راگه‌یاندنی کۆمه‌ڵه‌ی هاوبیرانی کوردایه‌تی سه‌باره‌ت په‌نجاو پێنجه‌مین ساڵیادی کاژ‌یک
مالمۆکورد
په‌نجاو پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، کۆمه‌ڵه‌ی ئازادی و ژیانه‌وه‌و یه‌کێتیی کورد(کاژ‌یک)له 14/4/1959دا بهخهرمانێ دیدو بیری فه‌لسه‌فی و ئایدۆلۆجیی نوێوه، له‌تاریکیی ئه‌و رۆژگاره ناهه‌مواره‌ی نه‌ته‌وه دیل و نیشتمانه داگیرکراوه‌که‌ماندا، وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی دره‌وشه‌دار که‌وته ئاسمانی کوردستانه‌وه‌و مژده‌ی بیر‌و بزووتنه‌وه‌یه‌کی نوێی به‌خشیه سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه سته‌مدیده‌که‌مان بۆ ئازادی و ژیانه‌وه‌و یه‌کێتی و یه‌کسانیی کورد‌و سه‌ربه‌خۆیی سه‌رتاسه‌ری کوردستان. به‌ڵام به‌و هۆیه‌وه، که له‌و رۆژگاره‌دا، هوشیاریی نه‌ته‌وه‌یی له‌ئاستێکی نزم و دێوه‌زمه‌ی بیر‌و بزاوتی نانهتهوهییش به‌جۆرێک زاڵبوو به‌سه‌ر هه‌ست و هۆشی تاک و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانداو هاوکات هه‌ندێ هۆکاریدی، کاژ‌یک وه‌ک رێکخستنێکی پێویست گهشهینهکرد، به‌تایبه‌تی رێکخراوه سیاسییه کوردییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه، شێرگیرانهتر له‌داگیرکه‌رانی کوردستان، له‌دژایه‌تی و هۆنینه‌وه‌ی تۆمه‌تی ناڕهوادابوون بۆ ئه‌و رێکخراوه نوێیه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چونکه کاژ‌یک، جگه له رێکخستنێک و بزووتنه‌وه‌یه‌ک، قوتابخانه‌یه‌کی بیری ره‌سه‌نی کوردایهتیشبوو، هێدی هێدی، دڕی به‌و تاریکستانییهداو جێی خۆی له‌ناو به‌رنامه‌ی هه‌ندێک رێکخراوه‌ی هاوشێوه‌ی خۆی و بیری هه‌زاران تاکی کوردا کرده‌وه به‌جۆرێک که ژماره‌یه‌کی زۆر له‌وانه‌ش که ئه‌وسا دژایه‌تی کاژیکیان ئه‌کرد، ئێستا، له پێشبڕکێدان بۆ شانازی‌کردن به بنه‌ما ستراجییهکانی کاژیکه‌وه که یه‌کێک له‌و بنه‌مایانه، دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له بیرۆکه‌ی برایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستاندا. له‌بری ئه‌وه‌ش، گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی جاڕدانی ده‌وڵه‌تی کوردیی سه‌ربه‌خۆ، وه‌ک له‌م رۆژانه‌دا ئه‌و ده‌نگۆیه که‌وتۆته سه‌ر زاران و به‌هیواین هه‌نگاوی کردهییشی بۆبنرێت نه‌ک هه‌ر پاگانتهیهکبێ بۆ هه‌ڵبژاردن! یا پاشگه‌زبوونه‌وه له‌و ئامانجه به بیانووی ئه‌وه‌ی ئێستا کاتی نیه! یا ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن بریار هاوڕانین له‌گه‌ڵمان! له‌کاتێکدا راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی، هه‌موو کاتێ کاتیه‌تی هه‌رچه‌نده ئه‌شێ کاتێ لهکاتێکیتر گونجاوتربێ. خاوه‌ن بریاریش، نه‌ته‌وه‌ی کورد خۆیه‌تی و هیچ هێزێک ناتوانێ رێگربێ له‌ئاستی خواست و ویستی نه‌ته‌وه‌یه‌کدا.
ئه‌مڕۆ 14/4/2014 ئێمه‌ی هاوبیرانی کوردایه‌تی، له په‌نجاو پێنجه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی کاژیکدا، سه‌ری رێز‌و نه‌وازش بۆ شه‌هیده نه‌مره‌کانی کاژ‌یک دائه‌نه‌وێنین که به‌هۆی چالاکییان له ریزه‌کانی کاژیکدا، یا به‌هۆی بوونیان به پێشمه‌رگه له ریزه‌کانی شۆڕشدا، یا به‌و بیروباوه‌ڕه‌وه له هه‌ر مهیدانێکیتردا شههیدبووبن، هه‌ر یه‌ک له شه‌هیدان (ئه‌نوه‌ر مه‌جید سوڵتان، ئه‌نوه‌ر عه‌لی نه‌جار، ئیحسان سدیق، بێستونی شه‌هید له قه‌یوان، بێستونی شه‌هید له مامه خه‌لان، تۆفیقی نوری به‌گ، جه‌زای عه‌لی کاتب، جه‌لالی حاجی حسه‌ین، حه‌مه ئه‌مین گوڵچین، ، خوله خڕه، دڵشاد مه‌ریوانی، ره‌حیم حاجی مه‌حمود، سه‌عید گه‌وهه‌ر، شه‌ریف مه‌ولود، شه‌وکه‌تی حاجی موشیر، عه‌لی مه‌شخه‌ڵ، عومه‌ری حه‌لاو، عومه‌ری ساڵح مه‌نسور، عیزه‌ت ره‌شید، غه‌فور ژاژڵه‌یی، فه‌تاح ئاغا، فه‌رهاد خه‌فاف، قوربانی مام ره‌ش، که‌ریم سه‌لام، کۆڤان، محه‌مه‌دی حاجی ئه‌حمه‌د، محه‌مه‌دی حاجی مه‌رۆیی، محه‌مه‌د ساڵح هیتله‌ر، محه‌مه‌د شه‌وقی، محه‌مه‌د هه‌رسین، نوری حه‌مه عه‌لی، هاواری نوری حه‌لاو و ده‌یان شههیدیتر که له‌ریزی هێزه‌کانی شۆڕشدا وه‌ک سه‌ربازێکی نادیار گیانی خۆیان به‌خشی له پێناوی هه‌مان بیروباوه‌ڕدا) .
سه‌رکه‌وتووبێ خه‌باتی کوردایه‌تی له‌پێناوی ئازادی و یه‌کسانیی کورد‌و سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندا.
کۆمه‌ڵه‌ی هاوبیرانی کوردایه‌تی(کۆهاک)
14/4/2014
بهروار: 16/04/2014
352 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|