سێ كاندیدی یەكێتی دەبن بە پارتی
سێ كاندیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە پارێزگای دهۆك دەستلەكاردەكێشنەوە و بەرپرسێكی یەكێتیش دەڵێت، پارتی كاری بووەتە كڕینی كادیرانی ئێمە. ئەمڕۆ دووشەممە، هەر یەك لە زێرەڤان عەبدولكەریم گولی، كاندیدی یەكێتی لە زاخۆ، هەمزە خالد هەمزانی، كاندیدی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، سائب حكمەت نەجمان، كاندیدی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك لە سەر لیستی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەستیان لەكاركێشایەوە و پەیوەندییان بە ريزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كرد. عەلی مستەفا، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە بادینان، هەواڵەكەی بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) پشتڕاستكردەوە و گوتی "كاری پارتی بووەتە كڕینی كادیرانی ئێمە، جەعفەر ئیبڕاهیم و كەمال كەركووكی، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی ژوورێكیان پێكهێناوە تەنها بۆ راكێشانی كادیرانی ئێمە و ئیغرائیان دەكەن بە پارە و پۆست و زەوی". عەلی مستەفا دەڵێت "پارتی لە دەنگە چاوەڕوانكراوەكانی یەكێتی دەترسێت بۆیە ئەم جۆرە كارانە دەكات و دەیەوێت شتێكی دەروونی بخاتە نێو كادیرانمان، بەڵام هیچ كاریگەری لە دەنگەكانی ئێمە ناكات". لە بەرامبەریشدا عەمەر ئورەیی، بەرپرسی رێكخستنی لقی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك ئەو قسانە رەتدەكاتەوە و دەڵێت "یەك دینارمان نەداوەتە یەك كادیری یەكێتی و ئەو كادیرانە بە بڕوای خۆیان دێنە ناو پارتی و زیاتریش كادیرانی كۆنی ئەو حیزبەن". لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ژمارەیەك بەرپرس و كادیرانی یەكێتی لە سنووری پارێزگاكانی مووسڵ و دهۆك دەستیان لە یەكێتی كێشاوەتەوە و پەیوەندییان بە پارتییەوە كردووە، كە لە نێویشیاندا عارف روشدی، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی مووسڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شێخ مەحموود سورچی، نوێنەری مام جەلال لە پارێزگای دهۆك هەبوون. 
ڕووداو
به‌روار:  22/04/2014
675   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   496
کۆی سه‌ردان:   29230190