100 جەندرمەی تورک لەحەفتانین کوژراوە و شەڕ بەردەوامە.
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندی دەرەوەی کەجەکە، ئاماژە بەوەدەکات، کە لە هەفتانین و خواکورک، بە درێژایی ٣٠٠ کیلۆمەتر شەڕ لەنێوان گەریلا و سوپای تورک هەیە، دەشڵیت: بەپێی ئامارەکانی هەپەگە هەتا ئێستا ١٠٠ سەربازی تورک لەو شەڕەدا کوژراون، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە گەریلا لەناو خەڵکدا نامێنێتەوە و هەرێمی خۆی هەیە، دەوڵەتی تورک بە مەبەست هاوڵاتیان بۆردوومان دەکات.

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندی دەرەوەی کەجەکە، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا، ئاماژەی بە ئامانجی هێرشی دەوڵەتی تورک کردووە بۆسەر باشوری کوردستان.

"بەدرێژایی ٣٠٠ کیلۆمەتر شەڕ هەیە"

زاگرۆس، لە لێدوانەکەیدا لەسەر ئەو ناوچانەی شەڕی تێیدایە دەڵێت: ئێستا لە هەرێمی حەفتەنین کە سێگوشەی سنووری تورکیا و سوریا و عێراقە و هەروەها هەرێمی خواکۆرک کە سێگوشەی تورکیا و عێراق و ئێرانە بە درێژایی 300 کیلۆمەتر لەو هەرێمانەدا شەڕ لە نێوان هەڤاڵان و سوپای تورکیادا بەردەوامە، سوپای تورکیا بە هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنی و تەکنەلۆژیای مودێرن هێرش دەکاتە سەر سروشت و گەلی کورد و گەریلاکان دەکاتە ئامانج کە لە چوارچێوەی پلانی گشتی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیادایە کە دەخوازێ دەسەڵاتێکی عوسمانی نوێ لە هەرێم دروست بکات.

"هەڤاڵانی ئێمە لەناو خەڵکی سڤیلدا نامێننەوە و هەرێمی خۆیان هەیە"

زاگرۆس هیوا، لەبارەی بۆردوومانکردنی هاوڵاتیانی باشوری کوردستان لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە بەبیانووی بوونی پەکەکە دەڵێت: گەریلاکان لەنێو خەڵکی سڤیلدا بەشێوەیەکی بەردەوام نامێننەوە و ئەو شوێنانەی، کە سڤیلەکان دەبنە ئامانج گەریلاکان لەوێ نین، بەڵکو لەناو هەرێمەکانی خۆیاندا دەمێننەوە، بەڵام ئامانجی تورکیا بۆ سەر خەڵکی سڤیل ئەوەیە کە فشارێک لەسەر دەسەڵاتی باشوری کوردستان دروست بکات و گەلی کورد بترسێنێت و ناکۆکی لە نێوان پەکەکە و هێزەکانی تری باشوری کوردستان و گەلی کوردستان دروست بکا.

"ئامانجی هێرشەکەی تورکیا پەکەکە نییە"

ناوبراو ئامانجی هێرشەکەی دەوڵەتی تورکی بۆ باشوری کوردستان شیکردووەتەوە و دەڵێت: هێرشەکانی ئێستای تورکیا بەشێکن لە پلانێکی فراوانتری تورکیا بۆ سەرلەنوێ زیندوکردنەوەی دەسەڵاتی عوسمانی و خەلافەت و داگیرکردنی ئەو هەرێمانەی کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا بوون، تورکیا دەیەوێ دیموگرافیای ناوچەکە هەمووی بگۆڕێت و ئیسلامێکی سونی لە هەرێمدا زاڵ بکات، بۆیە ئامانج لێی پەکەکە نییە، ئەو هێرشانە بەشێکن لە پلانێکی فراوانتر بۆ داگیرکردنی ویلایەتی حەلەب لە سوریا و ویلایەتی موسڵ لە عێراقدا، گەریلاکان لەسەر ناوی گەلی کورد و عەرەب و کریستیانەکان و گەلانی هەرێم لە دژی داگیرکاریەکانی تورک بەرخۆدان دەکەن.

"زیانی گەریلا کەمە"

زاگرۆس هیوا، لەسەر زیانی سوپای تورک و گەریلا لە هێرشە داگیرکارییەکەی دەوڵەتی تورک-دا دەڵێت: لەو هێرشانەی ئەو دواییانەدا زیانەکانی گەریلاکان کەمن، چونکە گەریلاکان خۆیان نوێکردووەتەوە و بەشێوازێکی مودێرن و سەردەم خۆی ڕێکخستووە، ئەگەر دەوڵەتی تورک هاتبێت و هەندێک شوێنیشی گرتبێت گەریلاکانیش لەو شوێنانە هەن و لە سەربازەکانی تورکیا دەدات، بەپێی ئامارەکانی هەپەگە تا ئێستا نزیکەی 100 سەربازی تورکیا کوژراون و چەندین سەربازی تریش بریندارکراون.

"گەریلا هێزی پاراستنی کوردستانە"

لەوەڵامی ئەو کەس و لایەنانەی دەڵێن بۆ پەکەکە لە خاکی هەرێم ناڕواتە دەرەوە، زاگرۆس هیوا دەڵێت: گەریلا هێزی پاراستنی گەلی کوردستانە، لەهەر شوێنێک هێرشی قڕکردن لەسەر گەل هەبێت دەیپارێزن، لەباکور بێت یان باشور جیاوازی نییە، ئەوەی کە پێویستە دەربچێت دەوڵەتی تورکیایە، کە داگیرکەرە و سنووری بەزاندووە و یاسای نێودەوڵەتی پێشێلکردووە، زیاتر لە 100 کەسی مەدەنی کوشتووە و لەهەر شوێنێک دەوڵەتی تورکیا هێرشی سەر گەلی ئێمە بکات ئامادەین گەلی خۆمان بپارێزین، ناکۆکی زۆر لە نێو ئەو لێدوانانەدا هەیە و ئێمە هێزێکی کوردستانین و گەلی کورد دەپارێزین باشترە کە ئەو هێز و کاربەدەستانە بە تورکیا بڵێن کێشەکانی کورد لەناو تورکیادا بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکەن، هێرشی سەر خاکی باشوری کوردستان نەکەن، ئەو کێشانە لە باکوری کوردستان سەرچاوەی گرتووە پێویستە دەوڵەتی تورکیا کێشەکان لەنێوخویدا چارەسەر بکات، پێویستە بەو لێدوانانە ڕەوایەتی زیاتر بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان نەدرێت.

"هێرشەکان بە هەماهەنگی تورکیا و ئێران دروستبووە"

سەبارەت بە هەڵوێستیان لەسەر هێرش و بۆردوومانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان کە بەو هۆیەوە چەندین کەس گیانی لەدەستداوە و توشی زەرەر و زیانێکی زۆری ماڵیش هاتوون دەڵێت " هەر وڵاتێک هێرشی سەر هەرێمی کوردستان بکات ئێمە شەرمەزاری دەکەین و هەڵویستمان هەبووە و ئەو هێرشەی کە ئێستاش دەکرێت بەهەماهەنگی لەنێوان تورکیا و ئێران دروست بووە چونکە ئێرانیش لەسەر سنوور ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لە دژی هێزە ئازادیخواز و شۆڕشگێڕەکان دەستپێکردووە.

د.ع
ڕۆژ نیوز
به‌روار:  27/06/2020
1492   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   503
کۆی سه‌ردان:   29230156