دوور خستنەوەی مەلا بەختیار لە یەکێتی
كۆمیتەی 2ـی رێكخستنی بەریتانیای یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رەخنەی تووند لە مەلا بەختیار دەگرن و داوا لە مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ناوەندی ئەو حیزبە دەكەن بە هۆی ئەوەی رۆڵی خراپ لەیەكریزی ماڵی یەكێتیدا دەگێڕێ، یان دووری بخەنەوە یان سنوورێكی بۆ دابنێن. هەروەها بەرپرسی ئەو كۆمیتەیەش دەڵێت "زۆربەی كۆمیتە و رێكخستنەكانی یەكێتی هەمان نیگەرانی ئێمەیان هەیە."
لەمبارەیەوە، مەجید مام برایم، بەرپرسی كۆمیتەی 2ـی رێكخستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەریتانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "زۆربەی كۆمیتە و رێكخستنەكانی یەكێتی هەمان نیگەرانی ئێمەیان هەیە، بەڵام نازانم وەك ئێمە هەڵوێست دەگرن یان بێدەنگی هەڵدەبژێرن."
كۆمیتەی 2ـی رێكخستنی بەریتانیای یەكێتیش لە راگەیەنراوێکدا، کە ئاراستەی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ناوەندی ئەو حیزبە كراوە، رایگەیاندووە، "بەداخەوە وردە وردە بەتایبەت لەدوای فەراغی سكرتێری گشتی، خەریكە لەلایەن كۆمەڵێكی دەستڕۆیشتوو و ناشەرعیی ناو مەكتەبی سیاسی، كولتووری بڕوابوون و كارپێكردن بە چەمكەكانی دیموكراسی و ئازادی رادەربڕین، بەیەكجاری ئاوەژوو و پێچەوانە دەكرێتەوە وهێڵی سوور بۆ ئازادی رادەربرین دادەنرێ."
راگەیەنراوەکەی ئەو كۆمیتەیە ئاماژە بەوەدەکات، کە "سزای تەكەتولـی رێكخراوەیی هەموو ئەوكەسانە دەدەن كه دیدوبۆچوون و قسەیەكی جیایان لەوان هەبێت، ئەگەر لەبەرژەوەندی هەستانەوە وچاكسازی یەكێتیشدا بێت بڤە كراوه."
راگەیەنراوەكە نموونەی بە عارف رووشدی هێناوەتەوە، كە شەوی رابردوو لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەفزیۆنی رووداو بە فەرمی دەریبڕی، كە وازی لە یەكێتی هێناوە و رۆیشتووەتە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان، "عارف رووشدی بەنموونە ، كە تەنیا لەسەرهەڵوێست ولێدوانەكانی بۆ ئاڵووگۆڕ و چاكسازی لەناو یەكێتیدا ، شكاندیان و سزای تەكەتولی خۆیان بەسەردا سەپاند وفشارێكی وایان لەسەردانا كه ناچاری بكەن دوای 41 ساڵ خەباتی نەپساوە ، یەكێتی بەجێبێڵێ."
لە درێژەی ئەو راگەیەندراوەدا هاتووە، "لەكاتێكدا كە یەكێتی لەگەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندایە و لەبری ئەوەی دڵشكاو و پەراوێزخراوەكان ئاشت بكەنەوە، كاك مەلابەختیار دێت ئەوەی هەشە، دەیەوێت یەكێتی لەدەستی بدات!".
لە كۆتایی ئەو راگەیەندراوەدا، کۆمیتەی 2ـی بەریتانیای یەکێتی داوایكردووە، یان مەلا بەختیار دوور بكرێتەوە یان سنووری بۆ دابنرێت، "كاك مەلا بەختیار بیری چووە، كە فەرهەنگی تەكەتول و جوداخوازی و زیانگەیاندن به یەكێتی ، لەجەنابیەوە بەو ئاوەی كەئاشەكەی پێنەگەڕا سەرچاوەی گرتووە !؟ بۆیە ئێمە پێمان وایە كاك مەلابەختیار رۆڵی خراپ لەیەكریزی ماڵی یەكێتیدا دەگێڕێ و داوامانە دووربخرێتەوە یان سنوورێكی بۆ دابنرێ ئەگەر نا ، یەكێتی بەرەو ئایندەیەكی خراپتر دەبات."
رووداو بۆ پاراستنی هاوسەنگی هەوڵیدا لەگەڵ 3 کەس لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکیتی نیشتمانی کوردستان قسە بکات، بەڵام ئامادە نەبوون وەڵام بدەنەوە.
لەدوای دەرەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 21-9-2013 و دابەزینی کورسییەکانی ئەو حیزبە لە پەرلەمان، هەروەها نەبەستنی کۆنگرەی یەکێتی، کە بڕیار بوو لە 31-1-2014 ببەسترێت، ناڕەزایی لە ئاستی سەرکردایەتی ئەو حیزبە سەریهەڵدا و بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتی ئەو حیزبە لە هەموو پۆستەکانی کشایەوە و هەروەها کۆسرەت رەسول لە چەند کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی بەشدارینەکرد.
لەم دواییانەشدا کۆمەڵێک لە کادیرانی باڵای ئەو حیزبە یەکێتییان بەجێهێشت و روویان لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.
چەند جارێکیش ئێران هەوڵیداوە ئەو گرفتانە چارەسەر بکات و لەنوێترین هەنگاویشدا بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرچاوەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە ، سەردار مەسجدی راوێژكاری باڵای فەرماندەی سوپای قودس و محەممەد جەعفەری سەحراروودی، رۆژی دووشەممە سەردانی شاری سلێمانیان كردووە و لەگەڵ یەكێتی كۆبوونەتەوە.
ڕووداو
بهروار: 16/04/2014
2985 جار خوێندراوهتهوه
|