ئەمەریکا چی لە قەندیل دەوێت؟!.
هەموو بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانن ، پەکەکەش بەدوای بەرژەوەندی گەلی کوردە.

لە سەردەمی ئیدارەی کلینتۆن ١٩٩٧ ، بۆ رازیکردنی تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ ، پەکەکە خرا لیستی تیرۆری ئەمەریکاوە .
وەک مایکل رۆبن لە وتارێکیدا بۆ ئاژانسی نۆرس پرێس دەڵێت: هەموو ئەو بەڵگانەی دەوڵەتی تورکیا دژی پەکەکە نیشانی ئەمەریکایدا، بەڵگەی ساختە بوون بۆ ناساندنی پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ، ئێستاش هەر بەهەمان شێوە بەڵگەی ساختە دەرخواردی ئیدارەی ئەمەریکا دەدات. بۆیە ئەوەی پێویستە بە تیرۆر بناسرێت تورکیایە.
لە ٢٠٠٨ لەگەڵ هاوڕێیەکدا ، نامەیەکمان بۆ مایکل رۆبن نوسی ، پێناسەی پەکەکەمان بۆ کرد ، لێ ئەو دەمی بە دوودڵییەوە نزیکی ئەم پرسە دەبۆوە.
لەدوای شۆڕشی رۆژئاڤا ، دامەزراندنی ستاتیۆی بارۆس و یەپەگە ویەپەژە و دواتریش قەسەدە ، ئیدی ئەو فەلسەفەی کە پەکەکەی لەسەر بنیاتنراوە ، لەوێدا بووە داینەمۆی ئەو دەستکەوتانە.
لەسایەی ئەو فەلسەفەدا کە فەلسەفەی رێبەری گەلان ، ئۆجەلانە ، دەیەوێت نەخشەی سیاسی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراستی بگۆڕێت بۆ بەرژەوەندی گەلان.
خاڵی جەوهەری لەم فەلسەفەیەدا ، رەتکردنەوەی فاشیزمی دەوڵەتی نەتەوە و ئاینییە و، ئەوەتا بە پراکتیکیش لە رۆژئاڤا و خودی پەکەکەش لەناوچەکە لە دژی تیرۆری داعش و هەموو دەوڵەتە شۆڤینیە نەتەوەپەرستەکان جەنگا و دەجەنگێ.
لەم جەنگەشدا سەرکەوت و بەردەوامیشە لەسەرکەوتن ، کە بێ گومان دەبێتە دەستکەوت بۆ تەواوی مرۆڤایەتی.
لەم نێوەندەدا ، ئەمەریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناویندا ، دوو لەمپەری گەورەی لەبەردەمە ، ئەویش ئیسلامی سیاسی تیرۆریست کە ئێران و تورکیا، نوێنەرایەتی دەکەن.
ئەم دوو دەوڵەتەش بۆ ئەوەی پرۆژەکانیان لە داگیرکاری و فرەوانخوازیی پێشبخەن و رێگری لە ئەمەریکا و تارادەیەک ئەوروپا بکەن ، هێز لە روسیا وچین وەردەگرن ، کە ئەوانەش بۆ ئەمەریکا وەک دوو رکابەری سیاسی و ئابوری و ستراتیژیین .
کەواتە لەم نێوەندەدا ، بەرژەوەندییەکی هاوبەش هەیە لەنێوان ئەمەریکا وەک ستاتیۆیەکی رەسمی جیهانی و پەکەکە وەک ستاتیۆیەکی نادەوڵەتی. مامەڵەکردن لە هاوکێشەیەکی ئاوادا زەحمەتە ، بۆیە ئەمەریکا بیری بەلای بەهێزکردنی ستاتیۆی رۆژئاڤا داچوو ، دەیەوێت ئەو ستاتیۆیە دیفاکتۆیە بکات بە ستاتیۆیەکی رەسمی بەڵام بە تەدریجی، گرێبەستی کۆمپانیایەکی ئەمەریکی بۆ کەرتی وزە لەگەڵ بارۆس ، بەڵگەیەکە بۆ ئەو تێگەیشتنەمان.
لە ٢٠١٤ ەوە بەبەردەوامی تەکەس لەوە دەکەمەوە کە رۆژهەلاتی ناوین ، دوو هێزی کاریگەر لە دەرەوەی ستاتیۆکانی دەوڵەتگەراییی ناوچەکە ، فیگەری بەهێزن و، رووداوی پۆزەتیڤ دورست دەکەن ، هەریەکەو بە ئامانجێک و لە هاوپەیمانیش دانین ، کە کە ئەو دووهێزەش ، پەکەکە و ئەمەریکایە.
