بچێتە كام رێككەوتنەوە‌و لەكام رێككەوتنیش بكشێتەوە.
 
جوان ئیحسان، ئەوەشی راگەیاندووە لەدوای رێككەوتنی گۆڕان‌و پارتی، پەیامێكمان هەیە بۆ لایەنگران‌و ئەندامانی‌ گۆڕان، كە ئەوەش ئەوەیە، ستراتیژیەتی‌ گۆڕان بەتەواوەتی‌ گۆڕا، ئایا بیر لەوەدەكەنەوە ستراتیژییەتی‌ دەنگدانیان بگۆڕن، یان وەك خۆی‌ دەمێنێتەوە؟
 
ئەمە لەكاتێكدایە لەماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دیاردەی گواستنەوەی سەنگەر لەنێوان ئەندامان‌و كادرانی لایەنەكان سەریهەڵداوە بەتایبەتی پارتی‌و یەكێتی، كە پێشتر بەهۆی بەندێكی رێكەوتننامەی ستراتیژی نێوانیان ئەو دیاردەیە نەمابوو.
 شار پرێس
به‌روار:  22/04/2014
469   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   961
کۆی سه‌ردان:   29263918