چەند سەرنجێک لەسەر دەروێش و تەریقەتەکان


ئەم دەروێشانە برا و کەس و کاری ئێمەن، دەبێت رێزیان لێبگیرێت و وەک خۆیان قەبوڵ بکرێن و لەهەمووشی گرنگتر لێیان تێبگەین. ئەم چەند سەرنجەی خوارەوە بۆ ئەو مەبەستەیە.
یەکەم:
فۆرمی ئیسلامی تەریقەتی بەهەردوو شێوازە دەروێشی و سۆفییەکەیەوە کە لە قادری و نەقشبەندیدا رێکخراون، فۆرمە ئەسڵ و رەسەنەکەی ئیسلامی کوردییە، بۆ چەندان سەدە ئاوێتەی کەلتور و شیوازی ژیان تارادەیەکی زۆریش رۆحی کوردی بووە.
دووەم:
هەتا دەیەی پەنجاکانی سەدەی رابردووش، زۆرینەی ماڵباتە کوردییەکان سەر بە یەکێک لەو دوو تەریقەتە بوون. وەک د. مارف خەزنەدار دەڵێت، جار هەبووە مێرد سەر بە تەریقەتێک و ژنیش سەر بە تەریقەتێکی تر بووە.
سێیەم:
سیاسەتی دەوڵەتی عێراقی، دیارە ئێران و تورکیاش هەروا، بەرامبەر تەریقەتەکان لەسەر دوو پایە بووە: لێدان و ئیحتیواکردن. لێدان بەمەبەستی لێدان و پاشەکشە پێکردنی رۆح و کەلتوری کوردی لە رێگەی هێنانە پێشەوەی فۆرمە دەوڵەتی/عەرەبییەکەی ئیسلام بە هەرسێ ئاراستە سەلەفی و جیهادی و ئیخوانییەکەیەوە. فۆرمی دەوڵەتی/عەرەبی ئیسلام فۆرمێکی هاوردە و نامۆیە بە کۆمەڵگای کوردی و دەوڵەتی عێراقی لە چلەکانی سەدەی رابردوو وەک سەرەتایەک بۆ ئەسمیلاسیۆنی کورد و پاشەکشەی جوڵانەوەی کوردی هێنایە ناو کۆمەڵگای کوردی. سەرانی حکومەتی کوردیش زیاتر هاوکاری ئەم فۆرمە هاوردەی ئیسلام بوون و تا رادەیەکی زۆر جێگای بە فۆرمە کوردییەکەی ئیسلام لەق کردووە.
چوارەم:
پەیوەندی دەروێش یان سۆفی بە شێخەوە، پەیوەندییەکی خۆبەخشانەی رۆحییە و بەدەرە لە بەرژەوەندییە مادی و دونیایی و سیاسییەکان. رەنگە شێخ کۆمەڵێک بەرژەوەندی مادی و دونییایی دەست بکەوێت. رەهەندی بەرژەوەندی و دونیاخوازییەکەی شێخەکان زیاتر لە دوای هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی میرنشینی و حوکمی راستەوخۆی تورکەکان لەکوردستاندا هاتە ئاراوە و لەسەردەمی داگیرکاری عێراقیشدا گەییشتە چڵەپۆپە و شێخ محەمەدی کەسنەزانی نموونەیەکی زەقە. بەڵام بۆ دەروێش و سۆفی جگە لە رایەڵەی رۆحی هیچ بەرژەوەندییەکی مادی و دونییایی لە تەریقەتەکەیدا نییە. ئەمەش رێک پێچەوانەی فۆرمە هاوردەکەی سەلەفی-ئیخوانی-جیهادییە.
پێنجەم:
سیمبۆلەکانی دەروێشی و تەسەوفی، چ لە جل و بەرگ و چ لە سیما و روخساردا نامۆ نین بە رۆح و دەرونی کوردییەوە درێژکراوەو رۆچووی ناو مێژوو و کەلتوری کوردییە، کە پێچەوانەی حاڵەتە سەلەفی و جیهادی و ئیخوانییەکەیە.
شەشەم:
رەگەزە سەرەکییەکانی تەقوسی عیبادەت لە فۆرمی تەریقەتیدا هەموویان کوردین، کە بریتین لە سەما (هەڵقەی زیکر) -گۆرانی (زیکر بەکوردی) -مۆسیقا (دەف). ئەم شێوازەش کورداندنی عیبادەتە.
حەوتەم:
مێژووی تەریقەتەکان لە کوردستاندا، مێژووی لێبووردەیی و پێکەوە ژیانبووە، هەم لێبوردەیی لەگەڵ ئەندامانی هەمان تەریقەت و غەیرە تەریقەتدا و هەم تەنانەت لەگەڵ ‌غەیرە موسوڵمانەکانیشدا. هەر یەک لە شێخ عوبەیدوڵای نەهری و شێخ ئەحمەدی بارزان وەک شێخی موسوڵمان و کریستیان ناسراون. لەو روانگەیەوە، مێژووی تەریقەتەکان، پێچەوانەی مێژووی ئیسلامی دەوڵەتی کەمترین ریکۆردی شەڕ و خوێنرشتنی هەیە لەگەڵ گروپ و لایەنە غەیرە تەریقەتی و غەیرە دینییەکان. تەنانەت ئەو شمشێر و زورگ و تیغانەی کە دەروێشەکانی تەریقەت بەکاری دێنن، بۆشەڕ نییە و بەڵکو بۆ خۆ ئازاردانە، وەک بەشێک لەسەفای رۆحی.
ئارام ڕەفعەت
به‌روار:  10/07/2020
1373   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   256
کۆی سه‌ردان:   29220935