دەربارەی ئیسلامی کوردی و تایبەتمەندییەکانی
ئەو پرسیارەی کە بە هزری زۆربەماندا تێپەڕیوە ئەوەیە بۆچی مزگەوتەکانی جاران ناڵی و مەحوی و جەزیری و وەفایی و قانیعیان بەرهەمدێنا بەڵام زۆرێک لە مزگەوتەکانی ئێستا مرۆڤگەلێکی نامۆ بە رۆح و سروشت و کەلتووری کوردەواری بەرهەم دێنن؟ ئەم بابەتەی خوارەوە هەوڵێکە بۆ وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارە:

دەربارەی ئیسلامی کوردی و تایبەتمەندییەکانی
ئارام ڕەفعەت

دەسپێک:
لە جوڵانەوەکەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهرییەوە تا هەرەسی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٧٥، جگە لە جوڵانەوەکەی سمکۆ و سەرهەڵدنەکەی ئارارات، هەموو سەرهەڵدان و جوڵانەوە ڕزگاری خوازییەکانی کوردستان لەلایەن شێخانی تەریقەت و ئەو مەلایانەی کە لەحوجرەکانەوە دەرچوون ڕابەرایەتی کراون. دیارترین نموونەی ئەو ڕابەرانەش شێخ مەحمودی نەمر و شێخ سەعیدی پیران و شێخ ئەحمەدی بارزان و سەیید رەزا و قازی محەمەد و دواتریش مەلا مستەفای بارزانن. زۆرجار ئەو پرسیارە دەوروژێنرێت کە بۆچی تا نزیک بەسەدەیەک جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لەلایەن رابەر و سیمبۆلە ئیسلامییەکانی کۆمەڵگای کوردەواری رابەرایەتی کراوە؟ رەنگە رۆڵی ئیسلام لەکۆمەڵگای کوردەواریدا و پابەندی کورد بە ئیسلامەوە ئاسانترین و باوترین وەڵام بێت. ئەم تێزە جگە لە ئیسلامییەکانی کوردستان هەندێک لە ئەکادیمییە رۆژئاواییەکان لەوانەش مارتن ڤان بروینسەنس و مایکل گەنتەر و دەیڤد ماکدۆوال لەسەری کۆکن. ئەکادیمییە تورکەکان، بەتایبەت ئەوانەی کە بە زمانی ئینگلیزی دەنووسن، هەنگاوێک واوەتر دەچن و هەوڵ دەدەن رۆڵی سیمبۆلە ئایینییەکان لە جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان وەک ئاماژەیەک بۆ تەعەسووبی ئایینی و خێڵەکێتی و دواکەوتووییی کۆمەڵگای کوردستان لێک بدەنەوە.
بەڵام پرسیار گەلێک دێتە پێشەوە و ئەم تێزەی سەرەوە (پابەندی یان تەعەسوبی ئایینی کوردەکان) ناتوانێت وەڵامییان بداتەوە، لەوانەش: بۆچی سەرەڕای ئەوەی کە ئیسلام نزیک لە سەدا ٩٥ی دانیشتوانی عێڕاق پێک دەهێنێت و لە ساڵی ١٩٢١ ەوە ئیسلام ئایینی رەسمی دەوڵەتی عێڕاقی بووە کەچی ئەم ئاینە نەیتوانییووە ببێتە ناسنامەی هاوبەشی نێوان کورد و عەڕەب؟ بۆچی سیمبۆلە ئایینییەکانی کوردستان حیزبی ئیسلامییان دانەمەزراند و رابەرایەتی جوڵانەوەی ئیسلامییان نەدەکرد و لەبری ئەوە رۆڵی بێهاوتایان لەبزاڤی نەتەوەیی کوردی ئاراستە عەلمانی دا بینی. یان بۆچی سەرەڕای ئەم رۆڵە رابەرایەتییەیان، کەچی لانی کەم تا ساڵی ١٩٨٨ سەرجەم پارتە سیاسیەکانی کوردستان ئاراستەیەکی غەیرە ئایینیی عەلمانی و زۆربەشیان چەپی هەبووە و تاکە حیزبێکی ئیسلامی لە کوردستان دانەمەزراوە؟ پرسیارێکی تر ئەوەیە کە بۆچی نوخبەی مەلا کوردەکان، هەر لە یەکەم جیللییەوە، واتە لە شەرەفخانی بەتلیسی و ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆییەوە تا دووا جیللی، واتە قانیع و هێمن و هەژار، دەبنە داهێنەر و پێشەنگی هزری نەتەوەیی و نەبوونە مونەزیر و بانگخوازی ئیسلامی سیاسی وەک لە ئێستادا ئیسلامییەکان و هەندێک لەو مەلا کوردانەی کە دەرچوی زانکۆ و پەیمانگە ئیسلامییەکانی عێڕاقن (نەک حوجرەکانی کوردستان) دەیکەن. دوا پرسیاریش کە ئەم تێزە ناتوانێت وەڵامی بداتەوە ئەوەیە کە بۆچی تا ئێستاش کوردستان هەلقەی لاوازی ئیسلامی سیاسییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامیدا؟.
بەپێچەوانەی ئەم تێزەی سەرەوە، ئەم بابەتە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تایبەتمەندییەکانی ئەو فۆرمە ئیسلامەی کە لە کوردستان دا هەبووە وهەیە (کە من ناوی دەنێم ئیسلامی کوردی) وەلامە بۆ ڕۆڵی ئەم سیمبۆلە ئایینییانە لە بزاڤی کوردستانیدا.
ئیسلامی کوردی چییە؟
ئیسلامی کوردی فۆرمە کوردێنراوەکەی ئیسلامی بنچینە-عەرەبییە و بۆ سەدان ساڵ لەکوردستاندا پەیرەوکراوە. ئەم ئیسلامە زادەی حوجرەو تەکییە و خانەقاکانە و لە پرۆسەیەکی گونجاندنی سەدان ساڵەدا لەگەڵ کەلتوور و بارودۆخی کوردستان دا بەرگێکی کوردی کردۆتە بەر ئیسلامی سەرەکی (عەرەبی) و کۆمەڵێک بنەماو پرەنسیپ لە ئیسلامی سەرەکی لابراوە و هەندێکی تر کە کەم تازۆر بە ئیسلامی بنچینە نامۆن موتوربە کراوە.
