ماکیافیلی و ماناکانی نیشتیمان

مەریوان وریا قانع
"لەسەردەمی ماکیافیلییەوە، واتە لە سەدەی پازدەھەم و شازدەھەمەوە، نیشتیمان بووەتە یەکێک لە بەھا ئینسانیی و سیاسییە گرنگەکان. ماکیافیلی نیشتیمان وەک گەورەترین و رەھاترین بەھا دەبینێت و وەک ژێرخانی ھەموو بەھا ئەخلاقیی و ئینسانییەکانی دیکە مامەڵەیدەکات. ئەم تێڕوانینە وا لە ماکیافیلی دەکات ”سەلامەتی نیشتیمان“ پێش ھەموو شتەکانی تر بخات و سەرجەمی بەھاکان بکاتە پاشبەندی دەستەبەرکردنی ”سەلامەتی نیشتیمان".

ماکیافیلی بە نیشتیمان کەرامەتێکی تایبەت دەبەخشێت و پاراستنی ئەم کەرامەتەش لەپێش پاراستنی ھەموو شتێکی دیکەوە دادەنێت، بەڵام ئەم نرخە گەورەیەی نیشتیمان لای ئەم فەیلەسوفە سیاسییە لەخۆیەوە نایەت، واتە شتێکی خۆبەخۆ و خۆڕسک نییە. ئەوەی لای ماکیافیلی بە نیشتیمان ئەم نرخە گەورەیە دەبەخشێت چەند شتێکە، لە پێش ھەمووانەوە ئازادییە. نیشتیمان لای ماکیافیلی کاتێک دەبێت بە نیشتیمان، کاتێک دەبێت بە بەھایەک لە بەھاکانی دیکە گرنگتر، کە بتوانێت ئازادیی دەستەبەربکات و بیپارێزێت، تا ئەو شوێنەی بەرگریکردن لە نیشتیمان یەکسانبێت بە بەرگریکردن لە ئازادیی.

جگە لە پێشمەرجی ئازادیی، ماکیافیلی باس لە بوونی کۆمەڵێک پێشمەرجی تریش دەکات بۆئەوەی بە نیشتیمانێک بڵێین نیشتیمان. لە کتێبی ”گوتارەکاندا“ ماکیافیلی باس لە گرنگی بوونی ”سەرکردەی ڕاستەقینە“ دەکات، ئەوانەی کە نیشتیمان رێکدەخەن و بەڕێوەیدەبەن. ماکیافیلی لێرەدا ھێرشدەباتە سەر ئەو جۆرە سەرکردانەی قسەکانیان پێچەوانەی کردەوەکانییانە و وەک کەسانێکیش دەیانناسێنێت کە مانا راستەقینەکانی نیشتیمان دەشێوێنن. لەبەرامبەر ئەم جۆرە سەرکردە درۆزنانەدا ماکیافیلی باس لە ”سەرکردەیەکەی لێزان و حەکیم“ دەکات، ”کەسێک بەرلەوەی سەرگەرمی قازانجە تایبەتییەکانی خۆی بێت، لەخەمی قازانجی گشتیدایە و بەرلەوەی خەریکی قازانجی بنەماڵەکەی بێت خەریکی قازانجی نیشتیمانە“.

ھەر لەم رەوتەدا ماکیافیلی بەشێوەیەکی رەخنەگرانە باس لە سەردەمەکەی خۆی دەکات و دەڵێت ”خۆشەویستیی نیشتیمان واملێدەکات رق و بێزم لە ئەخلاقی ئەوانە ببێتەوە کە حوکمی ئەم نیشتیمانە ئەکەن“. کە باس لە مەنفا و بەجێھێشتنی نیشتیمانیش دەکات دەڵێت ”ئەو رێزەی نیشتیمانێکی ئازاد ئەیدات بە من، نیشتیمانێکی کۆیلەکراو نامداتێ“. مەبەستی ماکیافیلی لە ”نیشتیمانی کۆیلەکراو“ تەنھا نیشتیمانێکی داگیرکراو نییە لەلایەن ھێزێکی دەرەکییەوە، بەڵکو مەبەستی لەو نیشتیمانەشە کە حاکمە خراپە خۆماڵییەکانی کردویانە بە نیشتیمانێکی کۆیلە.
بە کورتی لای ماکیافیلی خۆشەویستیی نیشتیمان زۆر بە توندی بە خۆشەویستیی بۆ ئازادییەوە بەستراوەتەوە. دوای ئەوەش بەستراوەتەوە بە شێوازی داڕشتن و ڕێکخستنی ئەو نیشتیمانەوە، واتە بە شێوازی دەسەڵاتدارێتی و بە جۆری ئەو دەزگایانەوە کە ژیانی ئینسان لەو نیشتیماندا ڕێکدەخەن. دوای ئەمانەش بەستراوەتەوە بە بوونی ئەخلاقێکی بەرپرس و راستەقینەی حوکمڕانیکردنەوە. بەرگریکردن لە نیشتیمان لای ماکیافیلی بەرگریکردنە لەو شتانە و خۆشویستنی نیشتیمانیش خۆشویستنی ئەو شتانەیە تیایدا. ئەمەش مانای ئەوەیە لە کوێدا نیشتیمان ئەو شتانەی تێدانەبوو، واتە لە کوێدا ئازادیی راستەقینەی تیانەبوو، دەزگای راستەقینەی تیانەبوو، دەسەڵاتداری بە ئەخلاق و بەویژدانی تیانەبوو، لەوێدا نیشتیمان قابیلی خۆشویستن نییە.“
پەرەگرافێک لە نووسینێک کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا بڵاوکراوەتەوە.
وەرگیراوە
به‌روار:  06/08/2020
512   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   940
کۆی سه‌ردان:   29256009