موراد قەرەیەلان گۆتەیەکی جوانی هەیە بۆ پێناسەی پەکەکە ، پەکەکە وەک ئاو وایە ، بۆ بەردوامی شوێنی خۆی دەکاتەوە ، پەکەکە ناتوانێت لەجولە بوەستێت.
راستە شۆڕشی پەکەکە ناتوانێت راوەستێت ، وەک سوارپایسکل وایە ، وەستا دەکەوێت.
دوای شکستی دووەم هێزی ناتۆ لە ئۆپەراسیۆنی زاپ لە ٢٠٠٨ ، دەوڵەتی تورکیا بەناچاریی کەوتە دانوستاندن لەگەل پەکەکە. ئەمجارەش بە شکستی کەمەرشکێنی سوپای تورکیا لە جەنگی هەفتانیندا ، دەوڵەتی تورکیا ناچار دەکات بە هەندێ گۆرانکاریی ، ئەگەر دەوڵەتیش ناچار نەبێت بۆ گۆرانکاریی و ئامادە نەبێت ، ناوخودی تورکیا و رای گشتی ناوخۆ ، گۆرانکاریی دەکەن.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە لە وتارێکیدا کە لە ئەیلولی ٢٠١٩ لە واشنتۆن پۆست بلاویکردەوە ، نامەگەلێکی گرنگی تێدابوو ، کە گرنگترین نامە بۆ ئیدارەی ئەمەریکا و دورستکەری بڕیاری سیاسی ئەمەریکا بوو، لە وتارەکەدا نەخشەرێگای ئاشتی لە تورکیادا ئاشکراکرد و دەڵێت: ئێمە هەڵەبوین کەوامان زانی لەگەڵ ئاکەپە دەتوانین ئاشتی بکەین ، لێ دەرچوو ئاشتی لەگەڵ وەها زهنیەتێک ناکرێت ، پێویست دەکات بۆ چارەسەریی بەرەی دیموکراسی لەنا وتورکیادا پەرە پێبدەین و جیهان لەو پرۆسەیە بکەینە شەریک .
جەمیل بایک بە ئەمەریکا وئەوروپای گوت: ئاشتی کردن لەگەڵ ئاکەپە-مەهەپە ، ئەستەمە ، چونکە بوونیان لەسەر نکوڵی کوردان دامەزراوە ، کاتێک دانوستاندن و گفتوگۆ پێش دەکەوێت کە گەرەنتۆرێک(ضامن) هەبێت بۆ ئەم پرۆسەیە.
ئەمەریکا دەیەوێت سیستەمی تورکیا نەک رژێمی ئەردۆگان لە هەلابەهەلابوون دەرباز بکات بۆ ئەوەی رێگە بگرێت لە چین و روسیا وئێران بکەونە گیانی بەتەواوی لەدەست ئەمەریکا بچێت ، بۆیە دەیەوێت پرسی کورد بە ئاشتیانە چارەسەر بکات ، ئەم دیتنە هی خودی عەلی باباجانیشە.
ئەمەریکا دەیەوێت لەسایەی رژێمێکی وا لاوازی ئەردۆگان لە رووی سیاسی وئابوری لەناوخۆوە و بەتایبەتی دوای شکستی هەفتانین ، دۆزی کورد چارەسەر بکات ، هێلی دەوڵەتی هاونیشتمانی بەهێز بکات ، ئەمەشی بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانیەتی ، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ، دورستکردنی دیواری بەرزی پەکەکەیە بۆ ئەوەی روسیا وچین و ئێران ئیختراقی تورکیا و پارچەکانی دیکەی کوردستان ،کە دلی ناوچەکەیە، نەکەن .
نابێت ئەوەش لەیاد بکەین ، لە دورستبوونی هەر پشێوییەک لە ئێران ، دیسان پەکەکە مۆدێلی رۆژئاڤا لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەئافرێنێت.ئەمەریکا ئەو هەقیقەتە دەزانێت.
ئەمەریکا لە میانی ئەو داینەمۆیەی رۆژئاڤا سەیری پەکەکە دەکات ، دەزانێت پەکەکە رێکخستنێکە دژی دەوڵەتی نەتەوە و دەوڵەتی ئسلامی سیاسیە ، کە ئەوەش دێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا. ئەمەریکا ئەو راستیەش دەزانێت کە سوپای پەکەکە ، گەریلا ، سوپایەکی بە دسپلین و خاوەن باوەڕە ، باشیش دەزانێت هێزێکی سەربەخۆیە لە بڕیاردان ، ئابوری سەربەخۆی خۆی هەیە ، لەباوەشی هیچ دەوڵەتێک یا دەزگای مخابەراتی رۆژ ناکاتەوە .بە مانای وشە ستاتیۆیەکی نادەوڵەتی دامەزراوەییە.