ئیسلامی عەڕەبی (بنچینە) چییە؟
ئایینی فەرمی خەلیفە و سوڵتانەکان بووە و ئێشتاش ئایینی ڕەسمی زۆربەی دەوڵەتە عەرەبییەکان و ناوچەکەیە و ئەو ئایینەشە کە لەکۆمەڵگا عەرەبییەکان (لەوانەش سوننەکانی عێڕاق) پەیرەو دەکرێت و کراوە و لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوەش لە فۆڕمی ئیسلامی سیاسی دا دەردەکەوتووە. ئەم فۆرمەی ئیسلامە رەهەند و جەوهەرێکی سیاسی و مەیلی حوکمڕانیکردنی کۆمەڵگەی هەیە و دەکرێت بە ئیسلامی بنچینە وەیان ئیسلامی فەرمیش پۆلێن بکرێت.
زەمینەی سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئیسلامی کوردی:
بەرلەوەی بێمە سەر تایبەتمەندییەکانی ئیسلامی کوردی تیشکێک دەخەمە سەر ئەو زەمینەیەی کە ئیسلامی کوردی تێیدا سەریهەڵداوە و گەشەی کردووە. یەکەم: لەڕووی مێژوییەوە تایبەتمەندێتی ئیسلامی کوردی زادەی سیستەمی حوکمڕانی میرنیشینییە لە کوردستاندا. بەدوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی و غەزووی عەرەبە موسوڵمانەکان بۆ ناوچەکە، هیچ کاتێک کوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن غەیرە کوردەکانەوە حوکمڕانی نەکراوە. کوردستان تەنها بەناو لە ژێر کۆنترۆڵ و قەڵەمڕەوی عەرەبە ئەمەویەکان و عەباسییەکان و دواتریش تورکە عوسمانییەکان و سەفەویەکان دا بووە. لەڕاستیدا حوکمڕانی سیستەمی میرنشینی کوردستان شێوەیەک لە حوکمی کۆنفیدرالی وەیان فیدراڵی بوو. لەبەر ئەوە ئیسلامی فەرمی (ئیسلامی-عەرەبی) وسیستەمی میللەت نەیتوانی بەسەر خەڵکی کوردستان دا پسەپێنرێت و ئەو پرۆسە ئەسیمیلەێشن و تاواندنەوەی کە بەسەر گەلانی تری ناوچەکەدا هات لەکوردستان دا شکستی هێنا. جگە لە غیابی لەشکری خەلیفە و سوڵتانەکان ئاماژەگەلێکی تری غیابی حوکمی ڕاستەوخۆی خەلیفەو سوڵتانەکان لە کوردستان لەوەدا دەردەکەوێت کە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان دا ناوی میرە کوردەکان لە خوتبەی نوێژی جومعەدا دەهات، نەک خەلیفە یان سوڵتانەکان. بێجگە لەوەش، بەدرێژایی حوکمڕانی عوسمانییەکان، ئەستەنبوڵ نەیتوانی کە موفتییەکی حەنەفی بەسەر میرنشینەکانی کوردستان دا بسەپێنێت و هەمیشە موفتی میرنشینەکان شافیعی کورد بوون. ئاماژەیەکی تری ڕۆڵی ڕاستەوخۆی ئیسلامی فەرمی لە کوردستان شکستی خەلیفە و سوڵتانەکان بوو لە کردنەوەی مەدرەسە ئایینییەکانی سەر بەدەوڵەت لە کوردستاندا.
دووەم فاکتەری دەرکەوتنی فۆرمی کوردی ئیسلام سروشتی دونییایی حوکمڕانی میرەکان بوو. میرنشینەکان فیدراسیونێکی عەشیرەت و خێڵەکان بوون و میرەکانیش لە بەهێزترین ئەو خێڵانە یان بنەماڵەکانی ناوچەکە بوون بۆیە نە میرەکان و نەمیرنشینەکانییان شەرعییەتی خۆیان لە ڕۆڵ و پێگەیان لە ناو ئاییندا وەرنەدەگرت و ئایین سەرچاوەی دەسەڵاتییان نەبوو کە ئەوەش بەپێچەوانەی حوکمی سوڵتان و خەلیفەکان بوو کە دین سەرچاوەی شەرعییەت و حوکمڕانییان بوو. بەم جۆرە. میرنشینەکانی کوردستان سرووشتێکی دونییایییان واتە عەلمانییان هەبوو، سەرەنجام گرنگترین جیاوازی ئیسلامی کوردی دەردەکەوێت ئەویش لەدەست دانی ئەو سرووشت و جەوهەرە سیاسییەیە کە لە ئیسلامی بنچینە-عەرەبی دا دەبینرێت.
سێیەم هۆکاری دەرکەوتن و سەرپێکەوتنی فۆرمی کوردانەی ئیسلام گەشەکردنی خوێندنی ئایینی لە کوردستان بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە مەدرەسە ئایینییە ئیسلامییەکانی تری نەتەوەکانی تر دامەزراو گەشەی کرد. حوجرە کوردییەکان تەنها لە کوردستان دامەزران و لە هەمان کاتیشدا فەقێکان لە هەموو گۆشەیەکی کوردستان روویان لە حوجرەکان دەکرد. بەمجۆرە حوجرەکان رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە گەشەسەندن و تایبەتمەندێتی ئیسلامی کوردی. دوو جۆرە مەدرەسە لە کوردستان دا باو بوون. یەکێکییان ئەوانە بوون کە لەژێر چاودێری و پشتیوانی ماددی و مەعنەوی میرێک دا بوون وە جۆرێکی تریشییان مەلایەکی ناودار بەسەربەخۆیی بەڕێوەی دەبردن. لە هەردوو حالەتەکەدا مەنهەج و خوێندن لە حوجرە و مەدرەسە ئایینییەکانی کوردستان دا جیاواز بووە لەوانەی کە لەسایەی سوڵتانەکان دا خوێنراوە و کەمتر خۆی لەقەرەی مەسەلە سیاسییەکان داوە. حوجرەکان تۆڕێکی پەیوەندی فراوانییان لە کوردستان دا پێکهێناوە و فەقێکان بەدوای خوێندن دا سنووری ئیداری و جوگرافییایی میرنشینەکانییان بڕیووە و مەزهەبی شافیعی و شیعر و ئەدەبییاتی کوردی و فارسییان بەسەرتاپای کوردستان دا بلاو کردۆتەوە.
