9پێگەی سەربازیی و 3 ڕاداری تورک لە لیبیا تێکشکێندران

هێرشی ئاسمانی سوپای نیشتیمانی لیبیا بۆ سەر سیستمی بەرگری تورکیا، زیانی زۆری لە تورکیا داوە و بەهۆی هێرشەکەوە نۆ پێگەی سەربازیی و سێ راداری سیستمی بەرگری تورکیا تێکشکێندران.

سوپای نیشتیمانی لیبیا ڕایگەیاند، ئەوان لە شەڕێکی حەقیقیدان لەگەڵ تورکیا، چونکە تورکیا چاوی بڕیوەتە سامانی نەوتی وڵاتەکەیان.

ئەگەرچی ماوەیەک بوو حکومەتی لیبیان بە پشتیوانی سەربازیی تورکیا لە پێشڕەویدا بوو دژی سوپای نیشتیمانی ئەو وڵاتە، بەڵام هێرشەکەی سوپای لیبیا گورزی توندی بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا گەیاندووە.

ئەو هێرشە ئاسمانیانەی بەر لە چەند ڕۆژێک سوپای نیشتیمانی لیبیا کردیە سەر بنکەی سەربازیی (ووتیە)، زیانی زۆری بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی جێگیرکراوی تورکیا لەو سەربازگەیە گەیاند و خودی دەسەڵاتدارانی تورکیاش لەسەر زاری خڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری ئەو زیانانەیان نەشاردووەتەوە.

لای خۆشیەوە فەرماندەیەکی سوپای نیشتیمانی لیبیا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو گورزەی لە پێگەکانی تورکیایان وەشاندووە، سەرەتایەکە بۆ وەشاندنی گورزی توندتر لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەسەر خاکی لیبیا کە چاویان بڕیوەتە سامانی نەوتەکەی.

ئەو هێرشانەش کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی بە ئاگا هێنایەوە و بێزاریی کردووە، بریتبوون لە ٩ هێرشی ئاسمانی و بەهۆیەوە ٩ پێگە خاپورکران کە ٣ ڕادارییش بە تەواوەتی تێکشکێندران.

سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکەی تورکیا لە جۆری (هۆک) و (کۆڕال) بووە، کە تورکیا پێش چەند ڕۆژێک لە بۆردومانەکە، لە بنکەی سەربازیی (ووتیە) جێگیری کردبوون.

جگە لە زیانگەیاندن بە کەلوپەلە سەربازییەکان، هێرشەکان زیانی گیانیشی بەدواوە بووە و بەپێی زانیارییەکان دوو فەرماندەی باڵای هەواڵگریی تورکیا لەناو بنکە سەربازییەکەدا کوژراون و ژمارەیەکی تریش برینداربوون.

ئەوە جگە لەوەی ٨٠%ی بنکە سەربازییەکە خاپور بووە، وەک دەوترێت ئەوە پەیامێکی سوپای نیشتیمانی لیبیایە بە فەرماندەیی لیوای خانەنشین خەلیفە حەفتەر بۆ تورکیا بەوەی پێشێلکردنی سەروەریی لیبیا هێڵێکی سورە.

هەروەها هێرشەکە لە کاتێکدایە شاندێکی تورکی کە وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەستەی سوپاسالاری تورکیای لەخۆگرتبوو، سەردانی شاری تەڕابلوسیان کردووە و پشتیوانی تورکیایان بۆ فایز سەڕاج سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لیبیا دووپاتکردەوە، بەڵێنیشیان پێداوە هێزی تورکیا لە ناوچەکە فراوانتر بکەن.
ئێن ئاڕتی
به‌روار:  06/07/2020
744   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1012
کۆی سه‌ردان:   29235919