سەرۆکی شارەوانی سیئۆل خۆی کووشت ‼


🔻 دوای خۆكوشتنی وەسێتنامەیەكی بۆ كچەكەی بەجێهێشت
(درەو):
دوای رۆژێك لە تۆمەتباركردنی بە دەستدرێژی سێكسی بۆسەر یەكێك لە سكرتێرەكانی، بارك وون سون سەرۆكی شارەوانی سیئولی پایتەختی كۆریای باشور خۆی كوشت.
بەرپرسانی كۆریای باشور ناوەڕۆكی وەسێتنامەیەكی سەرۆكی شارەوانی پایتەخیان ئاشكراكرد بۆ كچەكەی بەر لەوەی خۆی بكوژێت.
لە وەسێتنامەكەدا، سەرۆكی شارەوانی سیئول داوای لێبوردن لە خێزانەكەی‌و خەڵكی وڵات دەكات‌و باسلەوەدەكات هەست بە تاوان دەكات بەرامبەر بە خێزانەكەی بەوەی كە ئازاریداون، هەروەها داوا دەكات تەرمەكەی بسوتێنرێت‌و خوڵەمێشەكەی بكرێت بەسەر گڵكۆی دایك‌و باوكیدا.
هێزە ئەمنییەكان لە پرۆسەیەكی گەڕان‌و پشكنینی بەرفراواندا كە سەدان پۆلیس بەشداری تێدا كرد، تەرمی بارك وون سون-یان لە یەكێك لە بەرزاییەكانی باكوری سیئولی پایتەخت دۆزیەوە، لەنزیك ئەو شوێنەی كە بۆ دواینجار ئاماژەی تۆڕی موبایلەكەی بینیراوە.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو مەراسیمی پرسە بۆ سەرۆكی شارەوانی سیئول بەڕێوەبچێت، ژمارەیەك لە بەرپرسانی سیاسی وڵات‌و چالاكوانان وەكو رێزێك سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەیان كرد كە تەرمی سەرۆكی شارەوانی تێدا هەڵگیراوە.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی كۆریای باشور، یەكێك لە سكرتێرەكانی سكاڵای لەسەر بارك وون سون تۆماركردووە‌و تۆمەتباری كردووە بەوەی ماوەیەكی دورودرێژە روبەڕووی دەستدرێژی سێكسی دەبێتەوە لەلایەن سەرۆكی شارەوانییەوە.
رۆژی پێنج شەممە بارك وون سون نەچوە بۆسەر كارەكەی لە شارەوانی، كچەكەی پەیوەندی بە پۆلیسەوە كردووەو ئاگاداری كردوون لەوەی باوكی نادیارە.
بارك وون سون لە ساڵی 2011وە وەكو سەرۆكی شارەوانی سیئۆلی پایتەخت هەڵبژێردرا، ئەو یەكێك لە چالاكوانە مەدەنییەكان‌و هاوكات پارێزەرێكی دیاری بواری مافەكانی مرۆڤ بوو، بەهۆی پێگە كۆمەڵایەتییەكەیەوە ساڵی رابردوو بۆ جاری سێیەم وەكو سەرۆكی شارەوانی پایتەخت هەڵبژێردرایەوە.
بارك وون سو ئەندامی پارتی دیموكراتی لیبڕاڵی بوو كە سەرۆك مون جای ئین سەرۆكایەتی دەكات، زۆر كەس پێشبینییان دەكرد بارك وون بۆ هەڵبژاردنی 2022 كاندیدی لیبڕاڵەكان بێت‌و وەكو سەرۆك بگاتە كۆشكی شین.
به‌روار:  10/07/2020
865   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   773
کۆی سه‌ردان:   29238475