چوارەم هۆکاری جیاوازی ئیسلامی کوردی لە ئیسلامی بنچینە ئەوەیە کە هەر میرنشینێک سنوورێکی جوگرافی دیاری کراوی هەبوو، کە ئەمەش ببوە هۆی درووست بوونی کۆمەڵگای لێک دابراو. کارلێکی فاکتەرگەلی وەک غاییبی سیستەمی میللەت و ئیسلامی فەرمی وە ناوچەی لەیەکتر دابراو لەڕووی ئیداریەوە زەمینەیەکی لەباری رەخساند کە بوارێک بۆ مانەوەی عادات و بیروباوەری نامۆ بە کەلتووری عەرەب و ئیسلامی فەرمی و ئایینی ناوچەیی (غەیرە ئیسلامی) و لۆکاڵیی و سەرەنجام دەرکەوتنی ئیسلامی کوردی بە تایبەتمەندی خۆیەوە. هەر ئەم هۆکارانەش بەسەریەکەوە وایکردووە کە لە هەندێک ناوچە بیروباوری وا لەناو جەرگەی ئیسلامی کوردیدا سەرهەڵبدات و گەشەبکات کە تەواو نامۆ بن بە بنەماکانی ئیسلامی بنچینە-عەرەبی.

تایبەتمەندییەکانی ئیسلامی کوردی:
ئیسلامی کوردی بەکۆمەڵێک تایبەتمەندی لەو ئیسلامە جیادەکرێتەوە کە لەلایەن نەتەوەکانی تر پەیرەودەکرێت جیادەکرێتەوە.
١- یەکەم تایبەتمەندی ئیسلامی کوردی قەبووڵ کردنی فرەییە. بە جیاواز لە سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی کوردستان وڵاتی زیاتر لە بیست دین، مەزهەب، وە تەریقەتە لەوانەش ئایینەکانی ئیسلام و مەسیحی و جولەکە و ئێزیدی و یارسانی. مەزهەبەکانی شیعەو سوننە و عەلەوی و قزلباشی و شەبەک و سارلی، تەریقەتەکانی قادری و نەقشەبەندی وە لقەکانی ئەو تەریقەتانە لەوانەش بەرزنجی و تالەبانی و کەسنەزانی و ریفاعی لە تەریقەتی قادری وە بارزانی و هەقە و نەهری لە ڕێبازی نەقشبەندی. لەم رووەوە کورستان کۆنترینن نموونەی وڵاتی فرە کەلتووری و ئایننییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش دا.
بۆ زیاتر ئاشنابوون بە لێبووردەیی و فرەیی ئایینی لەکوردستان دا چەند نموونەیەک بە پێویست دەزانم:
نموونەی یەکەم: لەناو هەندێک عەشیرەتی کوردیدا دا سێ دین هەبووە و تا ئێستاش هەیە. لانی کەم چوار عەشیرەت هەن کە هەرسێ ئایینی ئیسلام و ئێزیدی و مەسیحی تێدایە لەوانەش عەشیرەتی داسیکان، عەلیان و دەرمانە و هەوێرکان لە باکوری کوردستان. رۆلەکانی عەشیرەتی سیندی پەیرەوی هەردوو ئاینی مەسیحی و ئیسلامین. عەشیرەتی بارزان هەردوو دینی جولەکە و موسوڵمانی تێدا بووە، لەناو شەبەکەکاندا شیعە و سوننە و سارلی هەن.
نموونەی دووەم: لە زۆربەی ئەو دێهاتانەی کوردستان کە جولەکەکانی تێدا ژیاوە، ئەگەر لەو دێیەدا ئاغا نەبووبێت ئەوا مەلای گوندەکە بۆتە پارێزەر و چاودێری جولەکەکان و نەیان هێشتووە کە لەسەر بنەمای ئایین غەدرییان لێ بکرێت.
نموونەی سێیەم: میرەکانی بەدرخان یەکەم دەسەڵاتدار دەژمێردرێن کە بەندێکی خەلیفە عومەر کوری خەتاب و خەلیفە عومەر بن عەبدولعەزیزییان ئیلغا کردەوە کە بەسەر ناموسوڵـمانەکایاندا سەپاندووە کە دەڵێت نابێت غەیرە موسوڵمانێک سواری ئەسپ بێت (واتە دەبێت لەئەسپ بێتە خوارێ) وە یان شمشێر (چەک هەڵبگرێت) لە کاتێکدا کە بەلای موسوڵمانێکدا تێدەپەڕێت. بەدرخانییەکان مەسیحییەکانی ژێر قەڵەمڕەوی خۆیان ئازادکردووە لە سواربوونی ئەسپ و هەڵگرتنی چەک لەناو موسوڵمانەکان دا.
نموونەی چوارەم: زۆرێک لە شێخەکان هێندە بێجیاوازی بوون لەگەڵ غەیرەموسولمانەکان بەتایبەت مەسیحییەکان بۆیە بە شێخی موسوڵمان و مەسیحی ناوبانگییان دەرکردووە، لەوانە شێخ عەبدولسەلامی بارزان.
نموونەی پێنجەم تەقسی کریڤە کە لەنێوان خێزانێکی موسوڵمان و ئێزیدیدا لە کوردستانی باکور و ناوچەی بادینان دا بەڕێوەدەچێت. خێزانە ئێزیدییەکان زۆرجار لەکاتی سوننەتکردنی کوڕەکانیان دا پیاوێکی موسوڵمانی کورد بانگهێشت دەکەن و مناڵە سوننەتکراوەکە دەخەنە باوەشی پیاوە موسوڵمانەکە بەجۆرێک کە خوێنی مناڵەکە بڕژێتە سەر جلی پیاوەکە و دایکی مناڵەکەش هەڵدەستێت بەخاوێنکردنەوەی جلە بەخوێن سووربووەکانی مناڵەکە، وەک ئاماژەیەک بۆ پاک کردنەوەی خوێن. لەوساوە، مناڵەکە و پیاوەموسوڵمانەکە دەبنە کریڤی یەکتری. پیاوە موسوڵمانەکە دەبێتە حەرەم و پارێزەری ئەو ماڵە ئێزیدییە و دەتوانێت لە گەورە و بچووکی کاروبارەکانی ئەو ماڵە وەک برای خوێنی کاریگەری دابنێت. تەقسی کریڤ لە جیهانی ئیسلامیدا کەم وێنەیە و بەداخەوە تائێستا لای توێژەرە ئەکادیمییەکانی کورد نەبۆتە جێگای بایەخ.
