ملازم هەژار ...کێوێک لەورەو جوامێری لە نیشتمانێکی سوتماکدا ..
                                                                                                                                                                                                                                                                              
سازدانی دیمانە / شەماڵ عادل سەلیم 


کەم نین ئەوانەی بە بێدەنگی و دوور لە هەر خۆدەرهێنان و خۆدەرخستنێک ، ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیییان بە دڵسۆزی و لە خۆبردوویی ڕاپەڕاندوە، تەنانەت بێ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان منەت و گلەیییەکیان دەڕبڕیبێ یان گازاندەیەکیان کردبێ . 
نموونەی ئەو کەسانەش بابەتی ئەو چاوپێکەوتنەی ئێمەیە بە ناوونیشانی (ملازم هەژار... کێوێک لەورەو جوامێری لە نیشتمانێکی سوتماک)  ...، ئەو کەسەی زۆری پێشکێش کردووە ، بەڵام هیچی ئەوتۆی بۆخۆی نەبردووە ، بۆ ئەوەی تیشک بخرێتە سەر گۆشەیەکی بچوکی مێژووی خەباتی ئەو جۆرە کەسایەتییە تێکۆشارانە ، ئامادەکردنی  ئەم چاوپێکەوتنە وەک هەنگاوێ یەکەم بۆ ئەم قارەمانەی شارو شاخ بە پێویست زانرا ....
ملازم هەژار ، مرۆڤێکی هێمن و لەسەرخۆیە  ، کادیرێکی بەئەزموون و دڵ لەسەردەست و دڵسۆزە ، هەژارێکی راستەقینەی حزبی فەهدە ، پارتیزانێکی بەئەزموونی رۆژانی مقاوەمەت و بەرخۆدانە .... 
ملازم هەژار  لەساڵی ١٩٧١ هاتۆتە ریزی یەکێتی گشتی  قوتابیانی کوردستان / عیراق  ، لە سالی ١٩٧٥ شەرەفی ئەندامیەتی حزبی شیوعی عیراقی پێدراوە  ،  لە سالی ١٩٨٠ پەیوەندی بە ریزەکانی  پیشمەرگەی حزبی شیوعی لە ناوزەنگ کردوەو ، لە ١٥/١٢/١٩٨٠ بووە بەئەندامی لقی بالەکایەتی وخۆشناوەتی وەکو کارگێری  لق و  لە گەل شەهید (خدر حسین)  هاوری (مەلا جلال)  و(شەهید سالم ) ، لە سالی ١٩٨٢ بەجیگری لقی خۆشناوەتی هەڵبژێردراوە ، لەساڵی ١٩٨٣ و لە دوای کارەساتی ( پشت ئاشان )بەبریاری حزب ناردراوەتە یەمەنی دیموکراتی و بۆ تەواوکردنی خولی سەربازی ، لەسەرەتای  ساڵی  ١٩٨٦ گەراوەتەوە  کوردستان و بووە بە  سەرلقی دەشتی هەولیر و تا دەستپێکردنی پرۆسەی (ئەل ئەنفال) ی بەعسیەکان ....
بابزانین ئەو قارەمانە چۆن باسی ئەورۆژانەمان بۆدەکات ..... 
شەماڵ عادل سەلیم / دەکرێ وەک پارتیزانێکی شیوعی و کادیرێکی بەئەزموونی شارو شاخ باسی ئەو هەڵومەرجە دژوارانەی ئەنفالەکان و دوای ئەنفالەکان بکەن ؟ 
وەڵام / لەسەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ ڕەخساندنی ئەو دیمانەیە ، بەڵێ هەروەک دەزانن لەئەنفالدا تەوای گوندەکان سوتماککران ، بەسەدان ژن و کچ و پیاو و مێردمنداڵ و ساوا بێ سەروشوێن کران ، سامانی پەلەوەرو ئاژەڵداری بەتاڵان بران ، کانییەکان تەقێنران و ڕەزکان سوتێنران و ژێرخانی ئابوری کوردستان بەتەوای تێک وپێک درا ، لەوەش زیاتر ریژێمی بەعس بە سوپاو گەلە جاش هەموو بستێکی کوردستانی  تەنی ، ئێمە وەک پۆڵێک پێشمەرگەی حزبی شیوعی عیراق لەو چۆلەوانییانەدا ، بەناو جەرگەی سوپا زەبەلاحەکەی بەعسدا ، بەئەزموونێکی نوێ وە ، ڕووبەڕووی مەرگ دەبووینەوە  ، لەوکاتەی بەبڕیار حزبمان و بەپێێ نەخشەو بەرنامەیەکی ورد بڕیاردرا هێزەکانمان بکشێنینەوە بۆ خاڵە سنووریەکان ، بەشێکیشمان بەشێوەی مەفرەزەی پارتیزانی لە قوڵایی ناوچە جیاجیاکاندا بمینێنەوە .....
