رۆژانە دەیان فەرماندەی یەكێتی دەبن بە گۆڕان
سەرۆكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە رەخنەكانی یەكێتی لە بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت "ناڕەواو ناشەرعین". لە وەڵامی ئەو هەواڵانەشی كە بڵاودەكرێنەوە سەبارەت بە گەڕانەوەی هەڵسوڕاوانی گۆڕان بۆ ناو یەكێتی، دەڵێ "رۆژی هەڵبژاردن دەردەكەوێت لایەنگری كێ چووەتە لای كێ". جەمال محەممەد، سەرۆكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بەو رەخنانەی لە گۆڕان دەگیرێت بۆ ئەوەی بەشداریی حكومەتیان كردووە‌و رێككەوتنیان لەگەڵ پارتی واژۆكردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمە هیچ تاوانێكمان ئەنجامنەداوە، لە هەڵبژاردن بڕیارماندابوو درووشمەكانیشمان ئەوە بوو كە بەرەو دەسەڵات دەچین، ئێستاش بەپێی ئیستیحقاقی خۆمان چووینەتە حكومەت و مافی كەسیشمان نەخواردووە". جەمال محەممەد دەڵێ "ئەو لایەنەی ئەو هێرشانە دەكاتە سەر ئێمە تەنیا مەبەستیان ئەوە بووە كە ئێمە بەشداریی حكومەت نەكەین، هەموو هەوڵێكیشان بۆ ئەوەیە، بەڵام لە هەر روویەكەوە سەیری بكەی ئەو هێرشانە زۆر بێویژدانی و ناڕەوا و ناشەرعییە". عوسمان بانیمارانی، دوێنێ یەكشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە ئەو نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی خودی نەوشیروان مستەفا كردووەو ئامادەش نییە جارێكی دیكە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كاربكات. گوتیشی "لەبەر تاكڕەوی نەوشیروان مستەفا گۆڕانم بەجێهێشتووە". بەڵام سەرۆكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان تاكڕەوێتی نەوشیروان مستەفا رەتدەكاتەوەو دەڵێ "هەرچیمان كردووە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان كاك نەوشیروان پرسەكەی گەڕاندووەتەوە بۆ هەموومان، تەنانەت لە كۆبوونەوە باڵاكانیشدا راوێژ یان پرس و رایەكیان پێكردبێت گوتو‌ویەتی دەبێت بگەڕێمەوە بۆ هاوڕێكانم". سەرۆكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە وەڵامی ئەو هەواڵانەی میدیاكانی یەكێتی، كە رۆژانە باس لەوە دەكەن بە دەیان لایەنگر و كادیری گۆڕان دەچنە ریزی یەكێتییەوە، گوتی: "ئەوە بەپێچەوانەوەیە". جەمال محەممەد ئاشكرایكرد "رۆژانە دەیان كەس و دەیان كادیر ‌و فەرماندەی باشی یەكێتی پەیوەندیمان پێوە دەكەن، بەڵام ئێمە هیچمان باس نەكردووە و نامانەوێت بكەوینە ئەو موناقەشانەوە، رۆژی هەڵبژاردنیش دەریدەخات ئەو دەیان كەسەی ئێمە چوون بۆ لای ئەوان یان هی ئەوان هاتوون بۆ لای ئێمە". - 
رووداو
به‌روار:  21/04/2014
608   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   531
کۆی سه‌ردان:   29256717