٢- دووەم تایبەتمەندی ئیسلامی کوردی ئەوەیە کە جیاواز لەهەموو گەلانی موسوڵمان کە لەسنووری قەڵەمڕەوی و دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەکانی عوسمانی و سەفەوی دا بوون تەنها لە کوردستان ناسنامەی ئایینی میرنشینەکان (فەرمانڕەواکان) نەکراوەتە بنەما بۆ حوکمڕانی. کوردستان تاکە مەملەکەت بووبێت کە ئایینی غەیری ئیسلامی وەک ئایینی فەرمی میرنشینی قەبووڵ کردبێت ئەویش میرنشینی ئەردەلان بووە کە ئایینی یارسانی (ئەهلی هەق) وەک ئایینی فەرمی میرنشینەکە وە زمانی پیرۆزی ئەو ئایینە واتە زاراوەی گۆرانی وەک زمانی دیوانی ئەو میرنشینە قەبوڵ کردووە. گرنگی ئەو حالەتە لەوەدایە کە میرنشینی ئەردەڵان یەکێکە لە گەورەتریین و پرتەمەنتریین میرنشینەکانی کوردستان و تا دامەزراندنی میرنشینی بابان قەڵەمڕەوی ئەردەلانییەکان بۆ سلێمانی و کەرکوک درێژ دەبووەوە و ئەوەش وا مەزەنە دەکرێت کە موسولمانەکان زۆرینە و ئەهلی هەقیش کەمینە بووبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا تا ڕووخانی میرنشینەکە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم دا ئایینی ئەهلی هەق و زاراوەی گۆرانی ئایین و زاراوەی رەسمی ئەم میرنشینە بوون.
٣- سێیەم تایبەتمەندی ئیسلامی کوردی پەیرەوکردنی مەزهەبی شافیعییە و هەموو کوردە سوننەکان لەسەر ئەو مەزهەبەن. مەزهەبی شافیعی هەرچەندە گەشەی نەکردووە بۆ ئایدۆلۆژیەتی کوردان بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو کوردە سوننەکان لەهەموو پارچەکانی کوردستان موقەلیدی ئەو مەزهەبەن، وای کردوە کە کورد بەهۆی ئەو مەزهەبە لە فارس و ئازەرییە شیعەکان و لە عەرەب و تورکە حەنەفییەکان جیابکرێنەوە. تەنانەت کە لە کوردستانی باکوور کوردبوون و ناسنامەی کوردی قەدەغەکرابوو خۆ ناساندن وەک کورد سزای لەسەر بوو، کوردەکان بۆ ئەوەی بزانن کە کەسێکی غەریب کە بۆ یەکەم جار دیبینن کوردە یان تورک لێی دەپرسن مەزهەبت چییە، ئەگەر کابرا بڵیت شافیعیم ئەوا بێ سێ و دوو دەزانن کە کوردە و ئەگەر بلێت حەنەفیم ئەواد ەزانن کە تورکە یان کورد نییە.
٤- چوارەم تایبەتمەندی ئیسلامی کوردی سۆفیگەرێتییە. تا ناوەراستی پەنجاکانی سەدەی رابردوو سەرۆکی زۆربەی خێزانە کوردییەکان یان نەقشبەندی بوون یان قادری. کورد لەڕێگەی سۆفیگەرێتییەوە عەقیدەی ئیسلامی تێکەڵ بە میستریزم و عەرفانییەت کردووە. جیاوازییەکی تری نێوان سوفیزمی کوردی و سوفیزمی گەلانی تر ئەوەیە کە کاروباری دونییایی تێکەڵ بەشەریعەت دەکرێت. لە کوردستاندا سوفیزم لە عیرفانییەتێک و نەزەرییەکی موجەرەدەوە گۆڕاوە بۆ تقوسی پراکتیکی. بەمجۆرە ئاوێتە بوونی شەریعەت و سۆفیزم بۆتە هۆی دەرکەوتنی فۆرمێکی ئیسلام کە تێکەڵەیەک بێت لە ئەفسانە و مەسەلە دونییاییەکان. لەوەش زیاتر لە ڕێگای خەلیفە و دیوانە و سۆفی و دەروێشەکانەوە سوفیزمی کوردی ئاوێتەی کەلتووری باوی کوردەواری بووە.
٥- پێنجەم جیاوازی نێوان ئیسلامی کوردی و ئیسلامی عام تەقدیسی ئەدەبییاتی فارسی بووە. جگەلەوەی لە حوجرەکاندا مەزهەب و یاسای شافیعی، بنەماکانی سوفیزم دەخوێنران، ئەدەبییاتی فارسی لەوانەش گولستانی سەعدی بابەتگەلێکی تری فارسی کە بەشێک نەبوون لەنەهجی ئیسلامی کرابوون بە پرۆگرامی خوێندن. ئەدەبییاتی فارسی کە سرووشتێکی دونییا گەری هەیە تا ئاستی موقەدەس کردن لە کوردستان دا ڕێزی لێگیراوە
٦- شەشەم جیاوازی ئیسلامی کوردی پرۆگرامی زمانێکی خوێندنی تایبەتی حوجرەکان بووە کە تێکهەڵکێشەیەکی کوردی و عەرەبی بووە و تەنها کورد دەتوانێت بەم زمانە بخوێنێت. لەحوجرەکاندا شێووازێکی زۆر تایبەتی خوێندنی قورئان پەیرەو دەکرا. بۆ نموونە وشەی (ئەلحەمدو) بەمجۆرە فێری خوێندکارەکان دەکرێت (ئەلف لەسەر ئا، گوێ لامی ئەل، حێ لەسەر حا، گوێ میمی حەم دال واو دوو ئەلحەمدو).
٧- حەوتەم تایبەتمەندێتی ئیسلامی کوردی تێکەڵ کردنی موسیقایە لە گەڵ ئاین کە لە تەریقەتی قادری و مەزهەبی عەلەویدا دەردەکەوێت.