ئەوەبوو چەندین مەفرەزەمان پێک هێنا کە  لە  پۆلێک  پێشمەرگەی گیان لەسەردەستی حزبی شیوعی پێکهاتبوون  بۆ ئەنجام دانی کاری پارتیزانی . 
هاوڕێیانی دەشتی هەولێر بەسەردوو مەفرەزە دابەش کران ، یەکێکێان لە ناوچەی کەندێناوەو قەرەچوغ بە بەفەرماندەی  هاوڕێ ( ئەبو ئەحلام و مامۆستا سیار ) ، ئەوەی تریان بەسەرپەرشتی ( بەندە و  و ئارام شاهین و کاوە چاوشین ) و چەندین هەلۆی سوری تر .... 
پرسیار / لەوکاتەی هەموو بستێکی کوردستان بە گەلەجاش و سوپا تەنرابوو ، ئێوە چۆن توانیتان لە قوڵای ناوچە جیاجیاکان بمینێنەوەو و درێژە بەکاروچاڵاکیەکانتان بدەن ؟ 
وەڵام / هەروەک گوتم ، ئێمە هەموو کات رووبەرووی مەرگ دەبووینەوە ، جولانەوەمان بەشەو بوو ، بەرۆژ خۆمان لە بن بەردو وکەپکەشاخ و ئاودڕەکان حەشاردەدا بەتایبەتی لەدوای ئەوەی گوندەکانی کوردستان چۆل کران ... 
بەڵام دوای ئەوەی  ریژیمی بەعس (لیبوردنی گشتی)  دەرکرد ، ئێمە بەئاگاداری وپرسی حزب سودمان لەم بریارە وەرگرت و چەندین پێشمەرگە مان بە پلان ناردەوە ناو شارەکان و هەر بۆ رۆژی دوایی پەیوەندمان پێ دەکردن و ئەوانیش زۆر بوێرانە یارمەتیمانیان دەدا وشوێنی حەوانەوەمانیان بۆ دابین دەکرد لە کاتی پێویست . 
من لەگەڵ ١١ پارتیزانی تر بریارمان دا کە شوێنەکەمان بگوازینەوە لەبەر ئەوەی نزیک کۆنە بارەگای خۆمان بوو لە دەشتی هەولێر ، بۆیە بریارمان دا بچینە نزیک گوندی ( حاجی وسو ) کە دەکەوێتە نزیک شەقامی کۆیە و لەوێ بمینێنەوە . 
هەرلەم سەروبەندەدا رۆژێک دوای نان خواردنی بەیانی کەوتینە ڕێ بەرەو گوندی ( حاجی وسو ) ، لەرێگا گوێمان لە دەنگی ( کۆپتەر ) بوو ، بریارمان دا رێگامان بگۆرین و بەرو گوندی ( سماقە ) برۆین ، بەڵام کۆپتەرەکان بواریان نەداو تا دەهات نزیک  دەبوونەوە ، هەربۆیە بریارمان دا کە لەبن کەپکەشاخ و ئاودرەکانی کەندەکان خۆمان حەشار بدەین ، بەڵام هێندەی نەبرد کەوتینە ناو بازنەی هێزەکانی دوژمنەوە ، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک جاش بوینەوە کە بەرەو ڕوومان  دەهاتن و هاواریان دەکردوو دەیانگووت : وەرن وەرن ئەوە لێرە خۆیان شاردۆتەوە ئەو سەگبابانە .....؟!  
