پارچەیەک لە وتاری «دەربارەی جەهل و گەمژەیی»
جەھل بریتییە لە نەزانین و بێئاگایی لە شتێک کە پێشتر خەڵکانێکی دی کاریان لە سەرکردوە و تێیدا بە دەرەنجامگەلی تایبەت گەیشتوون، واتە ئیشکردنە لە کایەیەکدا بێئەوەی ئاگاداری جەمسەرە گرنگ و تێزە و میتۆدە گرنگەکانی ناو ئەو کایەیە بیت، واتە جەھل بە مانا سادە و پراکتیکییەکەی نەزانینی زانیارییەکی زانراوە لەلایەن کەسێکەوە کە پێویستە ئەو زانیارییەی ھەبێت تا بتوانیت لەو بوارەدا کاربکات.

بەم پێناسەیە جاھیل کەسێکە کە زانیارییە گرنگەکانی بواری خۆی نازانێت. دیارە بێمانایە مرۆڤ بە دکتۆرێکی دان بڵێت بۆ تۆ لە بواری ئەندازەی کارەبادا شارەزا نیت، چونکە وشەی جەھل تەنیا کاتێک مانای ھەیە کە بوونی مەعریفەت پێویست و واجیب بێت. چونکە گەر وانەبێت بەم مانایە ھەموو مرۆڤەکانی دونیا بێ ناوازە و ھەڵاوێرد جاھیلن.

مرۆڤ وەک مەخلوقێکی بێ زانیاری دێتە دونیاوە و دواتر زانیاری بەدەستدەھێنێت، بڕی ئەو زانیارییەش کە بەدەستی دەھێنێت ھەمیشە لە چاو بەرینی سنووری مەعریفەتدا بچوک و ناچیزە.

ئەوەی جەھل دەکاتە شتێکی پڕ مەترسی، خودی جەھل نییە، بەڵکو تێکەڵبوونێتی بە گەمژەیی. گەمژەیی تێکەڵاوبوونی جەھلە بە کۆمەڵێک سیفەتی سەرەکی دی، کە لەوەی دەردەکەن تەنیا نەزانین بێت، بەڵکو دەیکەنە ڕێگرێکی ترسناک لە بەردەم زانیندا.

گەمژەیی تەنیا نەزانین نییە، بەڵکو دەرخستنی نەزانینە وەک زانین، سیستمی پاراستنی نەزانین و ئیشکردنە بە نەزانین لە کاتێکدا زانین ئامادەیە، سیستمی دەستێوەردانی نەزانینە لە زانین، ھەر وەک سیستمی فەرامۆشکردن و گومانکردن و دزێوکردنی ڕەمزیانەی زانینە.

جەھل لە جەوھەریدا ڕووبەرێکی نەزانینە، بەڵام لێکدانی گەمژەیی بە نەزانین، دەبێتە مایەی بە سیاسیکردن و بە ئایدۆلۆژیکردنی نەزانین، بریتییە لە گۆڕینی جەھل بۆ دانەر و داڕێژەری یاساکانی ناو سیستم.

جەھل قابیلی لە ناوبردنە، بەڵام جەھل کە بوو بە سیستم و بوو بە داڕێژەری کولتووری مەعریفی، ئەو کات دەبێتە ھێزێکی کۆمەڵایەتيی گەورە و ئاسان لە ناو نابرێت.

لێرەوە زۆربەی شەڕی بیریاران لەگەڵ جەھلدا نییە وەکو جەھل، بەڵکو لەگەڵ جەھلدایە کاتێک بۆتە سیستم و تێکەڵ بە گەمژەیی بووە، جەهل کاتێک ناهێڵێت مەعریفە ئیشبکات.

گەمژەیی ناوکەیەکی سەختی ھەیە و ئاسان ناشکێت، چونکە زۆربوونی بڕی مەعریفەت گەمژەیی لەناو نابات. گەمژەیی پەیوەندی بە مۆراڵی مامەڵەکردنەوەوە ھەیە لەگەڵ مەعریفەتدا، نەوەک بە بڕی مەعریفەتەوە.

جەھل بریتییە لە بێئاگایی لە مەعریفەت، بەڵام گەمژەیی بریتییە لە ڕق لە مەعریفەت، برتییە لە سەندنەوەی ماف و دەسەڵات لە مەعریفەت، بریتییە لە شکاندنی ھەیبەتی ڕەمزیانەی مەعریفەت. نەک ھەرئەوە بەڵکو گەمژەیی بریتییە لە دۆخی پەلاماردان و شەڕانگێزی بەرامبەر مەعریفەت.

گۆستاڤ فلۆپێر لە ھەر کەس باشتر ئەو سیفەتە سەختەی گەمژەیی دەستنیشانکردوە کە دەڵێت «گەمژەیی شتێکە نابەزێت و نالەرزێت، کەس نییە پەلاماریدابێت و لە پێشدەمیدا نەشکابێت، لەسروشتی بەردە ڕەقەکاندایە، سەخت و خۆگرە».

ئەم سیفەتی سەختی و خۆگرییەی گەمژەیی لە جیھانی ئێمەدا ھێند بەرچاوە مرۆڤ ناتوانێت فەرامۆشیبکات. سەختی و خۆگری گەمژەیی لەوەدایە کە دەتوانێت ژیان و کۆمەڵگا و کۆی سیستمی ئیشکردن وا ڕێکبخات، بەبێ گەشەی مەعریفەت بژین و بمێننەوە. گەمژەیی بەم مانایە ھونەری ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی سیستمێکە تا بتوانێت بێ زانین و زانیاری بژی.

"بەختیار عەلی"

به‌روار:  23/07/2020
710   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   223
کۆی سه‌ردان:   29231527