لەم ماوەیەدا هەواڵی جۆراوجۆر بڵاوبۆوە کە گوایە نێردەیەکی سیاسی سەردانی قەندیلیان کردووە.
من لێرە لە پێگەیەکدا نیم ، پشتڕاستی ئەو هەواڵە بکەمەوە یا نا، بەلام بە پشتبەستن بە شرۆڤەی سەرەوە ،ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ناچار دەکات نەک بەتەنها مامەڵەی سەربازیی لەگەڵ پەکەکەدا بکات ، بەڵکو مامەڵەی سیاسیشی لەتەکدا بکات. وەک پێشتر و چەندین ساڵە ئاماژەمان پێداوە ، پەکەکە فیگەرە ، فیگەرێکی بەهێزیشە لە ناوچەکە.
ئیسرائیل لەم ناوەندەدا گرنگە ، پەکەکە چۆن لێیدەڕوانێت؟. پەکەکە وێرای ئەوەی زەربەی گەورەی خواردووە بەدەست ئیسرائیلەوە بەرادەستکردنەوەی رێبەری گەلان بە تورکیا ، لێ پەکەکە هەمیشە وەک دەوڵەت، نەک رێکخستنێکی لۆکالی، مامەڵەی لەگەڵ دوژمنەکانیش کردووە ، هیچ رق و کینەی عەشایرانەی دژی گەلی ئیسرائیل نییە و رۆژێک بە لێدوانێک خۆی لەدژی گەلی ئیسرائیل نەدۆزیتەوە. سەیری فەلەستینیەکانیش بەهەمان شیوە دەکات ، لە روانگەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی چارەسەریی بۆ ئیسرائیل و فەلەستینییەکانیش تەرح دەکات . بۆیە سیاسەتی رەسمی ئیسرائیلی ئێستا تەنانەت گەلەریش ئەگەر دۆستیش نەبن لانی کەم دژی پەکەکە نین . کە ئەمەش بۆ ئەو پرۆژەی ئەمەریکا لە دورستکردنی بڕیاری سیاسی بە ئاراستەی چارەسەریی دۆزی کورد گرنگە. هەموو دەزانین لۆبی ئیسرائیلی کاریگەری هەیە لەسەر دورستکردنی بڕیاری سیاسی لە ئەمەریکا بەتایبەتی بۆ رۆژهەلاتی ناوەراست.
ماوەتەوە بڵێین ، هەندێ کەس دانوستانی ئەمەریکا ئەگەر هەبێت لەگەڵ پەکەکە وەک دانوستانی تالیبان دەبینێت ، لەکاتێکدا تەواو لێکدانەوەیەکی هەڵەیە ، چونکە ئامانجی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کشاندنەوەی سوپاکەیەتی لەئەفغانستان ، دەیەوێت پرۆسەی ئاشتی نێوان تالیبان وحکومەتەکەی ئەوێ سەربگرێت و لەوێدا بڕوات و سوپاکەی بکشێنێتەوە، بەلام هەرچی لە رۆژهەلاتی ناوەراستە ، ئەمەریکا دەیەوێت بمێنێتەوە ، ئامانجی ئەمەریکا مانەوەیە لە ناوچەکە نەک چۆڵکردنی بۆ روسیا وچین وئێران.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم ، پەکەکە پرۆژەی چارەسەریی پێیە بۆ تەواوی رۆژهەلاتی ناوەراست بەتایبەتی دۆزی کورد ، کە ئەمەش ناکۆک نییە لەگەڵ ستراتیژیی ئەمەریکا لە مەودای نزیک و مام ناوەنددا. چین وروسیا دەیانەوێت لە رێگای دوو دوژمنی سەرسەختی پەکەکە، تورکیاو ئێران ، دزەبکەنە ناوچەکە وهەژمونی خۆیان بسەپێنن و ئەمەریکا و ئەوروپا تەریک بکەن. لەوەدا ئەمەریکا خاڵە هاوبەشەکەی لە نیوان خۆی و پەکەکە دۆزیتەوە..
نەمویست رۆڵی سعودیە وئیمارات ومیسر باس بکەم ، چونکە وتارەکە درێژتر دەبوو، بەڵام ئەوەوندە دەڵێم ، ئەم دەوڵەتانە قوربانی دەستی ئێرانو تورکیان و، دۆستی ئەمەریکاشن.
نیاز حامید
به‌روار:  05/08/2020
870   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   586
کۆی سه‌ردان:   29249832