هێندەی پێ نەچوو ٨ کۆپتەر لەنزیک  ئێمە ( هێزی تایبەتی / قوات خاسە  ) ی دابەزاند و جاشەکانیش  بەرەوروومان دەهاتن ،  هاوڕییان ( ئیسماعیل مەلا قادر سالح ناسراو بە ئارام شاهین وفەیسەل نەجم رەمەزان ماستاوەیی ناسراو بە  جوتیار چاوشین ) لەبەر ئەوەی شوێنەکەیان باش نەبوو زوو ئاشکرا بوون ودەستڕێژیان لێ کردن و هەرلەوێ  شەهید بوون ، ٤هاوری ترلەگەل هاوری کاوە چاوشین هەستانەوە و رووبەرووی جاشەکان بوونەوە ، لەو کاتە کۆپتەرەکان  پەیدابوونەوە ، هاوڕێ کاوە بە (ناتو ) تەقەی  لە کۆپتەرەکان کرد و لەهەمان کات  بانگی جاشەکانی کرد گوتی تەقەمەکەن ئیمە فەوجی( ٥ ) ین و بەو هۆیەوەو هەر پێنج هاورێ توانیان خۆیان لە حەشارگەی ( کونە فیرار ) قایم بکەن و لە چنگی جاشەکان رزگاریان  بێت  ، لە کات ژمیر ٥.٣٠ی ئیوارە جاشەکان بەپشتیوانی سوپا تەرمی شەهید( ئارام و جوتیار) یان بردوو رۆیشتن ، لەوکاتە من خۆم  گویم لی بوو جاشەکان بەسەربازەکانیان دەگوت تەرمەکان بەدوای خۆمان راکێشین  بەلام (زابتەکە ) گوتی بەتانیە بهینن  وهەلیان گرن جەشەکان بەکوردی  قسەیان دەکرد ئەوانی تر بەعەرەبی ..؟! 

پرسیار /  وەک ئاگاداری کە نالی  ئاسمانی  NRT   چاوپێکەتنێکی لەگەڵ تۆمەتبار قاسمە ئاغا ئەنجام دا و کە ناڕازایی بنەماڵەی ئەنفالکراوەکان و شەهیدەکانی لێ کەوتەوەو ، بەرێزێت چی دەڵێت لەم ببارەیەوە ؟ 
وەڵام / من پێم باش بوو کە ئەم چاوپێکەوتنە لەم کات و ساتەدا پەخش کرا  ، بۆ ئەوەی  بۆ خەلک ولایەنەکان تاوانەکانی قاسم ئاغا ئاشکرا بێت ،لەوەش زیاتر ئەو لایەنەش ئاشکرا بێت کە داڵدەی ئەو تۆمەتبارەی  داوە    ....
لێرەدا ناکرێ ناوی قاسم ئاغا بهێنم و ئاماژە بە بەشێک لە تاوانەکانی نەکەم .
 قاسم فارس تاهیر ئاغا ڕاوێژکاری فەوجی ٨٥ ی بەرگری نشتمانی بوو لە سەردەمی بەعس ، ئەمرۆ بە  ١٩ تاوان تۆمەتبارکراوەو کە ئەمانە خوارەوە بەشێکن لەم تاوانانەی ئەم جاشە خۆفرۆشە ئەنجامی داوە دژ بە کورد و کوردستان :  
 ١ ـ  / لە ١٩/١١/١٩٧٨ لە کۆدەرەی نزیک گۆندی سکتانی خۆشناوەتی پیشمەرگەیەکی  یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بە ناوی رسول حاجی ئەحمەدخان خدر بۆلیی بریندار دەکات و دواتر گیان لەدەست دەدات .....
٢ ـ / لە شەری قورەبەرازە لە ١١.٨/١٩٧٩  جاشەکانی قاسم ئاغا ١٩ پێشمەرگە  یەکێتی نیشتمانی کوردستان شەهید دەکەن .
٣  ـ /  لە  ٣/ ٢١/٢/١٩٨٠ دوو پ.م یەکیەتی بەناوی د،ریباز و جلال حمد لە گوندی کلیسە شەهید دەکات
 ٤ / ـ   لە /٥/٥/١٩٨٠پێشمەرگەیەکی حزبی سۆسیالست کە ناوی  ئەحمد خانی بوو بە لە رێگای  جەرگۆ سیخورەوە شەهید دەکەن لە گوندی سماقولی . 
٥ ـ  / لە ١٦/٨/١٩٨١دوو پ.م یەکیەتی بە ناوی ئەحمەد ئسماعیل ناسراو بە ئەحمد برنو ومجید وسو شەهید دەکات  .. 