٨- هەشتەم جیاوازی ئیسلامی کوردی تێکەڵ کردنی تەقوسی نامۆ بە ئیسلام لەگەڵ هەندێک لقی ئیسلام لە کوردستاندا لەوانەش پرەنسیپی یەکسانیگەرایی و موڵکدارێتی گشتییە لە هەردوو رێبازی بارزانی و هەقەدا و تەقدیس کردنی دایک و کچ لەناو سورچییەکان دا باوەڕ بوون بەوەی کە دایک و کچ لەجیاتی موتیع و موریدەکانییان نوێژ و عیبادەت دەکەن.
٩- نۆیەم تایبەتمەندی ئیسلامی کوردی جێگای تایبەتی ئیمام عەلی و ئیمام حوسێنە لە کوردستان لانی کەم تا حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو. جیاواز لەهەموو نەتەوەکانی تر کە سەر بە مەزهەبی سوننین، ئیمام عەلی و هەردوو کورەکەی حەسەن و حوسێن پێگەیەکی باڵایان لەناو کوردە سوننەکان دا هەبووە کە لەناو نەتەوە سوننەکانی تر دا نییە. تا ئەم دواییانەش زۆرێک لەماڵەکانی کوردستان وێنەی حەسەن و حوسێنییان هەڵدەواسی. جگە لەوەش لە کتێبەکەی عەقیدە ئیمانییەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی کە بە نوێکەرەوەی مەزهەبی نەقشبەندی دەناسرێت دەڵیت خەلیفەی راشیدین پێنجن و ئەو ئیمام حەسەن بە پێنجەم خەلیفەی ڕاشیدین دادەنێت. ئەم پێگە و جێگایەی ئەو ئیمامانەی شیعە ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵ و کاریگەری ئەدەبیاتی فارسی لە حوجرەکانی کوردستان و سروشتی مەزهەبی شافیعی کە بە نزیکترین مەزهەب لە شیعەکان دەژمێردرێت. جگە لەوەی زۆر جار نەتەوە غەیرە عەڕەبەکان وەک سیمبۆلی مەزلومییەتی خۆیان لەژێر حوکمڕانی ئەمەوییەکان وعەباسیەکان لە ئیمامەکانی شیعەیان ڕوانییوە.
١٠- دەیەم تایبەتمەندێتی ئیسلامی کوردی رۆڵ و پێگەی ژنە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا و تێکەڵ بوونێتی لەگەڵ پیاواندا لەکاروباری رۆژانە و لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا. تاسەرەتای سەدەی نۆزدەهەمیش سەدەی ڕابردووش، ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت لەکوردستان دا رۆڵێکی هاوتای ئافرەتی ئەوروپایی هەبووە نەک ئیسلامی و ئازادی ڕێژەیی ژن لە کۆمەڵگای کوردستاندا جێگەی سەرنجی زۆربەی رۆژهەڵاتناسەکان و گەڕیدە ئەوروپییەکان بووە.
١١- دواهەم، بەڵام گرنگترین تایبەتمەندێتی ئیسلامی کوردی دابڕانە لەو نەزعە و ئاراستە سیاسەتگەرایی و مەیلی حوکمڕانی کردنەی کە لە ئیسلامی عەڕەبیدا هەیە. واتە ئیسلامی کوردی خەسڵەتی تێکەڵ کردنی ئیسلام و سیاسەتی نییە وەک لە ئیسلامی عەڕەبیدا هەیە. ئەو گوتارەی کە ئەمڕۆ لە میدیا ئیسلامییەکاندا داکۆکی لە ئاوێتەبوونی ئیسلام و سیاسەت دەکات لە ئەساس دا گوتاری ئیسلامی عەڕەبییە و نامۆیە بە کۆمەڵگای کوردی و ئەو ئیسلامەی کە سەدان ساڵە لەکوردستان دا پەیڕەو دەکرێت و کراوە و وەک دواتر ڕوونی دەکەمەوەهێنانی ئیسلام بۆ ناو کایە سیاسیەکانی کوردستان بەشێكە لەپرۆسەی ئەسیمیلە کردن و تاواندنەوەی کەلتور و ناسنامەی کوردی لە ناو کەلتوورو شوناسی عەرەبی دا.
ئایا سیمبۆل و ڕابەرانی ئیسلامی کوردی درکییان بەم جیاوازییانە کردووە؟
زۆرێک لە سیمبۆلەکانی ئایینی و ڕابەرانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان نەک هەر درکییان بەم جیاوازییانە کردووە بەڵكو زۆر جار شانازییان بە فۆرمی کوردانەی ئیسلام کردووە و پێداگیرییان لەسەر جودایی ئیسلامی کوردی لە ئیسلامی بنچینە-عەرەبی کردووە، لەوانەش:
١- شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لەنامەیەکی دا بۆ کۆنسولی بەریتانی لە تەورێز، زۆر بەراشکاوی نوسیویەتی: نەتەوەی کورد، گەلێکی سەربەخۆیە و دینەکەیان جیاوازە لەوانی تر (تورک و عەرەب و عەجەم) و عورف و یاساکانیشیان جیاوازن. پێویستە بگوترێت کە شێخ عوبەیدوڵڵا شێخی تەریقەت و موسوڵمانێکی بەتەقوا بووە و لەڕوانگەی ئەو کورد موسولمان بووە، بۆیە مەبەستی ئەو لە دینەکەیان واتە ئیسلامەکەیان بووە. دووەمیان هەروەک زانراوە لە ئیسلامی بنچینە-عەرەبیدا دین سەرچاوەی هەموو عورف و یاساکانە، کاتێک شێخ دێت باس لە عورف و یاسای جیاوازی کوردان دەکات، بە مەبەستانە سنوورەکانی "سیستەمی میللەت" کە ئەوسا سیستەمی حوکمرانی عوسمانییەکان و باوەر و ناسنامەی باوی ئەوسا بوو تێک دەشكێنێت. جگە لەوەش، بە پێی هەندێک سەرچاوە لەشکرەکەی شێخی نەهری لە ٦٠ هەزار کەس تێپەڕی دەکرد. ئەو لەشکرە لە زۆربەی ئایینزاکانی کوردستان لەوانەش عەلەوی و موسولمان و مەسیحی تێدا بووە و نەک هەر هیچ تورک و عەجەم لەلەشکرەکەی ئەودا نەبووە، بەڵکو شەڕی تورک و عەجەمی داگیرکەری کوردستانیشی کردووە.