٦  ـ / لە ساڵی ١٩٨٣ لە کۆی یە پ.م سۆشیالست بەناوی جلیل حاجی دیوانە شەهید دەکات 
٧  ـ / لە ساڵی ١٩٨٤ ئازاد مام فتاح  لەناو جەرگەی شاری کۆیە بەدەستی قاسم ئاغا شەهید دەکریت . 
٨ ـ  / لە  ٢٦/٩/١٩٨٥ جمال ئەحمد فەقی خۆشناو کە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو لە پپێش شارەوانی کۆیە شەهید کرد .
٩  ـ /لە  4/9//1988 جاشەکانی قاسم  ئاغا لەشەريكى دەستەويەخەدا لەگەل پارتيزانەكانى لقى هەوليرى حزبي شيوعى لەنيَوان گوندى (بايزئاغەو سماقەى رؤژئاواى كۆيە) ، دوو پێَشمەرگەی پاڵەوانی حزبی شیوعی شەهید دەکرێن ( شەهید ئارام شاهین و جوتیار )  . 
١٠  ـ / لە   به‌رواری 5/ 3/ 1989 له‌بناری چیای كۆسره‌تدا كه‌له‌ تۆماره‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ی شه‌هید كردنی دوو پیشمه‌رگه‌ی پارتیزانه‌كانی لقی كۆیه‌و گه‌رمیان له‌ بناری چیای كۆسره‌ت، به‌فه‌رمانده‌ی مام جوامیروشةهيد ملازم شیرزاد، دوو پیشمه‌رگه‌ی پاله‌وان بەناوی  شه‌پۆل (جه‌نگی كه‌ریم عه‌بدوللا مەحمود جاف بۆگەدی ) خ، - شه‌هید ریباز(جه‌لیل ابراهیم ئه‌حمه‌د تۆفیق منمی ) خه‌لكی گوندی كیله‌سپی لە شەرێکی دەستەویەخەدا  بەبرینداری ده‌گیرین لەلایەن جاشەکانی قاسم ئاغا ،دواتر هه‌ردووكیان دوور له‌یاساو ریساكانی مافی مرۆڤ له‌ موعه‌ه‌سكه‌ری دوكان شه‌هید ده‌كرین . 
لەوەش زیاتر لە دوای ڕاپەرینە بەشکۆ و مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ دا ، قاسم ئاغا لە کۆبونەوەیەکی لە گەڵ سەدامی گۆڕبەگۆڕلە فیلمێکی تۆمارکراوی ڤیدێۆیی دەڵێ : سەیدی لەکاتی راپەرینەکەی  شاری رانیە  من داوم لە (عەلی حەسەن مەجید)  کرد بە چەکی کیمیاوی لەو موخەریبانە بدات و لەناویان ببات بەڵام ناوبراو بەقسەی منی نەکرد ..... ؟!
پرسیار / داواکاریەکتان ئاراستەی  سةرؤكى ئةنجومةنى وةزيرانى حكومةتى هةريمى كوردستان کردوە ، دەکرێ رونکردنەوەیەکی لەسەر بدەی ؟ 
وەڵام / بەڵێ ...ئێمە بەناوى كۆمەڵيك پێشمە رگەى ديرين و خانەوادەى شەهيدان داوا دەكەين، ئەو موستەشارانەى كەوا دەستيان لە تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنفال  هەبووە ،  بەزووترين كات بدرينە دادگا، وبەسزاى عاديلانەيان بگەن، كەژمارەيان (258)  موستەشارو ئامرى مەفرەزە خاسە بووە، كەوا زۆربەيان لەپێَش سوپاكەى بەعس دەستيان لەكاولكرنى ديَهاتەكان و  ئەنفالى كوردستان هەبووە،  بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین و هەمووڕیگایەک دەگرینە بەر  تا ئەم تۆمەتبارانە دەدرێنە داگاو بەسزای عادیلانەی خۆیان دەگەن.... 