٢- هاوشیوەی شێخی نەهری، جەمعییەتی تەعالی کوردستان پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە کوردان بەهۆی جیاوازی عورف و عادات و ئایینییان پێویستە وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ تەماشایان بکرێت و ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆی خۆیان
٣- شێخ مەحموود پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە کورد وەک عەرەب لە دین دا توندرەو نین و کورد مافی ئافرەت پێشێل ناکەن وەک ئەوانی تر دەیکەن.
٤- تۆفیق وەهبی پێی وابوو کە تێروانینی کورد بۆ ئایین زۆر نزیکە لە تێروانینی ئەوروپییەکان بۆ ئایین نەک هی عەرەبەکان.
٥- لە ساڵی ١٩٤٥ نوخبەیەک لە رۆشنبیرانی ئەوسای کوردستانی باشور نامەیەکییان بۆ کۆمەڵەی گەلان ناردووە و پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە ئایینی کوردان زۆر لە هی موسولمانەکانی تر جیاوازە ئیسلام نابێ وەک ناسنامەی هاوبەشی کورد و عەڕەب تەماشا بکرێت.
کوردایەتی و ئیسلامی کوردی لە یەک بەرەدا
پێچەوانەی ئیسلامییەکانی ئەم سەردەمەی کوردستان کە دین دەکەنە بنەما بۆ ناسنامەی سیاسییان و کوردە ناموسوڵمانەکان وە یان موسوڵمانە نا سوننییەکان دەخەنە دەرەوەی بازنەوە، جوڵانەوە نەتەوەییەکانی کوردستان (کوردایەتی) کە لەلایەن سیمبۆلەکانی ئیسلامی کوردییەوە ڕابەرایەتی کراون لەسەر بنەمای لەخۆ گرتنی هەموو ئایین و ئایینزا هاونەتەوەییەکانی کوردستان و هەلاواردنی تورک و عەرەبە هاودینەکان درووست بووە. واتە لای جوڵانەوەی کوردایەتی "نەتەوە" نەک "دین" وەک بنەمای پۆلێن کردن و هاوشوناسی وەرگیراوە. سێ نموونەی زیندوو شەرەفخانی بەدلیسی کە لە ساڵی ١٥٩٥ شەرەفنامەی نووسیوە وە ئەحمەدی خانی کە لە ١٦٥٠ زین و مەمی نووسیوە و حاجی قادری کۆیی کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدە کۆچی دوایی کردووە، کورد وەک بنەما بە جیاوازی دین و مەزهەب و تەریقەت وەرگیراوە و عەرەب و تورک و فارسیش کە هاودینن بە بێگانە و هەندێک جاریش دوژمن و ناحەز لەقەڵەم دراون. لەسەدەی بیست و لەگەڵ دابەش کردن و داگیر کردنی کوردستان لەلایەن عێڕاق و تورکیا و ئێران و سورییاوە ئەم ئاراستەیە بەهێزتر دەبێت و هەردوو تەرەفی کوردایەتی و ئیسلامی کوردی بە چاوی توێنەرەوە تەماشای ئیسلامی فەرمییان کردووە، کە ئەوەش بە ئاشکرا لە وتەکانی عەبدولعەزیز یاموڵکی، شێخ مەحمود، شێخ ئەحمەدی بارزان دا دەردەکەوێت. دەرەنجام کوردایەتی و ئیسلامی کوردی دەکەونە یەک سەنگەر و هەردووکییان مەترسی لەناوچوون و ئەسیمیلە بوون و تاوانەوەیان دەکەوێتە سەر. لێرەوەش ئیسلامی کوردی سروشتێکی بەرهەڵستاکارانە پەیدا دەکات و دەبێتە بەشێکی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانی و لەگەڵ سرووشتی عەلمانی و تەنانەت چەپگەرایی ناسیونالیزمی کوردی دەسازێت. دەرەنجام، سیمبۆلەکانی ئیسلامی کوردی لەبری ئەوەی ببنە سیمبۆلی جوڵانەوی ئیسلامی یان ببنە پردی نێوان کورد و عەرەب و هۆکاری تاوانەوەی کورد لە ناو ئەو نەتەوەیەدا یان لە ناو ئیسلامی بنچینە-عەرەبیدا، ئەوان دەبنە پێشەنگ و ڕابەری جوڵانەوی ڕزگاریخوازی کوردستان. دەرەنجام لێک ترازان و دوورکەوتنەوەیەک لە نێوان کوردایەتی و ئیسلامی بنچینەدا ڕوودەدات، کە لەم چەند نموونەی خوارەوەدا بەئاشکرا دەبینرێت:
یەک: دوورکەوتنەوە لە سیمبۆلەکانی ئسیلامی بنچێنە و سوود وەرگرتن لە سیمبۆلەکانی پێش ئیسلام لەوانەش ئالای کوردستان و سروودی نیشتیمانی (ئەی ڕەقیب) و ڕۆژی نیشتیمانی (نەورۆز) لە سەردەمی قازی محەمەد دەبنە سێ پایەی بونییادنانی نەتەوە و سێ سیمبۆلی هەمیشە زیندووی ناسیونالیزمی کوردی و لەهەمان کاتیشدا سێ نموونەی دوورکەوتنەوەی ئیسلامی کوردی و کوردایەتی لە ئیسلامی بنچینە-عەرەبی. لە ئالای کوردستان دا رۆژی مادد و زەردەشتییەکان جێگەی ئەستێرە و هیلالی ئیسلامی-عەرەبی دەگرێتەوە و لە سروودی نیشتیمانیشدا کورد نەوەی سەعد و قەعقاع نییە، بەڵکو نەوەی میدییاو کەیخوسرە و لە ڕۆژی نیشتیمانیش دا بنەچەی کورد دەگەڕێتەوە بۆ پێش پەیدا بوونی ئیسلام و سەرکەوتنی ماددەکان نەک غەزوی عەرەبە موسوڵمانەکان بۆ سەر کوردستان.