  هەروەها دەمەوێ لێرە ئاماژەی خاڵێکی گرنگ بکەم ئەویش ئەوەیە : چۆن دەبێت تۆمەتبارێکی وەک قاسم ئاغا لە میدیاکان دەربکەوێت و بە چەندین درۆی شاخدار و پاساوی بێ بنەما مێژوو چەواشە بکات ....  لەوکاتەی هەر هەموومان دەزانین کە ئەم کەسە  لە دادگای  بالای تاوانەکانی عیراق  لەسەر کۆمەڵکوژی (ئەل ئەنفال)  داواکراوە  ؟ بۆیە  دەبێ قاسم ئاغا دەم ودەست  بچیتە بەر دەم دادگا لەوێ بەرگری و پاکانەلەخۆی بکات نەک لە میدیاکان  و لە مینبەری تەکیەو دیوەخانەکاندا   ؟ ! 
 هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن  به‌پیی بریاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان  له‌ به‌رواری 26/10/2010  فه‌رمانی ده‌سگیركردنی ئه‌و( 258 ) تۆمەتبارەی  ده‌ركردووه‌، بەلام بەداخەوە تاكو ئیستا جیبه‌جی نه‌كراوه‌، لەگەڵ ئەوەش کە دادگای بالای تاوانه‌كانی عیراق له‌ سالی 2007 فه‌رمانی ده‌سگیری كردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی ده‌ركردووه‌، بۆیە هەرلێرەوە  جارێکی تر رووی دەممان ئاراستەی لایەنە بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان  و ده‌زگای نه‌زاهه‌و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تی هه‌ریمی كوردستان دەکەین کە به‌په‌له ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام بده‌ن ، چونکە مێژوو لە هیچ خائین تاوانباران و خۆفرۆشان  نابوورێ . هەوەها ناکرێ و نابێ هیچ لایەنێک داڵدەی ئەو کۆمەڵە کەسە خۆفرۆشانە بدات کە تۆمەتبارن بە ئەنفالکردنی هەزاران تاکی کوردی و خاپورکردنی سەدان گوندو خوڵقاندنی دەیان گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی  ، کەبەداخەوە تا ئەمرۆ وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و کەسیش ناتوانێ پێیان بڵێ ( پشتی چاوتان برۆیە ) .....!! 
بەڵێ ...برداخەوە ئەو ئەنفالچیە کوردانە لەسایەی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستاندا نەگ دادگایی نەکران ، بەڵکو لەبەردەمی کەس و کاری قوربانیان وە کران بە فەرماندەو بەرپرس و پیاوی ڕێز لێگیراو ڕیش سپی هەردوو حزبی دەسەلاتدار ،  گەرچی هەموو بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە لەداوی لێبوردنەکەی بەرەی کوردستانیەوە ئەم تۆمەتبارانە جارێکی تر لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان پەیمانیان بۆ سەدام تازەکردەوە ....!!
ئەوەش  جارێکی تر ئەو ڕاستیەمان  بۆ دەردەخات کە ( ئێمەی کورد سود لە مێژووی خۆمان گەڵانی تر نابینین ، لەبری ئەوەی ئەو تۆمەتبارانە دادگایی بکرێن و ببنە عیبرەت تا جارێکی دیکە کەس نەتوانێت غەدرو خیانەت لە گەل و نیشتمانەکەی خۆی بکات و نەوەکانیشمان رقیان لە خیانەت و خۆفرۆشتن ببێتەوە  ،کەچی  لەلایەن دەسەڵاتی کوردی هەندێک  لەم خۆفرۆشانە کرانە ئەفسەرو پلەدار، هەندێکی تریشیان دیوەخانیان بۆ بڕایەوە و بەنارەوایی و دور لە هەموو پرەنسیپێکی ئەخلاقی پاساوی ئەوەیان بۆ دەهێندرێتەوە کە گوایە ئەمانە لە سەردەمی بەعسدا پەیوەندیان بە ڕێکخستنی حزبە سیاسیەکانەوە هەبووە .....!!
لەوەش زیاتر ئەمرۆ هاوکێشەکان بەجۆرێک گۆڕاوە  کە خائین و مستەشارەکانی سەردەمی بەعس کراون بە دەمراستی حزب و ئەفسەرو پلەداری دەسەڵاتی کوردی ،  پێشمەرگە دێرینەکان وزیندانیانی سیاسی و  تێکۆشەرانی مەیدانی کوردایەتیش پەراوێز خراون و وەک ئەوەی هیچیان نەکردبێ .....؟ 

به‌روار:  16/04/2014
1528   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   970
کۆی سه‌ردان:   29264131