ئاڵای جەزائیر ئاڵای تورکیا ئاڵای پاکستان

ئاڵای کوردستان ئاڵای عێڕاق
دوو: هەر لە دامەزراندنی کۆمەڵەی کوردی لە سەردەمی شێخ عوبەیدوڵڵا لە ساڵی ١٨٧٩ تا درووستبوونی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٨ هەموو جوڵانەوە وپارتە سیاسییەکانی کوردستان ئاراستەیەکی عەلمانییان هەبووە لەوانەش:
کۆمەلەی کوردی بەڕابەرایەتی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری ١٨٧٩-١٨٨٠
جەمعییەتی تەعالی کوردستان ١٩٠٨
خۆییبوون ١٩٢٧-١٩٣٠
کۆمەڵەی نیشتیمانی ١٩٣٠
حیزبی هیوا ١٩٣٩
حیزبی ڕزگاری ١٩٤٤
کۆمەلەی ژێ کاف ١٩٤٣
پارتی شٶڕشگێری کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان ١٩٤٦
کۆمەلەی رەنجدەرانی کوردستان ١٩٧٠
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ١٩٧٥
بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان ١٩٧٦
پاسۆک و زەحمەتکێشان و پارتی گەل
هەموو ئەو پارتانە جگە لەوەی ئاراستەی عەلمانییان هەبووە، لە دوای حیزبی هیواوە تا ئەنفالەکان هەموو ئەو حیزبانەی دامەزراون مەیلێکی مارکسی و چەپییشییان هەبووە.
سێ: بە ئەدەبیات کردنی زمانی کوردی لەجیاتی پەیوەست بوون بە زمانی عەرەبی وەک زمانی پیرۆزی قورئان نموونەیەکی تری ئەو دوورکەوتنەوەیە. نووسین بە زمانی کوردی وەک گرنگترین سیمبۆلی نەتەوەیی کورد، داهێنەری حوجرەکانە و ناودارترین شاعیرانی کورد کە بەکوردییان نووسیوە دەرچووی حوجرەکانن: لەوانەش جەزیری و حەریری و باتەیی و خانی و نالی و سالم و مەحوی و پیرەمێرد و قانیع، هێمن هەژار هتد.
چوار: تێکەڵ بوون بە جوڵانەوەی یەکسانی خواز نموونەیەکی تری دوورکەوتنەوەی سیمبۆلەکانی ئیسلامی کوردییە لە ئیسلامی بنچینە-عەرەبی. زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بگوترێت زانایانی ئایینی دەرچووی حوجرەکانی کوردستان بەرادەیەک تێکەڵ بە کۆمەڵگای کوردەواری ببوون کە ئامادەبوون تێکەڵ بە جوڵانەوەی یەکسانیخواز و چینایەتی کوردستانی ببن. بە ڕێکەوت نییە مەلا شەریف ڕەنگەڕێژی کە مەلایەکی کوردی دەرچووی حوجرەکانی کوردستان بوو دەبێتە یەکەم کورد کە پەیوەندی بکات بە حیزبی شوعی عێڕاقییەوە و یەکەم کوردیش بوو کە بوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەو حیزبە و بەهائەددین نووریش مەلایەکی تری حوجرەکانی کوردستان دەبێتە یەکەم سکرتێری کوردی حیزبی شوعی و مەلا ئەحمەد بانیخێڵانیش دەبێتە یەکەم سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی هەرێمی کوردستانی هەمان حیزب. نموونەگەلی تر کە ڕۆڵی بەرچاوییان هەبووە لە بزاڤی چەپی کوردستانیدا بریتین لە نافیع یونس کە کورە مەلایەکی بەناوبانگی هەولێر بوو دەبێتە خاوەنی ئیمتیازی رۆژنامەی ئازادی کە زمان حاڵی لقی کوردستانی حیزبی شوعی بوو، دوو کورە مەلای تریش سالح حەیدەری و جەمال حەیدەرین کە دامەزرێنەری پارتی شۆرش یان کۆمونیستی کوردستانن و سالح حەیدەری بوو بە سکرتێری ئەو حیزبەش. دواجاریش، بەناوبانگترین کەسایەتی ئایینی کوردستانی رۆژهەڵات شێخ عیزەددینی حوسێنی دەبێتە پشتیوانی مەعنەوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان. جگە لەوەش، هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی قازی محەمەد و پارتی دیموکراتی کوردستانی مەلامستەفا بارزانی لە برگەی زەمەنی جیاوازو بەرادەی جۆراوجۆر مەیلی چەپییان هەبووە.
پێوەندی ئیسلامی کوردی و ئیسلامی عەرەبی:
پێوەندی نێوان ئیسلامی کوردی و ئیسلامی فەرمی یان ئیسلامی عەرەبی زیاتر پەیوەندییەکی ناکۆک یەکتر ڕەتکردنەوە بووە. ئەم یەکتری ڕەتکردەوەیە قوڵاییەکی مێژوویی هەیە و زۆرجار لەلایەن تورک و عەرەبە موسوڵمانەکان وەک بێ باوەر تەماشای کورد کراوە. بۆ نموونە حەدیسێکی پێغەمبەر لەسەدەکانی ناوەڕاست دا باو بووە لەناو خوێندەوارانی ناوچەکەدا کە شەرەفخانی بەدلیسی لەکتێبەکەی مەولانا سەعدەدینی مامۆستای سوڵتان مورادی عوسمانی وەریگرتووە و لە لاپەڕە ١٧ی شەرەفنامەکەیدا باسی کردووە. بەگوێرەی ریوایەتەکە: جارێکییان کوردێکی زەبەلاحی دزێو سەردانی پێغەمبەر دەکات و پێغەمبەر لە بینینی ئەو دەترسێت و لە کابرا دزێوەکە دەپرسێت زەلام تۆ کوێندەریت، ئەویش لەوەڵام دا بەحورمەتەوە دەڵێت خۆشەویستی خوا من کوردم. پێغەمبەریش دەست بۆ ئاسمان بەرز دەکاتەوە و لە خوا دەپاڕێتەوە کە قەت کورد یەکگرتوو نەبن، چونکە ئەگەر یەکگرتووبن و دەوڵەت پێک بێنن ئەوا دونییا وێران دەکەن. ڕاست و درووستی حەدیس و ڕووداوەکە هەرچییەک بێت، بابەتی ئەم باسەم نییە، مەبەست تێڕوانینی نەتەوە موسوڵمانەکانی دەوروپشتە لەسەر ئیسلامێتی کورد. نموونەیەکی تر، پەندێکی باوە کە لە ناو هەموو نەتەوەکانی ناوچەکەدا هەیە کە دەڵیت تەنها لەگۆر گاوران کورد موسولمانن. هەر بەم ئاقارەدا، هەڵبژاردنی چەمکی ئەنفال بۆ شاڵاوی جینۆساید و بەسوتماک کردنی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی عێڕاقەوە لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و وێران کردنی حوجرە و تەکییە و خانەقاکانی کوردستان لەلایەن سوپای عێڕاقییەوە لە چوارچێوەی هەلمەتی قەتڵوعامی کوردان دا دەکرێت لەو چوارچێوەیەدا لێکبدرێتەوە.
سیاسەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەرهەق بە ئیسلامی کوردی:
دەوڵەتانی ناوچەکە و ناسیونالیزمی عەرەبی و بزووتنەوە ئیسلامگەراکان پرۆژەی تاواندنەوە و ئەسیمیلە کردنی نەتەوەی کوردی و ئیسلامی کوردی هەبووە و هەیە لە ناو کەلتوور و ناسنامەی عەرەبی و ئیسلامی-عەرەبیدا. پرۆژەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بەتایبەت عێراق و ئیسلامی فەرمی بۆ ئەسیمیلە کردن و تاواندنەوەی ئیسلامی کوردی دەکرێت بۆ چوار فەیس پۆلێن بکرێن:
یەکەم : هەوڵی سوود وەرگرتن لەخودی ئیسلامی کوردی بۆ لاواز کردنی جوڵانەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی عێڕاق و بەریتانییا بەکار هاتووە بۆ لاواز کردنی جوڵانەوەی ناسیونالیستی کوردستانی لەوانەش لە ساڵانی ٣٠یەکان عێڕاقیەکان شکستخواردوانە ویستیان کە دین و چەمکی برایەتی ئاینی بۆ بە عێڕاقی کردنی کورد بەکار بێنن. لەو بڵاوکراوانەی کە لە شارەکانی کوردستان دا بڵاو دەکرانەوە، کوردستان وەک بیلادی ئیسلامی و عێڕاقیش وەک دەوڵەتی ئسیلامی پێناسە دەکرا، داگیر کردنی کوردستانیش لەلایەن عێڕاقەوە وەک یەکگرتنەوەی دوو بیلادی ئسیلامی لەقەڵەم دەدرا. زۆرجاریش رابەرانی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد لەلایەن دەزگا موخابەراتی و ڕاگەیاندنەکانی دەوڵتی عێڕاقی (بەتایبەت لەسەردەمی مەلەکییەتدا) وەک ماسۆنی و لەدین لادەر لەقەڵەم دراون.
دووەم فەیسی سیاسەتی دەوڵەتی عێڕاقی بەرامبەر ئیسلامی کوردی ئەسیمیلە کردنی ئیسلامی کوردی و لاواز کردنی: جێگرتنەوەی خوێندن لە مەدرەسە و حوجرە کودییەکاندا بە پەیمانگا و زانکۆ کوردییەکان. لە ١٩٥٠کانی سەدەی ڕابردوودا یەکەم پەیمانگای ئیسلامی لە کوردستان لەهەڵەبجە دەکرێتەوە
کڕۆکی پڕۆژەی دەوڵەتی عێڕاقی ئەسیمیلە کردنی کۆمەڵگای کوردی بووە لەناو فەرهەنگ و کەلتوور و "ئیسلامی عەڕەبی" دا. سیستەمی پەروەردەی عێڕاق بەگشتی و ماددەی دین کە هەر لە یەکی سەرەتاییەوە تا قۆناغە باڵاکان خراوەتە بەرنامەکانی خوێندن و کۆلیژەکانی شەریعەت و پەیمانگا و دامەزراوە ئایینی یە حکومییەکان و کۆلیژی یاسا و دامەزراوەکانی فێربوونی زمانی عەڕەبی، کاریگەرترین دامەزراوەی دەوڵەتی عێڕاق بوون لەو پرۆسەیەدا. بۆ نموونە، لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لە لایەن دەوڵەتی عێڕاقەوە یەکەم پەیمانگای ئیسلامی لە کوردستان لە هەڵەبجە دادەمەزرێت. لە هەمان دەیەدا، دوو لە یەکەم مامۆستایانی ئەو پەیمانگەیە، مەلا عوسمان و مەلا عەلی عەبدولعەزیز دەبنە یەکەم ئەندامی کوردی حیزبی ئیسلامی عێڕاقی و دوای سی ساڵیش دەبنە دامەزرێنەر و ڕابەری گشتی یەکەم پارتی ئیسلامی لە کوردستان. سەرەنجام، زۆرینەی رەهای سەرکردەکانی پارتە ئیسلامییەکان یان خەڵکی هەڵەبجەن، یان دەرچووی کۆلیژەکانی شەریعەتی سەر بەدەوڵەتن. لەوانەش جگە لە بنەماڵەی عەبدولعەزیز بەڕێز سەلاحەدینی ئەمینداری یەکگرتووش خەڵکی هەڵەبجەیە، وە بەڕێزان عەلی قەرەداغی سەرۆکی ڕابیتە، مەلا کرێکاری ئەمیری ئەنسار، وە عەلی باپییری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیش دەرچووی کۆلیژەکانی شەریعەتن. بەمجۆرە دەوڵەتی عێڕاقی لە پرۆسەیەکی دوورو درێژی دەیان ساڵەی ئەسییمیلە کردنی ئیسلامی کوردی لەناو ئیسلامی فەرمیدا توانی هێندە کاریگەری لە کوردستان جێبهێڵێت و بەشی ئەوە ماتریاڵی مرۆیی پەیدا بکات کە 'بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان' وەک یەکەم پارتی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٨٨ دابمەزرێت. ئەم بزوتنەوە ئیسلامییە لەژێر کاریگەری ئیسلامی بنچینە-عەڕەبیدا، لە بری گەڕانەوە بۆ تێز و تێڕوانینی سیمبۆلەکانی ئیسلامی کوردی لەبابەتی نەهری و نەورەسی و پیران و خاڵ، رابەرانی ئەم حیزبە لایەنگراییان گۆشدەکرد بە تێز و هزری سیمبۆلەکانی ئیسلامی بنچینە کە نامۆن بەکۆمەڵگای کوردەواری لەبابەتی تێزەکانی عەبدولوەهاب
به‌روار:  12/07/2020
1247   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1054
کۆی سه‌ردان:   29264638